شەڕی مەزەوی لە بەغدا قووڵ دەبێتەوە
میلیشیاكان كوشتوبڕی سوننەكانی بەغدا دەكەن

:: AM:09:31:17/07/2017 ‌
سەرەڕای ئەوەی لە بەغدا بەهۆی ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ، كەشی ئاهەنگگێڕان و خۆشی بەبۆنەی كۆتاهاتنی داعش لە مووسڵ چەند ڕۆژێكە بەردەوامی هەیە، بەڵام لە ماوەی ئەم هەفتەیە تا ئێستە تەرمی 20 هاووڵاتی لەسەر ناكۆكی و قووڵبوونەوەی هەستی مەزەوی بە كوژراوی لە شوێنە جیاجیاكانی بەغدا دۆزراونەتەوە.

ئەفسەرێك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، هێزێكی هاوبەش بەیانی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو تەرمی دوو كەسیان لە گۆڕەپانێكی گشتیی ناوچەی زەعفەرانییەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا دۆزییەوە، ئەو دوو تەرمە شوێنەواری ئەشكەنجە بەسەر جەستەیانەوە بە ڕوونی دیار بوو.

هەروەها گوتی، لە ڕۆژانی دواتریش هێزەكانی پۆلیسی بەغدا تەرمێكی تریان لەسەر شەقامی شام لە باكوری ڕۆژهەڵاتی بەغدا دۆزییەوە، ئەو تەرمە فیشەك بەر سەری كەوتبوو و مەودای تەقاندنی فیشەكەكە لەو كەسە زۆر نزیك بووە و هەرسێ تەرمەكە گەیەنرانە پزیشكی دادوەری بەغدا بۆ لێكۆڵینەوە و گەیشتن بە سەرەداوی تاوانەكان.

سەرچاوەیەك لە پزیشكی دادوەری بەغدا ئاشكرای كرد، لە ماوەی ئەو هەفتەیە لە كەرتی ڕەسافە واتە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، تەرمی زیاتر لە 20 كەس لە ناوچە جیاجیاكان دۆزراونەتەوە و سەرجەم تەرمەكانیش فیشەك لە سەر و ملیان دراوە و شوێنەواری ئەشكەنجە بەسەر جەستەیانەوە دیارە.

هەروەها گوتی، تەواوی ئەو كەسانەی كوژراون خەڵكی پارێزگاكانی باكور و ڕۆژئاوای عێراق، كە بەهۆی بوونی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكانیان بەرەو بەغدا هەڵاتوون، ئێستەش لەلایەن میلیشیاكانەوە دەكوژرێن و دەڕفێنرێن، یان لە بەرامبەر ئازادكردنیان داوای بڕە پارەیەكی زۆر دەكرێت.

ئاماژەی دا، تا ئێستەش ژمارەیەكی زۆر لە تەرمە نەناسراوەكان لە نێو پزیشكی دادوەری ماونەتەوە و كەس نایانناسێتەوە و نازانرێ كێن و كەسیش سۆراغیان ناكات،  هەندێكیش دەزانن كەسەكانیان كوژراوە و تەرمەكانیان لە پزیشكی دادوەرییه، بەڵام بەهۆی ئەوەی میلیشیاكان لە پرسگەی پزیشكی دادوەرین، ناوێرن بێنە پزیشكی دادوەری و داوای تەرمەكانیان بكەنەوە.

لە كۆتادا گوتی، فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە بەغدا ڕۆژانە بەلایەنی كەم چەند تەرمێكی نەناسراوی لە شوێنە جیاوازەكانی بەغداوە پێ دەگات و بەردەوام لێكۆڵینەوەی وردیان لەسەر دەكرێت.




وشە - باز ئه‌حمه‌د