چێڵسی رووی خۆی بۆ ئەگوێڕۆ وەردەگێڕێ

:: AM:10:04:17/07/2017 ‌

یانەی چێڵسی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی ئینگلیزی تا ئێستا لە گەڕان بەدوای هێرشبەرێكی نوێ بەردەوامە دوای لەدەستدانی ئامانجە سەرەكییەكەی رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبەری یانەی ئێڤەرتۆن بۆ یانەی مانچستەر یونایتد.

رادیۆی (كادینا سێر)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئێستا سێرجیۆ ئەگوێڕۆی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی مانچستەر سیتی هاتووەتە یەكەمی لیستی داواكارییەكانی ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری ئیتاڵی.

لای خۆشییەوە پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی پێشوازی لەو بیرۆكەی هاوشانەكەی كۆنتی كردووە بەهۆی ناكۆكییە بەردەوامەكانی لەگەڵ ئەو هێرشبەرە تەمەن 28 ساڵییەی تیپەكەی.

گواردیۆلا چاوەڕێی بەئەنجام گەیاندنی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزییە تا بەتەواوی دەستبەرداری ئەگوێڕۆ بێت بۆ یانەی چێڵسی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م