وشه/ ژیڤان خۆرانی
وه‌رگێڕان به‌شێكی گرنگه له ئه‌ده‌بیاتی گه‌لان، ئاشكرایه فراوانیی جیهانبینی و دووربینی نه‌ته‌وه‌كان، زاده‌ی كاری وه‌رگێڕانن. له‌م دیداره‌ی "وشه"دا ڕه‌سووڵ سوڵتانی له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی "وشه" ده‌داته‌وه.
بۆ زانین، ساڵ و شوێنی له‌دایكبوونی ڕه‌سووڵ سوڵتانی وه‌رگێڕ و نووسه‌ر؟
دووه‌م مانگی هاوینی ساڵی 1976 له لادێیه‌كی چۆمی مه‌جیدخانی سه‌ربه شاری بۆكان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ناوی حاجیله‌ك له دایك بووم، بابم مه‌ڕدار بوو و زه‌ویوزاری كشتوكاڵیشمان هه‌بوو. دایك و باوكم نه‌خوێنده‌وار وه‌ك زۆربه‌ی خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری خۆیان، به‌ڵام دڵسۆز و هاوكات كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشمه‌جلیس بوون. له‌ناو چوار برا و دوو خوشكدا هه‌ر من توانیم ئه‌وه‌نده بخوێنم بچمه زانكۆ و ته‌واوی بكه‌م. برا گه‌وره‌كه‌مان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكمان زۆر زوو مرد و هه‌موومان منداڵ بووین، من چواری سه‌ره‌تایی بووم، ئیتر نه‌یتوانی بخوێنێ، باری گرانی به‌رپرسیاره‌تیی هه‌موومانی كه‌وته ئه‌ستۆ. جا چونكه باوكم حه‌وت هه‌شت ساڵی پێش مردنی زۆر نه‌خۆش بوو و هه‌ر به دكتۆرانه‌وه بوو، هه‌رچی هه‌مانبوو دای به ده‌رزی و ده‌رمان و به‌شێكی زۆری مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌شی چێودار به قه‌رز لێیان وه‌رده‌گرت و دوایی پاره‌یان نه‌دایه و خورا. ئیتر بۆیه پاش باوكم نه‌ك هه‌ر هه‌ژار و ده‌ستكورت بووین، بگره قه‌رزێكی زۆریشمان كه‌وتبووه سه‌رشان، بۆیه ناچار بووین مانگا و مه‌ڕی خه‌ڵك بله‌وه‌ڕێنین و هه‌م خۆمان بژێنین، هه‌م ورده ورده قه‌رزه‌كانی باوكم بده‌ینه‌وه.
چۆن بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕین؟
وه‌رگێڕانی بابه‌تی ئه‌ده‌بی زۆر هه‌ستیاره. تۆ له بابه‌تی زانستیدا له‌گه‌ڵ ده‌قێك ڕووبه‌ڕووی سه‌لمێنراوه و ته‌نیا یه‌ك واتای هه‌یه، به‌ڵام له بابه‌تی ئه‌ده‌بیدا جاری وا هه‌یه نووسه‌ر به ئه‌نقه‌ست داوی بۆ خوێنه‌ر ناوه‌ته‌وه. بۆ وێنه ڕسته‌كه له ڕواڵه‌تدا ئه‌رێنی و په‌سنددانه، كه‌چی بێت و وریا نه‌بی له داوه‌كه‌ی ده‌كه‌وی و ئاوا به ئه‌رێنی وه‌ریده‌گێڕی و مه‌به‌ستی نووسه‌ریش وه‌رده‌گه‌ڕێنی. بۆ وێنه زۆر جار خۆت به ته‌وسه‌وه به یه‌كێكت گوتووه: ماشه‌ڵا جوانی، مه‌به‌ستت ئه‌وه بووه ماشه‌ڵا ناشیرینی، ماشه‌ڵا ئاقڵی. مه‌به‌ستت ئه‌وه بووه په‌كووو چه‌ند كه‌ری. نموونه‌ی ئاوا زۆرن و وه‌رگێڕی بواری ئه‌ده‌ب ده‌بێ ئاگای له‌و ورده‌كارییانه بێ. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش، وه‌رگێڕ چ ئه‌ده‌ب وه‌ربگێڕێ یان زانست و فه‌لسه‌فه، ده‌بێ داڕشته‌ی ڕسته‌كانی كوردی بن.
كتێبی پڕۆفیسۆرێكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین هاته به‌رده‌ستم هه‌ڵه‌چنی بكه‌م، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و كتێبه هه‌موو وشه‌ی په‌تیی په‌تی بوو، به‌ڵام له سه‌رانسه‌ری كتێبه‌كه‌دا دوو ڕسته‌ی كوردیی تێدا نه‌بوو. وه‌رگێڕ نابێ هه‌ر له وشه‌ی په‌تی ورد بێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌وڵی ڕسته‌ی خۆشئاواز بدات، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌و وه‌رگێڕانه ده‌كرێت كه بتوانن زمانی كتێب له زمانی ڕۆژنامه جیا بكه‌نه‌وه. هه‌ر وه‌رگێڕێك ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی نه‌بێ، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بێچێژه. 80%ی وه‌رگێڕانه‌كانی ئێسته زمانه‌كه‌یان ڕێك له زمانی هه‌واڵ و ڕاپۆرتی تیڤی ده‌چێت، ڕسته‌كانیشیان هه‌روا داده‌ڕێژنه‌وه، بۆیه شیاوی خوێندنه‌وه نین.
ئایا ده‌كرێ وه‌رگێڕێك له هه‌موو ژانره‌كانی وێژه كار بكات و بابه‌ته‌كان وه‌رگێڕێت؟
باشتر وایه وه‌رگێڕ له یه‌ك بواردا یان چه‌ند بوارێكی لێك نزیكدا كار بكات. ئێسته بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر لێك نزیكن، به‌تایبه‌تی كه ده‌چیته سه‌ر قوتابخانه و ڕێبازه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كان و تیۆرییه‌كانیان، زۆر لێك نزیكن، ئه‌ده‌ب و مێژوو لێك نزیكن، ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت لێك نزیكن، ئه‌ده‌ب و ده‌روونزانی لێك نزیكن، به‌ڵام ئه‌ده‌ب و ماتماتیك، ئه‌ده‌ب و ئه‌ندازیاری، ئه‌ده‌ب و زانست زۆر لێك دوورن. له‌ناو فارس‌دا برایمی یوونسی كه خۆی كوردزمان بوو، له بواری مێژوو و ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌دا قۆڵی له وه‌رگێڕان هه‌ڵماڵی و له هه‌موو بواره‌كانیشدا سه‌ركه‌وتوو بووه و یه‌كێك بوو له وه‌رگێڕه هه‌ر گه‌وره و متمانه پێكراوه‌كانی ئێران.
كێ وه‌رگێڕێكی دوڕناسه، دكارێت ل ناڤ ده‌ریایێت وێژه‌دا مرواری بژار بكات؟
وه‌رگێڕی دوڕناس، ده‌بێ خوێنه‌رێكی باش بێت و ده‌بێ نووسه‌ره‌كان بناسێت، ده‌بێ ده‌قه‌كان بناسێت. ته‌نیا زانینی دوو زمان ئێمه ناكاته وه‌رگێڕێكی دوڕناس. وه‌رگێڕی دوڕناس ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی زۆر باش نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ده‌قی به‌هێز و بێهێز لێك جیا نه‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ره باشه‌كان نه‌ناسێ و به‌رهه‌مه‌كانیانی نه‌خوێندبێته‌وه، ناتوانێ وه‌رگێڕێكی باش بێ. بۆ وێنه تۆ ناتوانی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌مینگوای به جوانی بكه‌یته كوردی، ئه‌گه‌ر هه‌مینگوای به جوانی نه‌ناسی، ئه‌گه‌ر نه‌توانی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌مینگوای هه‌ڵسه‌نگێنی.
ئایا وه‌رگێڕ و وه‌رگێڕان ئاست و پله‌یان هه‌س؟
ده‌كرێ بڵێی وه‌رگێڕی باش و خراپ هه‌ن، بۆ وێنه مامۆستا هه‌ژار، مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی، مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده، شكور مسته‌فا، ئه‌وانه وه‌رگێڕی باش باشن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێ له وه‌رگێڕی خراپ بگه‌ڕێی، ئێوارێ سه‌رێكی كتێبفرۆشییه‌كان بده و لۆرییه‌ك به‌ره كتێبی وه‌رگه‌ڕێنراو بار بكه و بیبه ده‌ره‌وه‌ی شار بیسووتێنه، نه میله‌ت زیان ده‌كات و نه كتێبخانه‌ی كوردی، جگه له‌وانه‌ی بۆیان چاپ كردوون.
پێت وا نییه ئێسته له باشووری كوردستان، وه‌رگێڕان ڕووی له زۆری و بۆری كردووه؟
وه‌رگێڕان له باشووری كوردستان هه‌نگاوی باشی ناوه. بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ك هه‌یه ئه‌ویش خه‌تای ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌وانه‌ی كتێب به وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن، وه‌ك بزن سه‌یری كتێب ده‌كه‌ن، قه‌باره‌ی كتێبه‌كه چه‌نده گه‌وره‌یه ئه‌وان به‌پێی قه‌باره‌كه‌ی ده‌توانن چ نرخێكی له‌سه‌ر بده‌ن، زۆربه‌یان هه‌ر بۆیان گرینگ نییه ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی وێ ده‌ده‌ن كێیه؟ چه‌نده كوردیزانه. ئاخر كێشه‌ی وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه نه‌زانینی زمانی بیانی نییه، كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌یان كوردینه‌زانینه، به‌ڵام كاری باش كراوه. من گه‌شبینم، وه‌رگێڕی باش له كڵ هاتوونه ده‌رێ و خاراون و كاری باشیان كردووه و له‌ناو ئه‌م ته‌پوتۆزی وه‌رگه‌ڕاندنه‌دا وه‌رگێڕانی باشمان هه‌یه.
هه‌ندێك له به‌ناو وه‌رگێڕه‌كان جگه له‌وه‌ی ده‌قی یه‌كه‌م ده‌شێوێنن و هه‌رگیز مانای ده‌قی ڕاستینه ناگه‌یه‌نن، زوانیش تێك ده‌ده‌ن، ئایا چۆن ده‌توانرێ ڕێ له‌م ده‌رده بگیرێ و هه‌توانی ده‌سگیر بێت؟
كه‌س ناتوانێ رێگه‌یان لێ بگرێ مه‌گه‌ر خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، ئێمه له كوردستان ره‌خنه‌گرمان نییه، یان ئه‌وه‌تا داده‌گژێنه كابرا و په‌ڕوپۆی پێوه ناهێڵن، یاخۆ نان به قه‌رزدانه و به شانوباڵی یه‌كتر هه‌ڵده‌ڵێن. ئه‌م هه‌فته‌یه یه‌كێك شیعر و بابه‌تی نووسه‌رێك راڤه ده‌كا و ده‌یگه‌یه‌نێته ته‌شقی ئاسمان و ئه‌ویش ئێوارێ له یه‌كێتیی نووسه‌ران پێشانی یه‌ك به یه‌ك براده‌ره‌كانی خۆی ده‌دا و بۆ حه‌فته‌ی داهاتوو ده‌بێ قه‌رزه‌كه‌ی بداته‌وه.
به‌ڵام ڕێی پێش‌گرتن له‌و بێسه‌روبه‌ره‌ییه ئه‌وه‌یه: هه‌ر كتێبێك لێی گه‌ڕێن چه‌ند كه‌س بیكه‌ن به كوردی، با خوێنه‌ر له نێوان وه‌رگێڕه‌كاندا وه‌رگێڕی باش و خراپ لێك جیا بكاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر كه‌س كتێبێكی برده‌وه و زانیی خراپ كراوه‌ته كوردی و بۆی ناخوێنرێته‌وه به‌سه‌ر كتێبفرۆشه‌كه‌یدا بداته‌وه.
زۆربه‌ی وه‌رگێڕه‌كانی كورد هه‌تره‌شیان له ڕه‌خنه چووه، بۆچوونی ئێوه چییه له‌مه‌ڕ ڕه‌خنه‌وه؟
ڕه‌خنه لای ئێمه واته دۆزینه‌وه‌ی عه‌یب له ده‌ق، له حاڵێكدا ڕه‌خنه واته قووڵبوونه‌وه له ده‌ق. ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌تره‌شمان لێی بچێ، ناوی هه‌ڵسه‌نگاندنه، ئه‌ویشمان هه‌ر نییه، هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق به‌پێی پێوه‌ر. تۆ ده‌قێكت هێنا به پێوانه و پێوه‌ر هه‌ڵتسه‌نگاند، خاڵی لاواز و به‌هێزی ده‌سنیشان ده‌كه‌ی و به به‌ڵگه‌وه به به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ده‌ڵێی ئه‌مه باشه و ئه‌مه خراپه، بێ منه‌ت ده‌بی، به‌ڵام نووسه‌ر و شاعیری كورد خوا نه‌كا ڕه‌خنه‌یه‌كی لێ بگری، بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌بێته دوژمنت، هه‌ر ئاره‌زوو ده‌كا شه‌ڕێكی ناوخۆ هه‌ڵگیرسێته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی تۆی تێدا بكوژرێی كه ڕه‌خنه‌ت لێ گرتووه، زۆر كه‌مجیقڵدانه‌ن. شاعیرمان هه‌یه له‌م پیره هه‌ولێره، كتێبی وا خراپ كردووه و له فارسییه‌وه ویستوویه‌تی بیكات به كوردی، وای شێواندووه خۆیشی پێی ناخوێنرێته‌وه، به به‌ڵگه‌وه گوتوومانه ئه‌وه خراپ كراوه‌ته كوردی، ئێسته وه‌ك دوژمن لێمان ده‌ڕوانێ. هه‌ر لێی گه‌ڕێ.
زۆری به‌ره‌می پاچه‌ڤه، متمانه بۆ وه‌رگێڕ مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ڵێ بۆچی، ئه‌گه‌ر نه‌خێر بۆچی؟
نه‌خێر، كه‌سی وا ده‌ناسم بێكاروباره، سێ مووچه‌ی بندیوار وه‌رده‌گرێ، رۆژێ داده‌نیشێ له ماڵه‌وه په‌نجا لاپه‌ڕه وه‌رده‌گێڕێ و مانگێ دوو كتێب چاپ ده‌كا، به‌ڵام سه‌رله‌به‌ر كتێبه‌كانی شیاوی خوێندنه‌وه نین، نازانم خه‌ڵك چۆنیان خوێندوونه‌ته‌وه، ئاخۆ هه‌ر خوێندوویاننه‌وه یان نا گومانم هه‌یه، چونكه من یه‌ك دوو به‌رهه‌می ئه‌و كه‌سه تێكۆشه‌ر و ماندوونه‌ناسه‌م لایه، نه‌ك وشه‌ی ده‌قه فارسییه‌كه تێنه‌گه‌یشتبێ، جار هه‌یه به په‌ره‌گراف و لاپه‌ڕه هه‌ڵه‌ی كردووه و پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕاوه، ده‌ی با ئه‌و كه‌سه هه‌زار كتێبیشی چاپ كردبێ، هه‌ر نابێته وه‌رگێڕ. ئه‌وه وه‌ك شاعیری وایه، ئه‌حمه‌د هه‌ردی به ده دوازده شیعره‌وه یه‌كێكه له شاعیره هه‌ره گه‌وره و به‌رزه‌كانی كورد، ده‌ی خه‌ڵكانێكیش هه‌ن پازده دیوانه شیعریان چاپ كردووه، تاقه دێڕه شیعرێكیان له‌سه‌ر زار و زمانی كه‌س نییه و له مێشكی كه‌سدا نه‌ماوه‌ته‌وه. وه‌رگێڕان ئه‌ركێكی قورس و پیرۆزه. ڕاسته وه‌رگێڕ مافی خۆیه‌تی هه‌قی ماندووبوونی خۆی وه‌ربگرێ و پێی بژی، به‌ڵام نابێ هه‌ر كه‌س كاری تری پێ نه‌كرا و له هیچ كوێ دانه‌مه‌زرا و سه‌رچاوه‌ی داهاتی نه‌بوو، كتێبێكی وه‌بن باڵی بده‌ن و بڵێن ده‌ی باشه بڕۆوه ئه‌وه‌مان بۆ بكه كوردی و وه‌ره پاره‌ی خۆت وه‌رگره.
پاچه‌ڤه‌ی ده‌نگیی، نه‌خاسمه زنجیره دراماكانی تیڤی كوردیی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
دراماكان خه‌ریكی تێكدانی زمانی كوردین، به باوه‌ڕه‌وه ده‌ڵێم. ئه‌وان به بیانووی ڕێكخستنی ده‌ق له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی ده‌می ئه‌كته‌ره‌كان، به بیانووی ئه‌وه‌ی له توركیدا فڵان وشه ئاوایه و له كوردیدا نیمانه و كۆمه‌ڵێك بیانووی تر كه هیچ كه‌س ناتوانێ به‌قه‌ناعه‌تیشیان بگه‌یه‌نێ، خه‌ریكی تێكدانی زمانی كوردین. بۆ ناتوانی به قه‌ناعه‌تیان بگه‌یه‌نی؟ چونكه بڕیاری داوه گومان له هه‌ڵه‌ی خۆی نه‌كا. وه‌رگێڕی ئه‌و درامایانه توركیزانن، به‌ڵام كوردی نازانن، هونه‌ری وه‌رگێڕان نازانن و وه‌رگێڕانه‌كانیان وشه به وشه‌یه، بۆیان گرینگ نییه كاریگه‌رییه‌كه‌ی چ ده‌بێ، ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆیان گرنگه لایه‌نی بازرگانییه‌كه‌یه‌تی. جا چونكه بابه‌تی دراماكانیش سه‌رنجڕاكێشن، خه‌ڵك هه‌ر سه‌یریان ده‌كه‌ن، ئه‌و سه‌یركردنه ئه‌وانی له‌خۆبایی كردووه، وای لێ كردوون بۆچوونی كه‌س وه‌رنه‌گرن. تا ئێسته هیچ درامایه‌كی وه‌رگێڕدراوم نه‌دیوه جۆرێك كرابێت به كوردی دڵسۆزیی پێوه دیار بووبێ، دڵسۆزی بۆ زمان.
ده‌بێ تیڤییه‌كان نه‌ك یه‌ك زمان‌زان و زمانه‌وان، بگره لیژنه‌یه‌كی زمانه‌وانییان هه‌بێ. بۆ وێنه ڕووداو و كوردستان24 كه زۆر له‌ناو خه‌ڵكدان و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه زۆره، پێویسته لیژنه‌یه‌كی زمانه‌وانییان هه‌بێ، به‌شێوه‌یه‌ك پاش ته‌واوبوونی هه‌ر ڕاپۆرت و به‌رنامه‌یه‌ك، به پێشكه‌شكار و ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌واڵ ده‌خوێنێته‌وه بڵێن: ده‌ستت خۆش بێ، به‌ڵام فڵانه ڕسته ئاوا ده‌رمه‌بڕه‌وه، دروسته‌كه‌ی ئاوه‌هایه. بۆ وێنه:
مه‌ڵێ: لافاوێك ڕووی دا، چونكه لافاو ڕوو نادا. له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه ده‌ڵێ لافاوێك هه‌ستا.
مه‌ڵێ: ئێسته‌ش چاومان له‌سه‌ر ئه‌م نووسینه داده‌نێین. چونكه چاودانان ئیدیۆمێكی كوردییه به‌مانای خۆكوێركردن دێ. ده‌ڵێ چاوی خۆی له‌سه‌ر كتێب دانا. هێنده‌ی خوێنده‌وه تا چاوی خۆی دانا.
یان: كه‌سایه‌تییه‌كی كورد له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات، تیڤییه‌كه‌مان ده‌نووسێ: به‌ڕێز... له به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، ده‌كاته پێش ده‌رگه‌ی وه‌ژووركه‌وتنی په‌رله‌مان، وا نییه؟ ئه‌ی خۆت سه‌د جار نه‌تگوتووه، من ئه‌وه له به‌رده‌م پاركی شانه‌ده‌ر چاوه‌ڕێتم؟ ئه‌وه له به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر چاوه‌ڕێتم؟ كه‌وابوو ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌كی زمانه‌وانی هه‌بێ، پێیان ده‌ڵێ: بنووسن یان بڵێن: له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، یان له به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپا.
ڕه‌نگه ئێسته زۆر كه‌س بڵێن جا ئه‌وه كوێی كێشه‌یه و ئه‌مه كه‌ی ڕه‌خنه‌یه، به‌ڵام من كه خه‌ریكی زمان و ئه‌ده‌بم، ده‌زانم ئه‌م هه‌ڵه و په‌ڵانه چه‌نده زه‌ق و گه‌وره و دواتر تێكده‌رن.