پۆلیسی عێراق لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، پیاوێكیان گرت لەسەر كوشتنی كچەكەی خۆی بە هاوكاری براكەی، ئەویش دوای ئەوەی كچەكەی ڕەتی كردووەتەوە كە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی بە تەمەن بكات، ئەم تاوانە پێنج ساڵ پێش ئێستە ئەنجام دراوە و لەو دواییە ئاشكرا بوو و باوكی كچەكە و براكەی گیران.
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی خەڵك داوا دەكەن بە خێرایی و پەلە حوكمی لە سێدارەدان بەسەر باوك و مامی كچەكە بسەپێنرێت و كەسانی لەو شێوەیە تا زووترین كات لەناو ببرێن، ئارامی زیاتر بە خەڵك و كۆمەڵگە دەگات.
ئەو پیاوە دوای ئەوەی داوای لە كچەكەی كردووە شوو بە پیاوێكی زۆر لە خۆی گەورەتر بكات، كچە 19 ساڵانەكەی ڕەتی كردووەتەوە، بەو هۆیەوە باوكەكە لەگەڵ براكەی واتە مامی كچەكە دەست و دەمی كچەكە دەبەستن و دەیكوژن و لە زەوییەكی كشتوكاڵی دەینێژن، بێ ئەوەی هیچ شوێنەوارێكی گۆڕیشی بۆ دابنرێت.
پۆلیسی زیقار لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەو تاوانە قێزەونە لە گوندی فەجری سەر بە پارێزگای زیقار ئەنجام دراوە و ئێستە هەموو وردەكارییەكانی تاوانەكە بە تەواوی ئاشكرا بووە.
بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ناوچەكە "عەمید فلەیح سافی" لە ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرای كرد، دوو برا هاتنە بنكەی پۆلیس و سكاڵایان لەسەر باوكیان تۆمار كرد، دوای ئەوەی باوكی بە خراپیی لێی دابوون، دواتر ئەو دوو برایە قسەیان لەگەڵ كرا تا بزانن بەهۆی چی باوكیان بە خراپی لێی داون، ئەوانیش تەواوی وردەكاری و نهێنییەكانیان خستە ڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، كە لەوكاتەی ئەوان بچووك بوون و پێنج ساڵ پێش ئێستە، باوكیان لەگەڵ براكەی، واتە "مامیان" خوشكە گەورەكەیانی كوشتووە و ئێستەش نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.
لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پۆلیس ڕێوشوێنی تەواوی گرتەبەر و بۆی دەركەوت كە ئەو خێزانە كچێكیان هەبووە و لە تەمەنی 19 ساڵی بووە و دیار نەماوە، بۆیە باوكی و مامی كچەكەیان گرت و خستیانە ژێر لێكۆڵینەوە، لەوكاتەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ باوك و مامی دەكرا، ئەوان دانیان بەهەموو شتێك نا و گوتیان داوایان لە كچەكەیان كردووە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی بە تەمەن بكات، ئەویش ڕەتی كردووەتەوە، بۆیە بە چەقۆ كوشتوویانە و لە نێو زەوییە كشتوكاڵییەكەی خۆیان ناشتوویانە.
عەمید فلەیح سافی گوتی، ئێستە باوكی كچەكە تەمەنی 43 ساڵە و مامیشی كە بەشدار بووە لە تاوانەكە تەمەنی 35 ساڵە و سەربازە لە سوپای عێراق، هەردووكیان دانیان بە تاوانەكە ناوە و شوێنی ناشتنی كچەكەیان ئاشكرا كرد و تیمێك چوونەتە شوێنەكە و گۆڕەكەیان هەڵداوەتەوە و ئێسك و پرووسكی كچەكەیان لێ دۆزیوەتەوە.
ئاشكرابوونی ئەو تاوانە، لە كاتێكدایە چەند ڕۆژێك پێش ئێستە تاوانێكی تری هاوشێوە ئاشكرا بوو، دوای ئەوەی پیاوێك هاوسەرەكەی خۆی كوشتووە و تەرمەكەیشی حەشار داوە لە شاری ناسرییەی باشووری عێراق.