ئەمڕۆ لە هەڵمەتێكدا دوو كچی تری ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگاركراون و ئەوان گەیشتنەوە شاری دهۆك لە نێو كەسوكارەكانیاندا.
حوسێن قائیدی بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركراوەكانی ئێزدی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ، راگەیاند ، ئەمرۆ 16ی تەمووز دوو كچی تری ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگاركراون و گەیشتنەوە شاری دهۆك و رادەستی كەسوكارەكانیان كرانەوە.
زیاتر گوتی، ئەو دوو كچە بەناوەكانی "زەینەب" و "نازدار" بوون كە تەمەنیان لە نێوان 12 و 13 ساڵان بوو و خەڵكی گوندی "شێخ خدر" بوون كە گوندێكی سەربە شارۆكەی شنگالە، ئەوان ماوەی سێ ساڵە لەژێر دەستی داعشدان و بە هەوڵ و كوششێكی زۆر بە هاوكاری چەند خێرخوازێك توانیمان رزگاریان بكەین، دووپاتی كردەوە كە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبێ تا هەموو رەفێنراوەكانی ئێزدی رزگار دەكرێن.
تا ئێستە نزیكەی سێ هەزار و 300 كەس لە كچ و ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتەی ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگار كراون، بەڵام زیاتر لەو ژمارەیە رزگار نەكراون و تا ئێستە چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری