%18ـی منداڵان كار دەكەن

:: AM:11:59:17/07/2017 ‌

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كوردستان ئاشكرای دەكات، تا ئێستە ڕوون نییە چەند لە منداڵانی كوردستان كار دەكەن و پڕۆژەیەك بۆ ڕێگریكردن لە كاری منداڵان ئامادە كراوە.

ئەمرۆ دووشەم 17ـی تەمووز، محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وۆركشۆپێك لە هەولێر ڕای گەیاند، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەك دەكرێ‌ كە لەسەر ئاستی عێراق ئامادە كراوە، بەپێی ئاماری ناو پڕۆژەكەش 18%ی منداڵانی عێراق كار دەكەن و 84% خوێندكارانیش لە عێراق رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، 5% منداڵانی عێراق بێ‌ سەرپەرشتن و لە خانەكان چاودێری دەكرێن، شەش هەزار منداڵیش لە كێشەی یاساییدان، ئەوان هیچ ئامارێكیان نییە لەبارەی منداڵی كاركەر، بەڵام بوونی هەیە لە هەرێمی كوردستان بەڵام بەرێژەیەكی زۆر نییە كە باسی لێوە دەكرێ‌، وەك وەزارەتی كار لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئامارێكن لەگەڵ یونسێف و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێ دەكەن .

هاودیانی ئاشكرای كرد، وەك وەزارەتی كار كۆمەڵێك رێگەیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی منداڵان، ئەویش دانانی هێڵی گەرم بۆ چارەسەری كێشەی منداڵان و لە ئێستەشدا دەمانەوێ‌ پڕۆژەیەك لەسەر سیاسەتێكی نوێ بەستانداردی نێودەوڵەتی دابڕێژین لەپێناو پاراستنی مافەكانی منداڵان لە هەرێمی كوردستاندا.



وشە - رامیار جەواد