لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێم رای گەیاند، بەغدا 442 هەزار تەن
گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی وەرگرتووە و تا ئێستە دینارێکی بۆ رەوانە نەکردوون.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئەیلوول، غەریب پێنجوێنی لیژنەی کشتوکاڵ و
سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەمساڵ 442 هەزار تەن
گەنمی جووتیاران بە بەغدا فرۆسراوە بەڵام تا ئێستە حکومەتی عێراق یەک دینار لە
پارەی ئەو گەنمەی نەداوەتە جووتیاران.
ئاشکراشی کرد، تا ئێستە بەغدا دەستی بەسەر بڕی 660ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستاندا گرتووە کە هی ساڵەکانی 2014و 2015و 2016یە.
زۆربەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پارەی بنە
تۆوی ئەو گەنمانە قەرزدارن کە رادەستی حکومەتی عێراقیان کردووە و هەندێک لەو
جووتیارانە لەدوای ئەوەی ساڵی 2015پارەکەیان پێ نەدرا، لەوکاتەوە نەیانتوانیوە بەهۆی قەرزدارییەوە گەنم بچێنن و
زەوییەکانیان بەبێ کار ماوەتەوە.
پێنجوێنی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا
داوایەکی ئاراستەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا کرد و رای
گەیاند، پێویستە ئێوە وەکو نوێنەری کورد، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و
وەزیرە پێوەندیدارەکان بانگھێشتی پەرلەمان بکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بەر لەوەی گەنمی جووتیاران
رادەستی حکومەتی بەغدا بکرێت حکومەتی هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە و وەک غەریب
پێنجوێنی ئاماژەی پێ دەدات، لەڕۆژی ٢٥ی ئایاری ئەمساڵدا لەکۆبونەوەمان لەگەڵ حکوومەتی
ھەرێم پێشنیازمانکردوە، با گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن حکومەتی بکڕێتەوە و
عەمباری بکات، بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەکرا.