سەرچاوەیەكی تەناهی عێراق رای گەیاند كە بەرپرسی هەواڵگری ویلایەتی نەینەوای داعشیان لە شارۆكەی شەرگات كوشتووە، فەرماندەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەواش رای گەیاند كە بەمنێزیكانە چوارەم قۆناغی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەست پێ دەكات.
بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان سوپای عێراق توانوویانە ئەحمەد عەزیم بەرپرسی هەواڵگری ویلایەتی كەركووكی داعش لە بەری چەپی شارۆكەی شەرگات لە باكوری سەڵاحەدین بكوژن و زانیاری زیاتری نەدا.
لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا فەرماندەی كردەوەگەلی قادیمون یا نەینەوا رای گەیاند كە چوارەم قۆناغی ئازادكردنەوەی مووسڵ، واتە ئەو ناوچانەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا كە هێشتە بە دەستی داعشەوەن لە شارۆكەی تەلەعفەر و هەردوو شارەدێی عەیازییە و موحەلەبییە، بەمنێزیكانە دەست پێ دەكات.
هەر ئەمڕۆ بەپێی سەرچاوەیەك لە شارۆكەی تەلەعفەرەوە كە بە دەستی داعشەوە ماوە، لە كاتی ئاهەنگی گەوەرەكردنی پلەی سەركردەیەكی داعش، 30 ئەندامی رێكخراوەكە ژەهرخوارد كراون كە پێنجیان گیانیان لەدەست داوە لە نێوانیان جێكری سەرۆكی دیوانی حەسبە كە كەسێكی ئاسیاییە و دوای رووداوەكە داعش رەشبگیری دەست پێ كردووە.
داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشەكانی لە عێراق دەست پێ كرد و توانی رووبەرێكی فرەوانی عێراق داگیر بكات و سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریای هەڵوەشاندەوە و خیلافەتەكەی لە مووسڵ راگەیاند و ئەبوبەكر بەغدادیشی وەك خەلیفە راگەیاند، لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و لە 10ی تەمووز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادكردنەوەی تەواوی شارەكەی لە داعش راگەیاند.