بەشێک لە بانكە ئەهلییەكان مەترسی گەورەن بۆ سەر داهاتووی كوردستان

:: AM:10:29:19/07/2017 ‌
دوای دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان و ورووژاندنی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، یەكێك لەو كێشانەی چاوەڕوانكراوە بەغدا بۆ كوردستان دروستی بكات، ورووژاندنی دۆسیەی قەرز و پابەندی داراییە كە بەشێک لە بانكە ئەهلییەكانی كوردستان رۆڵی خراپیان تیادا بینیوە. پسپۆڕانی كاروباری بانك ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەو بانكانە هاوكاری بەغدا دەكەن و هیچ لایەنێك لێیان ناپێچێتەوە و لە داهاتوودا كێشەی گەورە دروست دەكەن.

بانكە ئەهلییەكانی كوردستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی کە لە كوردستان دەکرێنەوە، دەبێت لقێك بن سەر بە بارەگای سەرەكی كە لە بەغدا دادەمەزرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت گەرەنتی لقی لاوەكی بانكەكەی بكات لە كاتی كێشەی دارایی. هەروەها دەبێت بانكی ئەهلی لە كاتی كردنەوەی لقی لە كوردستان، سەرمایەی لە بانكی ناوەندی هەرێم هەبێت، بۆ ئەوەی گەرەنتی بێت بۆ داهاتووی بانكەكە، لە هەمان كاتدا پێویستە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست باج بدات بە حكوومەتی هەرێم بەپێی داهات و قازانجی ساڵانەی. 

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئێستە لەبەر تەنگژەی دارایی بە قسەی بانكە ئەهلییەكان بێت، حكوومەتی هەرێم و بانكی ناوەندی كوردستان پارەیەكی زۆری بانكە ئەهلییەكان قەرزدارن. بەگوتەی شارەزایانی ناوخۆی كوردستان بۆ راگرتنی هاوسەنگی و بەردەوام نەبوونی ئەو دۆخە لە لێڵی، پێویستە حكوومەت بە لیژنەیەكی بێلایەن و شارەزا لە چۆنیەتی بنیاتنان و سەرمایەی بانكی و رێگەپێدانی بانكەكە و پاكانەی لە باجەكان، بكۆڵێتەوە، چونكە ئەم كەیسانە لە داهاتوودا لەلایەن بەغداوە دەجووڵێندرێن.

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی "وشە" كردوویەتی، بانكی ئەهلی لە سنووری هەرێمی كوردستان لە هەندێک حاڵەتدا كێشەی زۆریان بۆ بانكەكانی حكوومەت و متمانەی لایەنە پێوەندیدارەكانی بیانی دروست كردووە لە ڕاییكردنی كاروباری بانكی. بۆ نموونە، بەبێ ئەوەی كەسێك ئەژمێرەی تایبەتی هەبێت لە بانك، ئەو بانكانە لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارە، ئەژمێرێكی وەهمی بۆ دەكەنەوە و دانان و دەركردنی پارەی لەسەر تۆمار دەكەن، بێ ئەوەی پرۆسەكە ئەنجام درابێت، دیارترین ئەم حاڵەتە لە كاتی داواكردنی ڤیزای ئەورووپا روو دەدات. لە كاتێكدا ئەم كردارە تەواو نایاساییە لە كاروباری بانكی و سیستەمی بانكی نێودەوڵەتیدا، كەچی لە كوردستان بە ئاشكرا دەكرێ.

پسپۆڕانی بواری بانك، بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدەن كە لایەنی خراپی ئەم بابەتە ئەوەیە لە كاتی هاوسەنگكردنی حساباتی ساڵ، ئەو بڕە پارەیە دەردەكەوێت و كاتێك بانكی نێودەوڵەتی بیهەوێ پشكنین بكات، هەست بە تەنگژەی دارایی ناكات و كاری بانكە ئەهلیەكان بە باشتر لە كاری بانكە حكوومیەكان لە قەڵەم دەدات، ئەمەش دەبێتە شكست بۆ كوردستان".

نموونەیەكی تری سەرپێچی بانكە ئەهلییەكان ئەوەیە، ژمارەیەكیان كڕین و فرۆشتنی زۆریان بە چەكی بانكی بە بەڵێننامەی بانكی حكوومی كردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی راگەیاند "ئەگەر سەیری كێشەی بانكە حكوومییەكانی كوردستان بكەی لە ساڵانی تەنگژەی دارایی، زۆربەی كێشەی بانكەكان چەكی كڕاوەی بازاڕی بانكە ئەهلیەكانە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی حكوومەت لە سەرەتای ٢٠١٥ بە ڕێژەی ٧٠% كەم بكات، چونكە بانكە ئەهلییەكان ئەو چەكانەیان لە بازار دەكڕیەوە بە كەمتر لە چواریەكی بەهای ڕاستەقینەی خۆی، ئەمەش نایاساییە و دواتر بەشێوەی چەكی بچووك دەفرۆشرایەوە بە خەڵك بە نرخێكی كەمتر بۆ ئەوەی كاری حكوومیان پێ ڕایی بكەن و بەوە گورزێكی كوشندەیان لە داهاتی حكوومەتی هەرێم دا".

هەندێک بانكی ئەهلی ئێستا بە تریلیۆن دینار پارەی نەوت و بەڵێننامە و چەکی لە بازارەكانی هەرێمی کوردستان كڕیوەتەوە و داخلی حسابی تایبەت بە خۆی كردووە و بووەتە رەسید بۆی، ئەمەش حكوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەكات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم بڕە پارەیە بداتەوە بە بانكە ئەهلییەكان بێ ئەوەی سەرچاوەی پارەی بانكەكانیان ئاشكرا بێت. 

بەگوتەی پسپۆڕانی كاری بانكی، مەترسی ئەم حاڵەتانە لەوەدایە ئەگەر حكوومەتی ناوەند بیهەوێ دۆسیەی ئەم بانكانە بجووڵێنی دەتوانێ بەشێویەكی ئاسان، حكوومەتی هەرێم پابەند بكات بە دانەوەی ئەم بڕە پارەیە.

 لە ساڵانی رابردوودا چەندان بانكی ئەهلی تووشی كێشەی دارایی هاتوون و داخراون، بێ ئەوەی پابەندییە دارایییەكانی خەڵك جێبەجێ بکەن، هەرچەندە ئەو سكاڵایانە لە دادگاكانی كوردستان كەوتوون و كەس ئاوڕی لێ ناداتەوە.

سەرچاوەكەی "وشە" گوتی "لە رێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە بڕە پارەی گەورە و زۆری نەوت و بەڵێننامە لە بەغدا خەرج كراون، لە كاتێكدا ئەم كەیسە پێوستی بە چاودێریی چڕ هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بێ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی لەسەر کەڵەکە بێت، چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرچاوەکە بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە سەرجەم بانکە ئەهلییەکان رۆڵی خراپیان نەبینیوە و بەشێکیان رۆڵی ئەرێنییان هەبووە.
بە پێی خەملاندنی ئەو لێپرسراوەی حەزی نەکردووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە داهاتوودا ئەو بانکانە بە دەیان ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر قەرزێکی قورسەوە. بۆ نموونە بەغدا دوای راگەیاندنی دەوڵەت دەتوانێت پارەی ئەو بانکە ئەهلییانە لە قەرزی جووتیاران ومافەداراییەکانی تری هەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە.





وشە - تایبه‌ت