فیلیپی رۆسۆ بەڕێوەبەری كارەكانی بەرگریكاری كۆڵۆمبی ییری مینا رایگەیاند كە بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رێككەوتوون و هاوینی ساڵی داهاتوو بەفەرمی پەیوەندی بەو یانەیەوە دەكەن.
مینا كە لە ریزی هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا و یانەی پاڵمیراسی بەڕازیلی یاریی دەكات، بۆ وەرزی داهاتوو شوێنی خافیێر ماسكیڕانۆی بەرگریكاری ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنە پڕ دەكاتەوە.
بەڕێوەبەری كارەكانی مینا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرجەم كارەكانی گرێبەستەكەی مینا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی هاتووە، ئەمساڵ هەر لە خولی بەڕازیل دەمێنینەوە و بۆ وەرزی داهاتوو پەپوەندی بە خولی تۆپی پێی ئیسپانیاوە دەكەین.
زیاتر گوتی: یەكێك لە خەونە گەورەكانی مینا پۆشینی درێسی یانەی بەرشەلۆنە بووە و وەرزی داهاتووش خەونەكەی دەبێتە راستی و لەنێو یاریگەی كامپ نوو درێژە بە ژیانی وەرزشی دەدات.
مینا /22 ساڵ/ وەرزی رابردوو خەڵاتی باشترین بەرگریكاری خولی تۆپی پێی بەڕازیلی پێ درا دوای ئەوەی ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی پاڵمیراس پێشكەش كردبوو.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان گرێبەستەكەی مینا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 5 ساڵە و نرخەكەشی 9 ملیۆن یۆرۆ بووە.