عێراق 500 ملیۆن دۆلاری دایە ئێران

:: AM:09:53:17/07/2017 ‌

هۆشەنگ فەلاحیان جێگری وەزیری كارەبا و وزەی ئێران ئاشكرای كرد، عێراق لە چوار مانگی رابردوودا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە قەرزەكانی كارەبای بۆ ئێران گەڕاندووەتەوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ماوەیەكە عێراق رێكتر لە جاران قەرزەكانی دەگەڕێنێتەوە، ئەو ئاماژەی بەوە كرد هێشتا عێراق ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری تر قەرزداری ئێرانە و چاوەڕوانن ئەو بڕە پارەیەشیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

وەزارەتی كارەبای ئێران دەڵێت ئەمە كاریگەری لەسەر فرۆشتنی كارەبا نییە و فرۆشتنی كارەبا بە عێراق بەردەوام دەبێت. ئێران كارەبا بە توركیا، عێراق، پاكستان و ئەفغانستان دەفرۆشێت.

وەزارەتی كارەبای ئێران دەڵێت گرنگی بە پێداویستی ناوخۆی ئێران بە كارەبا دەدەن و ئەگەر پێویست بكات، ئەوا ئاستی فرۆشتنی كارەبا بۆ سفر كەم دەكەنەوە، چونكە بەكاربردن لە وەرزی هاویندا بەرز دەبێتەوە.

ئەو هەروەها روونی كردەوە كە هەناردەی كارەبایان لە هەزار و ٣٠٠ مێگاواتەوە بۆ ٩٠٠ مێگاوات كەم كردووەتەوە.

سەرچاوە/ساحێب خەبەر


وشە - سلێمان تاشان