كۆیە 13 پێشمەرگە دووچاری نەخۆشی لیشمانیا بوونە

:: AM:09:51:17/07/2017 ‌

بەرپرسێكی نەخۆشخانەی كۆیە ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە، 13 پێشمەرگەی شارۆكەی كۆیە دووچاری نەخۆشیی لیشمانیا بوونە و چارەسەریان بۆ كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تەمووز، ئارام كەریم لێپرسراوی هۆبەی كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكانی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2017 تا ئێستە 13 پێشمەرگەی دانیشتووی كۆیە لە بەرەكانی جەنگ دووچاری نەخۆشیی لیشمانیا بوونە.

لێپرسراوی هۆبەی كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان دەڵێت، ئەم نەخۆشییە مەترسیدار نییە و سەرجەم ئەو كەسانەی دووچاری بوون، چارەسەریان بۆ كراوە بە پێدانی بوتڵێك "پنتۆستام"ـە كەر هەر نەخۆشێك سێ‌ بۆ چوار جار بەكاری دێنێت و چارەسەر دەبێت.

ئەم پزیشكە دەڵێت، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئێستە 85 حاڵەتی ئەم نەخۆشییە تۆمار كراوە لە سنوورەكەیان و 59یان پێشمەرگەن و 16 هاووڵاتیی سڤیلیش لە شوێنی خۆیان دووچاری بوونە.

نەخۆشیی لیشمانیا یان "حبە بغداد" یەكێكە لەو نەخۆشییانەی لە ڕێی مێشوولە دەگوازرێتەوە كە ئەم مێشوولەیە پێی دەگوترێت مێشوولەی لمی، كەسی تووشبوو برینێك لەسەر جەستەی دروست دەبێت كە بەبرینی كەڕوو ناسراوە.





وشە - رامیار جەواد