رۆناڵدۆ بەشداریی یارییەكانی بەرشەلۆنە و مانچستەر یونایتد ناكات

:: AM:09:52:17/07/2017 ‌

چاوەڕوان دەكرێ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەی پورتوگال بەهۆی وەرگرتنی پشووەكانییەوە بەشداریی هیچ یارییەكی ئامادەكاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ وەرزی داهاتوو نەكات.

رۆناڵدۆ مانگی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال بەشداریی لە یارییەكانی جامی كیشوەرەكانی كردبوو و هەر لەبەر ئەمەشە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید پشووەكانی ئەو ئەستێرەیەی درێژ كردووەتەوە.

یەكێك لەو یارییانەی كە رۆناڵدۆ ناتوانێ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشدار بێت یارییە هەڤاڵینییەكەی كلاسیكۆیە بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری كە بڕیارە رۆژی 30 ئەم مانگە لە هەرێمی فلۆریدا لە وڵاتی ئەمەریكا بێتە ئەنجامدان.

چاوەڕوانیش دەكرێ رۆناڵدۆ نەتوانێ لە یاریی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر یانەكەی پێشووی مانچستەر یونایتدی پاڵەوانی خولی ئەوروپا یاریی بكات كە بڕیارە رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

چەند رۆژێكی كەم پێش یارییەكەی مانچستەر یونایتد، رۆناڵدۆ پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەكانی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوون لە رووی توانای جەستەییەوە لەو یارییەدا بەشدار نابێت، زێدان بڕیاریداوە بەلایەنی كەم ماوەی 10 مەشق و راهێنانی پێ بكات ئینجا بەشداریی یارییەكانی پێ بكات.

چاوەڕوان دەكرێ رۆناڵدۆ بەتەواوی بۆ یاریی چوونی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر یانە ركابەرەكەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا بەشدار بێت كە بڕیارە رۆژی 13ی مانگی داهاتوو لە یاریگەی كامپ نوو بێتە ئەنجامدان.

هەروەها لە یاریی گەڕانەوەی پاڵەوانیەتییەكەشدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی دەكاتەوە كە سێ رۆژ دوای یاریی چوون بەڕێوە دەچێت.

پێشبینیش دەكرێ رۆناڵدۆ بۆ یارییەكانی سەرەتای وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا ئامادەی یاریكردن بێت كە بڕیارە لە 19 یان 20ی مانگی داهاتوودا دەست پێ بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م