هەواڵێكی ناخۆش بۆ هاندەرانی بەرشەلۆنە.. نیمار بەجێتان دێڵێ

:: AM:11:50:17/07/2017 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی بەرشەلۆنە دڵخۆش نییە و خوازیارە ریزی یانەكە جێبێڵێ.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: نیمار لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە سەرجەم دەستكەوتە گەورەكانی بەدەستهێناوە و تەنیا خەڵاتی تۆپی زێڕین ماوە، پێشیوایە تا لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەكەیدا بێت ناتوانێ ئەو خەڵاتە بباتەوە.

بڵاویشی كردەوە كە نیمار سەیری هەموو ئەو دەستەوارانە دەكات كە ئاراستەی دەكرێن و تەنانەت بە گرینگیشەوە تێیان دەڕۆنی.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە لێدوانەكانی ئەم دواییەی نیمار سەبارەت بە ئەگەری رۆیشتنی لە یانەی بەرشەلۆنە و پەیوەندیكردن بە یانەی مانچستەر یونایتد تەنانەت بە یانەی ئیباریشەوە، جەخت دەكاتەوە كە ئەو یاریزانە لاری نییە لە وەرزی داهاتوودا درێسی یانەیەكی تر بپۆشێ.

لای خۆشیانەوە هەردوو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار.

رۆژنامەی سپۆڕت ئاماژەی بەوەشدا كە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ نیمار كردووە و تاڕادەیەكی زۆر رازی كردووە لە شوێنی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە ریزی تیپەكەیدا یاری بكات، بەڵام ئەوەی كێشەیە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەن كە نایانەوێ وا بە ئاسانی دەستبەرداری بن.

جێی باسە نیمار لە هاوینی 2013 لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لە ماوەی 4 وەرزی رابردووشدا توانیویەتی 10 پاڵەوانیەتی بەدەست بێنێ، سەرەتای ئەم ساڵیش گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەكەی تا ساڵی 2021 ئیمزا كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م