بابه‌كر زێبارى سوپاسالارى پێشووى عێراق راى ده‌گه‌یه‌نێت، به ئه‌نجامدانى ریفراندۆم كۆتا به ناكۆكییه‌كانى نێوان عێراق و باشوورى كوردستان دێت. زێباری له دیدارێكى "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر حزبه سیاسییه‌كانیش پشتیوانى ریفراندۆم نه‌كه‌ن، خه‌ڵكى كوردستان پشتیوانى ده‌كات.
زێبارى له‌م دیداره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه ده‌داته‌وه كه پێوه‌ست به "كه‌وتنی مووسڵ" ئاراسته‌ی ده‌كرێ و ڵوه‌سته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسى پێوه‌ست به كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات.
ئێوه ئاگاداریتان له‌وه هه‌بوو مووسڵ ده‌كه‌وێته ده‌ست داعش؟ بۆچى به‌شێك له میدیا و سه‌ركرده‌كانى عێراق به كه‌وتنى مووسڵ تۆمه‌تبارتان ده‌كه‌ن؟
پێش ئه‌وه‌ى مووسڵ بكه‌وێته ده‌ست داعش، پێشبینى ئه‌وه‌م ده‌كرد ده‌كه‌وێته ده‌ست داعش، له‌به‌رئه‌وه سه‌ركرده‌كانى حكوومه‌ت و سوپا ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانیشم له‌وه ئاگادار كرده‌وه، به‌ڵام به‌شێك له سه‌ركرده‌كانى عێراق له‌وانه نوورى مالیكى خۆی، بوونه هۆى كه‌وتنى مووسڵ، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ست نییه كه كه‌سێك یا لایه‌نێك تاوانبار بێت، حاشاى لێ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه من تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن با به‌ڵگه بێنن نه‌ك لێره و له‌وێ قسه بكه‌ن.
بۆچى داعش هێرشى كرده سه‌ر ناوچه‌كانى كوردستان؟
داعش هێزێكى دروستكراوه بۆ نانه‌وه‌ى ناكۆكى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و عێراق و سووریا و ته‌واوكه‌رى رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانى پێش خۆیه‌تى، داعش هیچ مافێكى خاوه‌ندارێتى له دنیا نییه. كورد وه‌ك هێزێكى یاسایی، ته‌نیا رۆڵى پاراستن و به‌رگریكردن له خاك و نیشتمانى خۆیه‌تى، ئه‌گه‌ر داعش بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان نه‌هاتایه، هیچ شه‌ڕ و ناكۆكییه‌ك له نێوان داعش و پێشمه‌رگه رووى نه‌ده‌دا، به‌ڵام به‌هۆى ترسى دروستبوونى شه‌ڕ و ئاڵۆزى له نێوان سوننه و شیعه و په‌لهاوێشتن بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان، پێشمه‌رگه كه‌وتنه حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه و سوپاس بۆ خوا له جیاتى ناوچه كوردستانییه‌كان بكه‌ونه ده‌ست داعش، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه توانییان ناوچه دابڕاوه‌كانیش بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر كوردستان.
ده‌ركردنى داعش له مووسڵ به ماناى كۆتیی داعش دێت له ناوچه‌كه‌دا؟
ئه‌وه‌ى گرنگه ده‌بێت به زووترین كات داعش له مووسڵ ده‌ربكرێت، چونكه به‌شێكى زۆر له مووسڵ ماوه به‌تایبه‌تى له كۆڵانه چڕ و ئاڵۆزه‌كانى شاره‌كه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ركردنى داعش له مووسڵ به ماناى كۆتاهاتنى داعش له ناوچه‌كه نایه‌ت، به‌ڵكو كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى مووسڵ ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى جارێكى تر ئارامى بگه‌ڕێته‌وه ناو خه‌ڵك و شه‌ڕ و ئاژاوه و كوشتن روو نه‌دات، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی نێوان هێزه سیاسى و سه‌ربازییه‌كانى ناوچه‌كه به‌رده‌وام ده‌بن به تایبه‌تى له نێوان سوننه و شیعه و كورد، ده‌بوو سه‌ركردایه‌تى كوردستان به‌ر له كونترۆڵكردنه‌وه‌ى مووسڵ، رێككه‌وتنى سیاسی له‌گه‌ڵ عێراق بكردایه، ده‌بێت دانوستاندن و تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست پێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى مووسڵێكى تر چۆن به‌ڕێوه ببرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه راسته كه كورد هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ عێراق.
تیرۆریستانى داعش شنگالیان داگیر كرد و لێره‌وله‌وێ ده‌گوترێ په‌كه‌كه هۆى به‌ده‌سته‌وه‌دانى كۆجۆ بوو، ئه‌وه راسته؟
قایمقامى شنگال داواى له ئێمه كرد هاووڵاتییانى گوندى كۆجۆ رزگار بكه‌ین به‌ر له‌وه‌ى داعش بگاته ئه‌وێ كه ژماره‌یان چوار هه‌زار كه‌س بوو، له‌به‌رئه‌وه ئێمه به فه‌رمانى مه‌سروور بارزانى و به ره‌زامه‌ندى سه‌رۆك بارزانى، به زووترین كات هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكامان ئاگادار كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌وان بتوانن رێگرى له داعش بكه‌ن و هه‌موو خاڵه‌كانى سه‌ره‌كى داعش بۆردمان بكه‌ن، ئه‌وان ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕى و به زووترین كات گه‌یشتنه سه‌ر چیاى شنگال و بڕیار درا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه له رێى دوو كۆپته‌ر بۆ سحێلا بگوازنه‌وه، هه‌ر كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان گه‌یشتنه چیاى شنگال، بینییان هێزه‌كانى په‌كه‌كه له‌وێن و ئاڵاكانیان هه‌ڵداوه، دواتر ئێزیدییه‌كان به دار و به‌رد هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و ئیتر نه‌یانتوانى ئه‌و خه‌ڵكه رزگار بكه‌ن و به ئێمه‌یان راگه‌یاند، په‌كه‌كه له‌وێیه و هۆى رزگار نه‌كردنى ئه‌و خه‌ڵكه‌یه.
ئێسته كه شنگال كۆنترۆڵ كراوه و ژماره‌یه‌ك هێز له‌وێ هه‌ن و هه‌ر یه‌كێك شنگال به هى خۆى ده‌زانێت، ئایا كێ مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه له شنگال بمێنێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شنگال كۆنترۆڵ نه‌ده‌كرایه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ته‌نیا پێشمه‌رگه مافى خاوه‌ندارێتى شنگالیان هه‌یه، بێجگه له‌وه شنگال به‌شێكه له كوردستان، ئێسته ژماره‌یه‌ك هێز له‌ناو شنگال هه‌ن، جگه له‌وه‌ى كاریگه‌رن بۆ ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ى شنگال، هاوكات ناتوانن هیچ سوودێك به شنگال بگه‌یه‌نن، ئه‌و هێزانه به تایبه‌تى په‌كه‌كه ده‌بێته هۆى راكێشانى هێزه‌كانى توركیا و هێزه میلشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ شنگال.
كه‌واته په‌كه‌كه بۆچی واده‌كات، ئایا په‌كه‌كه پشتیوانى له عێراق و ئێران وه‌رده‌گرێت؟
ئه‌وان به فیتى عێراق و ئێران هاتوونه‌ته ناوچه‌كه و له وه‌ختى خۆیدا پشتیوانییه‌كى زۆر له‌لایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته بۆ په‌كه‌كه ده‌چوو، به‌ڵام وا بیر ده‌كه‌مه‌وه ئێران و عێراق په‌كه‌كه پشتگوێ ده‌خه‌ن هه‌ر كه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌ما و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه ئێسته كه‌مترین پێوه‌ندى له نێوان په‌كه‌كه و عێراق و ئێران هه‌یه.
زۆر له سه‌ركرده سه‌ربازى و ئه‌فسه‌رانى كورد له سوپاى عێراق ده‌ركران، ئایا هیچ هاوبه‌شییه‌ك له نێوان عێراق و كوردستان هه‌یه ئێسته؟
عێراق تا ئه‌وكات هاوبه‌شبوون قبووڵ ده‌كات تا به‌رژه‌وه‌ندى به هێز و كه‌سانى كورد هه‌یه، ئه‌گه‌رنا تا ئێسته كورد نه‌بووه‌ته هاوبه‌شی راسته‌قینه له‌گه‌ڵ عێراق، به‌هۆى بوونى نادادپه‌روه‌رى له‌ناو سوپاى عێراق سێ جار هه‌وڵم دا ده‌ستكاركێشانه‌وه پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ویستى زیاتر به‌رگه بگرم، بێجگه له كورد سه‌ركرده‌كانى عێراق ره‌فتارى نایاسایی به‌رامبه‌ر به‌شێك له سه‌ركرده عێراقییه‌كانیش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا كشانه‌وه‌ى متمانه له خالید عوبێدى وه‌زیرى به‌رگریى عێراق پرسێكى سیاسى بوو نه‌ك یاسایی، له‌به‌رئه‌وه پێویسته كورد بیر له جیابوونه‌وه له عێراق بكاته‌وه.
بڕیاره له 25ى ئه‌یلوولى داهاتوو ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ئه‌نجام بدات، به‌پێی ئه‌زموونی ئێوه كاتى ئه‌وه هاتووه ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن؟
به درێژایى مێژوو كورد به ده‌ستى رژێمه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانى عێراق شه‌ڕ و ئاژاوه و جینۆساید و كومه‌ڵكوژى و راگواستن و وێرانكارى بینیووه و تا ئێسته هیچ خێرێكمان له عێراق نه‌بینیوه و ناشبینین، له‌به‌رئه‌وه ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ته‌نیا رێگه‌چاره‌یه بۆ ئه‌وه‌ى كورد و عێراق وه‌ك دوو دراوسێ پێكه‌وه بژین، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ئه‌نجام نه‌درێت، ماناى وایه شه‌ڕ و ئاژاوه جینۆساید و كومه‌ڵكوژى و راگواستن و وێرانكارى به‌رده‌وام ده‌بێت، تا له‌گه‌ڵ عێراق و تورك و فارس بین به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین ناوماڵى كورد رێك بخه‌ین و هه‌ر پارچه پارچه‌یى ده‌مێنینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته هه‌موومان به ده‌م ریفراندۆمه‌وه بچین بۆ سه‌ربه‌خۆى كوردستان و به "به‌ڵێ" ده‌نگ بده‌ین.
به‌ڵام ده‌گوترێ هه‌رێمى كوردستان پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تى نییه بۆ ریفراندۆم؟
به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه گه‌لانى دنیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كورد ببێته ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام خۆمان له‌و راستییه دوور ده‌خه‌ینه‌وه و پاساو دێنینه‌وه، ئێسته به‌شێكى زۆرى ده‌وڵه‌ته زلهێز و خاوه‌ن پێگه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆى كوردستانن و رۆژ دواى روژ پشتیوانى زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ، سه‌ردانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ده‌ره‌وه ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه گه‌لانى دنیا پشتیوانى گه‌لى كوردن، چونكه هه‌میشه وڵاتانی پێشكه‌وتوو به‌ده‌م مافى گه‌لانى چه‌وساوه و لێقه‌وماو ده‌چن.
به‌شێك له حزبه‌كان خۆیان یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ به‌شدارى له ریفراندۆم و راى ده‌گه‌یه‌نن كه ئێسته كاتى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى نییه، ئایا كات ماوه بۆ دواخستنى ریفراندۆم؟
من ئه‌وه ده‌پرسم ئایا كه‌ى كاتى ریفراندۆمه؟ با ئه‌وان كاتێك بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه پشتیوانى بكه‌ین، پاساوى ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌ى پارتییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتیوانى ریفراندۆم نه‌كه‌ن، گه‌لى كورد پشتیوانى ده‌كات و ده‌نگ بۆ سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆم ده‌ده‌ن، هه‌ر لایه‌نێكى سیاسى پشتیوانى سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆم نه‌كات، دووچارى نه‌فرینه‌كانى گه‌لى كورد ده‌بێت.
باس له‌وه ده‌كرێ تا ئێسته هێزه‌كانى پێشمه‌رگه نه‌بوونه‌ته هێزى نیشتمانیى یه‌كگرتوو و زیاتر مۆركى حزبایه‌تى پێوه دیاره، كه‌ى پێشمه‌رگه ده‌بێته هێزێكى نیشتمانى؟
پێشمه‌رگه هێزێكى نیشتمانییه و هه‌موو مه‌رجه‌كانى هێزى نێوده‌وڵه‌تى له‌ڕووى توانا و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له‌خۆ گرتووه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مۆركى حزبایه‌تى پێوه دیار نییه، شكستهێنان به داعش و قاره‌مانێتى ئه‌وان له هه‌موو دنیا ده‌رخه‌رى ئه‌و راستییه‌ن، پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن هێزی نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌كى زۆرباش راهێنراون، تا كورد هه‌بێ پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه هێزه‌كانى پێشمه‌رگه باوه‌ڕٍپێكراون و هیچ سته‌م و زۆردارییه‌كى لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت، هه‌ر پێشمه‌رگه بوو ده‌رگه‌ى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى مووسڵى به‌ڕووى هێزه‌كانی عێراقدا كرده‌وه و وره‌ى چه‌كدارانى داعشى رووخاند.
باس له‌وه ده‌كرێت سایكس-پیكۆ كۆتای هاتووه، ئێوه چۆن خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن؟
هیچ وڵاتێكى دنیا به‌ڕوونى و ئاشكرا باسى له‌وه نه‌كردووه كه سایكس-پیكۆ كۆتای هاتووه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆم له باشوورى كوردستان به‌هێزترین به‌ڵگه‌ى كۆتاهاتنى سایكس-پیكۆ ده‌بێت.
وه‌ك خۆت ئاماده‌ی جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه عێراق، یاخۆ له هه‌رێمى كوردستان و پۆستێكى تر وه‌ربگرى؟
ته‌مه‌نم رۆیشت و ناتوانم هیچ پۆستێك له عێراق و كوردستان وه‌ربگرم، هه‌موو جۆره پێوه‌ندییه‌كى سه‌ربازى و سیاسى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان‌م پچڕاندووه و وه‌ك تاكێكى ئاسایی له باشوورى كوردستان ده‌ژیم، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى كه‌سایه‌تى پێوه‌ندى باشم له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ته‌نانه‌ت هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش هه‌یه.
ئه‌مساڵ له سنوورى پارێزگاى دهۆك سێ جار له‌ناو عه‌شیره‌تى زێباری و عه‌شیره‌ته‌كانى تر شه‌ڕ دروست بوو و چه‌ند كه‌سێك كوژراون، ئایا بۆ ئه‌مه روو ده‌دات؟
هیچ شه‌ڕێك له نێوان زێبارى و عه‌شیره‌تێكى تر رووی نه‌داوه، ئه‌وه‌ى رووی داوه شه‌ڕێكى خێزانییه، به‌ڵام به هه‌وڵ و كوششه‌كانى سه‌ركردایه‌تى عه‌شیره‌تى زێباری هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه چاره‌سه‌ر كراون كه دادگا نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ریان بكات، به‌ڵام وا باشتره له‌مه‌ودوا ئیتر ته‌نیا رێگه‌ى دادگا و ئاسایش بگیرێته به‌ر، چونكه ئێمه له وڵاتێكدا ده‌ژین یاسا هه‌یه پێویست به چاره‌سه‌ریی عه‌شایریی ناكات.
رۆژه‌كانى خۆت چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌ى، ئایا ئێسته ئارامترن یاخۆ سه‌رده‌مى هه‌بوونى پله و پۆست؟ ئه‌ی ئێوه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵاتی به‌كار دێنن؟
من مروڤێكى كۆمه‌ڵایه‌تیم، له جیاتى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له رێى تۆڕه كۆمه‌ڵاتییه‌كان به‌هێز بكه‌م، راسته‌وخۆ ده‌چمه سه‌ردان و تا ئێسته فه‌یسبووكم نییه، له‌ناو ماڵ و منداڵه‌كانى خۆم ده‌ژیم و دڵخۆشم، ده‌مه‌وێت باقى ته‌مه‌نم له‌ناو خێزانم به‌سه‌ر ببه‌م و وا هه‌ست ده‌كه‌م ئێسته هاتوومه‌ته ناو ژیان و هه‌موو رۆژه‌كانى ته‌مه‌نم دێنێت كه له پۆست و پله‌دا بووم، ئێسته وه‌ك جووتیار و مرۆڤێكى ژینگه‌یى ده‌ژیم و رۆژانه چاودێریى كه‌ناڵه هه‌واڵییه‌كانى كوردى و بیانى ده‌كه‌م و هه‌موو به‌یانیان و شه‌وان وه‌رزش ده‌كه‌م، تاكه ئومێدم مابێت له ژیان ئه‌وه‌یه پێش ئه‌وه‌ى بمرم ده‌وڵه‌تى كوردى ببینم ته‌نانه‌ت بۆ رۆژێكیش بێت.
وشه/ دینارته- نه‌وزاد هلۆرى