چەند ڕێگەیەکی ئاسان بۆ پاك ڕاگرتنی ماڵەکەت

:: PM:05:16:17/07/2017 ‌
هەمیشە پاکوخاوێنی هەستێکی تەواو جیاواز و ئارامییەکی دەرونی بە مرۆڤ دەبەخشێت، هەر بۆیە کاتێک سەردانی ماڵێک یان شوێنێک دەکەین، سەرەتا سەرنج و بیرمان بۆ لای پاک و پوختیی خاوەن ماڵ و بەرپرسی پاکوخاوێنی ئەو شوێنە دەچێت.

چەندان جۆر هۆکاری پاکوخاوێنی و کەلوپەلی پاککردنەوە هەیە، کە هەموو بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی ناو ماڵەکەت بە جوانترین و پوختترین شێوە دەربکەوێت و لەوەش گرنگتر بۆن خۆشبێت.

وەک ئاشکرایە، تەواوی گیراوە و گۆکارەکانی پاککردنەوە لە ماددەی کیمیایی دروست دەکرین، ئەمەش لەگەڵ ئەو هەموو سوودەی هەیەتی بۆ پاککردنەوە، چەندان زیانی نەرێییشمان پێ دەگەیەنێت.

چەند ڕێگایەکی پاککردنەوە دەخەینە بەردەست، هەموو کەسێک دەتوانێ لە ماڵی خۆی دروستیان بکات و بە نرخێکی گونجاوتر تەواوی پێداویستییە سروشتییەکانی دەست بکەوێت:

- پاککردنەوەی فڕن (تەباخ): دەتوانی گیراوەیەک لە ئاو و سۆدەی تۆز دروست بکەیت و بەسەر هەموو فڕنەکەدا بیڕژیت، جگە لەو شوێنەی ئاگری لەسەر ئیش پێ دەکرێت (چاوی تەباخ)، بۆ ماوەی شەوێک بەجێی بهێڵە و بەیانی بە پارچە پەڕۆیەکی تەڕ بیسڕە، بە تەواوی پاک و نوێ دەبێتەوە.

- پاککردنەوەی توالێت: کوپێکی پر لە سۆدە بە ناو توالێتەکەدا بڵاوبکەوە، بۆ ماوەی یەک سەعات بەجێی بهێڵە، پاشان چەند کەوچکێک لە سرکەی سروشتی پێدا بکە و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج خولەک بەجێی بهێڵە، لە کۆتادا بە ئاو و فڵچە بیشۆ و پاکترین ئەنجامت دەست دەکەوێت.

- پاککردنەوەی پەنجەرە: دەتوانی سۆدەی گیراوە(سۆدەی شل) بخەیتە ناو ئەو دەفرەی بۆ گیراوەکانی تایبەت بە پەنجەرە پاککردنەوە یان لە ئارایشگەکان بۆ تەڕکردنی قژ بەکاردێت، پاشان بیدەیت لە پەنجەرەکە و بە پارچە پەڕۆیەکی پاک بیسڕیت. جوان و بریقەدار دەبێتەوە.

- پاککردنەوەی ئیسفنجی قاپشۆردن: ئیسفنج یەکێکە لەو جۆرە مادانەی کە بەکتریا و ڤایرۆسیکی زۆر لە خۆی کۆدەکاتەوە، بۆ پاککردنەوەی ئیسفنج دەتوانی بیخەیتە ناو مایکرۆویڤ و بە بێدوودڵی %99 ئەو بەکتریایەی هەڵی گرتووە بیکوژیت. یان بیخەیتە ناو ئامێری قاپشۆردن و لەگەڵ قاپەکان پاکی بکەیتەوە.

- پاککردنەوەی پانکە: دەتوانی سرکە و ئاو لەناو قاپێکی قووڵ تێکەڵ بکەیت و پارچە پەڕۆیەکی تێ بکەیت تا تەواو گیراوەکە وەردەگرێت، پاشان بە پارچە پەڕۆکە بیسڕیت و بە شێوەیەکی یەکجاری پاک ببێتەوە. 

سەرچاوە/ العربییه‌





وشە - ڕێناس شابان