ئه‌مڕۆ سێشه‌م 18ى تهمووز، عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی ناوچه‌كانى زومار و شنگال، گردبوونه‌وه‌ی پشتگیری له ریفراندۆم و لكاندنى ناوچه‌كانیان به هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام دا. رێكخه‌رى گردبوونه‌وه‌كه‌ش ده‌ڵێ، ئه‌مه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه بۆ به‌رپرسه سیاسییه‌كانى عێراق به تایبه‌ت عه‌ماڕ ئه‌لحه‌كیم كه دژى ریفراندۆم وه‌ستاوه‌ته‌وه.
شێخ موزاحم ئه‌لحوێت گوته‌بێژى عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی له مووسڵ و رێكخه‌رى گردبوونه‌وه‌كه له لێدوانێكى تایبه‌ت به "وشه" رای گه‌یاند، ئامانجی گردبوونه‌وه‌كه پشتگیریكردنى ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ى عێراقی دژی ریفراندۆم ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت، "به‌شێكى تر‌ى داواكارییه‌كانمان لكاندن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ناوچهكانمانن بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان كه به درێژایی رووبار‌ى دیجله له شنگاله‌وه تا مه‌خموور ده‌گرێته‌وه، ده‌مانه‌وێت ناوچه‌كانمان كه ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ى ماده‌ى 140ى ده‌ستووری عێراق، بخرێنه سه‌ر كوردستان".
گردبوونه‌وه‌ى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بی له زومار، له‌كاتێكدایه زۆرینه‌ى به‌رپرسانى عێراقی دژى ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستانن.