خانه‌واده‌ی داعشه‌كانى له‌ مووسڵ كوژران چییان لێ دێ؟


به‌شێكی زۆر له‌و چه‌كدارانه‌ی گرووپی تیرۆریستیی داعش، خێزاندار بوون و منداڵیان هه‌بووه‌، دوای كوژران یان بزربوونی خۆیان، چی له‌ خانه‌وه‌ده‌كه‌یان ده‌كرێ، ئایا ئه‌وانیش به‌ هه‌مان مامه‌ڵه‌ و دادگایی بۆ مێرده‌كانیان كراوه‌، له‌گه‌ڵیان ده‌جوڵێنه‌وه‌؟

دوای ڕووخانی داعش به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو وه‌ك ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا، ئه‌وه‌ پرسیارێكی ڕژده‌، ئایا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خانه‌وادانه‌ ده‌كرێ، زۆربه‌یان له‌ ناو كه‌مپه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ گیر كراون و بۆیان نییه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌شێكیشیان پێشتر هه‌ڵاتوون و له‌ ئوردن و وڵاتانی تر نیشته‌جێ بوون.

دایكی حه‌موودی (62 ساڵ) له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌یدانی مووسڵ، هه‌فته‌ی پێشوو له‌گه‌ڵ 21 كه‌سی تر له‌ خانه‌واده‌كه‌ی كه‌ ته‌نیا ژن و منداڵن هاتوونه‌ته‌ ده‌ر و پیاوه‌كانیشیان هه‌موویان كوژراون، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، مێرده‌كه‌ی ئه‌ندامی ڕێكخراوی داعش بووه‌ و له‌ دوا شه‌ڕدا كوژراوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كه‌دان و هیوادارن مۆڵه‌تیان پێ بدرێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵی خۆیان، به‌ڵام ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌ده‌ست داعش ماوه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ شوێنه‌كانیان هه‌ڵكه‌ندراون، واده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان داوه‌ و پێیان گوتوون، جارێكی تر مووسڵ شوێنی توندڕه‌وه‌كان نابێته‌وه‌.

ده‌ركردنی خانه‌واده‌ی ئه‌و داعشانه‌ له‌ ناو مووسڵ و بردنیان بۆ ئه‌و كه‌مپانه‌ی نزیك به‌رته‌ڵه‌، به‌ بڕیارێكی پێشتری حكوومه‌تی عێراق بووه‌ و وه‌ك نه‌فیكردن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و دوێنێ پێنجشه‌م 29ی حوزەیران مزگەوتی نووری ئەو شوێنەی ئەبوبەكر بەغدادی بەر لە سێ ساڵ وتاری دامەزراندنی خیلافەتەكەی تیادا خوێندەوە، لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراق ئازاد كرایەوە. 

سه‌رچاوه‌/ ڕۆیته‌رز


وشە - كوردۆ شابان


PM:03:00:17/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌