دۆزینەوە.. پشكنینێكی هەستیار و خێرا بۆ شێرپەنجەی میزڵدان

:: AM:09:30:19/07/2017 ‌

بەپێی راپۆرتێكی (Cancer Research)ی بەریتانی كە لە دوایین پێشكەوتنی پزیشكی لە بواری تاقیگەیی و پشكنیندا زانستخوازان و توێژەرانی زانستی لە بواری زانستە پزیشكییەكاندا لە زانكۆی لیۆنی فڕەنسی، توانییان پشكنینێكی نوێ و تەواو هەستیار بۆ دیاریكردنی شێرپەنجەی میزڵدان پەرە پێ بدەن بە بەراورد لەگەڵ ئەو پشكنینانەی كە پێشتر كاریان پێ دەكرا.

شێرپەنجەی میزڵدان بەو جۆرە نەخۆشییە وەسف دەكرێت كە لە بەشێك یا چەند بەشێكی میزڵدان شانەكان بەشێوەیەكی ناتەندروست گەشە دەكەن كە لە ئەنجامدا تۆپەڵەیەكی گرێ ئاسا لە ناوپۆشی میزڵدان دروست دەبێت، بەڵام لە هەندێك دۆخی پێشكەوتووی نەخۆشییەكە، خانە شێرپەنجەیییەكان بەربڵاو دەبن و تێكەڵ بە شانە ماسولكەیییەكانی میزڵدان دەبن.

لە باوترین نیشانەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان، بریتییە لە بینینی خوێن لەنێو میزدا كە زۆر جار بە رێژەیەكی ئەوتۆ دەبێت ڕەنگی میز دەگۆڕێت بۆ ڕەنگێكی قاوەیی سوورباو، هاوكات لە ئاستە پێشكەوتووەكانی نەخۆشییەكە نیشانەكان زیاتر پەرە دەسێنن بۆ هەستكردن بە سووتانەوە و ئازار لە كاتی میزكردندا، ئازار لە ئێسك و حەوز، هەروەها هەڵئاوسانی پێ و لە دەستدانی كێش. بەڵام ئەوەی كە شایەنی باسكردنە زۆرینەی نەخۆشییەكانی پێوەست بە كۆئەندامی میز و میزەڕۆ، هەمان نیشانەكانی دەركەوتنی خوێن لە میزدا بوونی دەبێت وەك هەوكردنی میزەڕۆ و ناتەندروستی و بەردی گورچیلە و هەڵئاوسانی رژێنی پڕۆستات لە پیاواندا.

  بەو پێیەی كە پشكنینە نوێیەكە لە 7 تەمووز/یۆلیۆی 2017 لە گۆڤاری زانستی British Journal of Cancer بڵاو كرایەوە، پشكنینەكە لە ژێر ناوی دیاریكردنی پڕۆتینی (TERT)ە بە مەبەستی دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی میزڵدانی دووبارە گەڕاوە بۆ كەسی تووشبوو بە ئاستێكی هەستیار و خێراتر لەو پشكنینەی كە تا ئێستە بە شێوەیەكی بەردەوام لە تاقیگەی نەخۆشخانەكان بەكار دێت بە ناوی (Cytology Test).

پێشكەوتوویی ئەم پشكنینه لە لایەن پڕۆفیسۆر ئالین رۆفن لە زانكۆی لیۆن باسی لێوە دەكرێت، كە‌ لە چەند خاڵێكی گرنگ خۆی دەبینێتەوە بە بەراورد لەگەڵ ڕێگە باوەكانی دیاریكردنی شێرپەنجەی میزڵدان، سەرهەڵدانی نەخۆشییەكە لە ئاستە سەرەتایییەكانی دەستنیشان دەكرێت و پزیشكی پسپۆڕ چارەسەری خێرای بۆ دەكات بەر لە بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەیییەكان، زۆر بە وردی و هەستیاری جۆری نەخۆشییەكه دیاری دەكات كە شێرپەنجەی میزڵدانە یاخود هەوكردنی میزڵدانه، وەهەروەها ئەنجامەكان بەهۆی ئامێری تایبەتی پزیشكییەوە دەخوێنرێنەوە بەبێ بەكارهێنانی كاری دەستی پزیشكی پسپۆڕ. بەو شێوەیە ئەم دۆزینەوە نوێیە دەتوانێت لە داهاتوودا ژمارەیەكی بەرچاو لە گیانی كەسانی تووشبوو رزگار بكات كە لە سەرەتای دروستبوونەوەی ئەو نەخۆشییە كوشندەیه ‌و ڕەنگە لە دواكەوتنی دۆزینەوەی جۆری نەخۆشییەكە گرفتی تەندروستی خراپی لێ بكەوێتەوە‌. ‌‌

بەریتانیا/تۆڵە فەرەج.
* سەرچاوە: دەزگای تەندروستی Cancer Research



وشە - باز ئه‌حمه‌د