پەڕواز حوسێن وەك خانمە هونەرمەندێكی كورد بەشداری فیستیڤاڵی جەرش دەكات،
جەڕش فێستیڤاڵێکی ساڵانەیە لە ئوردن بەڕێوە دەچێت و تیایدا جگە لە گۆرانی نمایشی
سەمای بالێ و سەمای شەرقی دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی تەمووز، پەرواز
حوسێن بۆ "وشە" رای گەیاند، دڵخۆشم بە بەشداریكردن لەو فیستیڤاڵە و
یەکەم جارە بانگهێشت دەکرێم بۆ بەشداریکردن.
زیاتر دەڵێ، بەڵێن دەدەم شەوێكی لەیاد نەکراو دروست بکەم لەو
فێستیڤاڵەدا، بەپێی بەرنامەکانی ئەو فێستیڤاڵە بڕیارە لەگەڵ هونەرمەند وەلید تۆفیق
بەشداری بكەم و بەیەکەوە گۆرانی تێدا پێشكەش دەكەین.
لەراگەیاندن و بڵاوكراوەی تایبەتی ئەو فیستیڤاڵەدا هاتووە كە هەریەك لە
گۆرانیبێژان وائیل كەفوری و نانسی عەجرەم و هانی شاكر و راغب عەلامە و دیانا كرازۆن
و نەوال زوغبی و چەندان هونەرمەندی تری ناسراوی میوزیك و گۆرانی عەرەبی بەشداری تێدا
دەكەن.
ئەو فیستیڤاڵە ڕۆژی پێنچ شەم 20ی تەمووز دەست پێ دەكات
و بۆ ماوەی 11رۆژ بەردەوام دەبێت، خانمە گۆرانیبێژ
پەڕواز حوسێن رۆژی چوارشەم 26ی تەمووز لەگەڵ گۆرانیبێژ
ولید تۆفیق سەعات 8:30 خولەكی شەو گۆرانی دەڵێن.
وشە/ شاخەوان
شیخانی