كەمی رێژەی ئاسن تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكات

:: PM:05:37:16/07/2017 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات كە دابەزینی ئاستی مادەی ئاسن لە لەشدا رەنگە ببێتە هۆكاری تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەكانی دڵ، ئەوەش دوای ئەوەی توێژینەوەكانی پێشوو ئاماژەیان كرد كە رێژەی ئاسن لە لەش پێوەندی بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێندا هەیە.

دیبەندەر جیل پزیشكی نەخۆشییەكانی دڵ لە زانكۆی ئیمپریال كۆلێج لە لەندەن لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە توێژینەوەكانی پێشتر گەیشتبوونە ئەو ئەنجامەی كە پێوەندییەك هەیە لە نێوان ئاستی ئاسن لە لەش و نەخۆشییەكانی دڵ، بەڵام نەتوانرا كە ئەو حاڵەتە دوور لە تێكەڵی هۆكارەكانی تر و وردتر دیاری بكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو توێژینەوەی لە بڵاوكراوەی خولی رەقبوونی خوێنبەرەكان و مەیین و زانستی لوولەكانی خوێن بڵاو كراوەتەوە، پشتی بە گۆڕانكارییەكانی جینی لە بری ئاسن بەست و دەری خست كە بەرزی رێژەی ئاسن لە لەشدا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمتر دەكاتەوە و بە پێچەوانەشەوە دابەزینی رێژەكەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكە زیاتر دەكات. 

توێژەران زانیاری بۆماوەیی 48 هەزار كەسیان بۆ دیاریكردنی كاریگەری گۆڕانكاری جینی بۆسەر ئاسن شی كردەوە، توێژەران بۆیان دەركەوت كە كەمبوونەوەی رێژەی ئاسن لە لەشدا پێوەندی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەكانی دڵەوە هەیە.

هەروەها توێژینەوەكان دەریان خستووە كە ئاستی ئاسن لە لەش پێوەندی بە نەخۆشییەكانی خوێنبەری تاجیشەوە هەیە و ئەوەش مانای ئەوەیە كە پێویستە گرنگی بە هاوسەنگی رێژەی ئاسن لە لەشدا بدرێت، كە رەنگە ئەوەیان یەكەم هێڵی بەرگری بێت بۆ لەش لە بەرامبەر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵەوە.  

سەرچاوە: یەوم ئەلسابع





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل