شەڕە قورسەكەی داعش لەگەڵ حەشدی شەعبییە

:: AM:10:23:31/10/2016 ‌

گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ناو مووسڵ خۆیان كۆ كردووەتەوە و لە بەردەم بەرگرییەكی قورسدان بەرامبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و نایانەوێ بە ئاسانی بەسەریاندا تێ بپەڕن.

بەپێی ڕاگەیاندراوی خۆیان، دوو ڕۆژە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ كردووە و ئەو سنوورەش كە بۆ ئەوان دیاری كراوە، ڕۆژئاوا و باكوری ڕۆژئاوایە و ئەركەكەشیان بریتییە لە دوو خاڵ، ئازادكرنەوەی شارەدێی "تەلەعفەر" و گرتنی ڕێگەی سەرەكی و هەموو توولەڕێیەكانی نێوان مووسڵ و ڕەقەیە.

لە بەرامبەردا، چەكدارانی داعش ئەوانەی لە ناو شاری مووسڵدا ماون، عەرەبەكانن كە لای ئەبوبەكر بەغدادی سەردەستەی تیرۆریستان جێی متمانەن، چونكە پێشتر بیانییەكانی لە شەڕی میحوەرەكانی ڕۆژهەڵات و باشوور و لە كەركووك بە كوشت دا، بۆیە دەیەوێ لەگەڵ ئەوان تا پێیان بكرێ شەڕی ناو مووسڵ بكەن و دواتر كە چارەیان بۆ نەمایەوە بچنە ڕەقە.

لە نێوان پلانی حەشد و پیلانی داعش، بەیەكداچوونەوەی توند دروست دەبێت، چونكە ئەگەر حەشد نیازی وا بێت ڕێگەیان لێ بگرێ لە چوونەوە بۆ سووریا، چەكدارانی داعش بە هەموو شێوەیەك شەڕ دەكەن تا ئەو ڕێیە كراوە بێت، ئەمەش ئەركەكە لە بەردەم میلیشیاكان قورس دەكات، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریكا بە كۆتاهاتنی قۆناغی یەكەمی شەڕەكە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، بڕیاری كەمكردنەوەی بۆردومانی فڕۆكەكانی داوە.

چاودێرانی ئەمەریكی پێیان وایە، ئەگەر داعش لەناو مووسڵدا شەڕ بكات، دەبێتە خوێناویترین شەڕ لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە، چونكە هێشتا ملیۆنێك و 500 هەزار هاووڵاتی لە ناو شارەكەدا دەژین.

هادی عامری فەرماندەی ڕێكخراوی "بەدر" كە بەشێكە لە میلیشیای حەشدی شەعبی و ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە هاوكاری دەكرێ و چەند جارێك قاسم سلێمانی و هێزەكەی لەگەڵیدا بینراون، ڕای گەیاند كە خۆكوژانی چەكدارانی داعش لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێك هێرشیان كردوونەتە سەر.

هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا بۆ "ڕۆیتەرز" گوتوویەتی: ئەم شەڕە هەرگیز نابێ وەك گەشتێك تەماشا بكرێت، ماوەیەكی زۆریش دەخایەنێ، بۆیە پێویستیمان بەوپەڕی وردبینییە و دەبێ پشوومان درێژ بێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقیش، داعش لە ماوەی ئەو 48 سەعاتەی ڕابردوودا، بە بەردەوام هێزی بۆ تەلەعفەر بردووە و كۆی كردوونەتەوە، چونكە نایەوێ شەڕی ئەو شارە ئاسان تێپەڕێ، لەوێش هاوشێوەی مووسڵ، هاووڵاتی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنێ.

تەلەعفەر شارۆكەیەكی سەر بە پارێزگای مووسڵە، دەكەوێتە دووری 48 كم لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكی 100 هەزار كەس دەبێت كە زۆرینەیان توركمانی شیعەن لەگەڵ ڕێژەیەك لە كورد و عەرەب و خاڵی سنووریی كوردستانە لە ڕووی جوگرافیاوە.

پێشتر  ئەحمەد مەدلوول جەربا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر شاری مووسڵ ڕای گەیاند، كە تەلەعفەر بۆمبێكی چێنراو دەبێ و شەڕێكی قورسی لێ دەكرێ، بەهۆی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و مەزەوییەی هەیەتی، هەرگیز داعش قبووڵی نییە شارەكە بۆ هێزێكی شیعە مەزەو چۆڵ بكات.

هۆكارێكی تر كە شەڕی داعش و حەشدی شەعبی سەخت دەبێ، بریتییە لەو ململانێ مەزەوییانەی نێوان ئەو دوو هێزە، هەردووكیان لە ڕوویەكی ئاینییشەوە دەڕواننە شەڕەكە و دەیانەوێ نەیارە دێرینەكەیان كە بۆ ماوەی چەند سەدەیە دژی یەكن، كۆتا پێ بێنن، بۆ ئەمەش داعش ئەگەری هەیە هەلەكە بقۆزێتەوە، تا وڵاتە سونەكان ئەو شەڕە ڕاگەیاندنەی لە دژیان دەیكەن، ڕابگرن.

لای خۆشییانەوە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پێشبینی شەڕێكی مەزەویی گەورەیان كرد لەلایەن ئەو دوو هێزەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لەڕووی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە، هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش، دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتی بێ چەك و منداڵ و ژندا كردووە.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوەكان: شەرق ئەوسەت، ڕۆیتەرز، فڕانس پرێس، ویكیپیدیا


وشە - كوردۆ شابان