گرێبەستەكەی بەرشەلۆنە و پاولینیۆ بەكوێ گەیشت؟

:: AM:11:14:19/07/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە چیتر ئەو پارانە زیاد نەكات كە بۆ كڕینی ئەستێرەی بەڕازیلی پاولینیۆ لە یانەی گوانگزهۆی چینی دیاری كردووە.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی رابردوودا بەفەرمی دەستەوارەیەكی بەبەهای 25 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت پێشكەش بە یانەی گوانگزهۆ كردبوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی پاولینیۆ.

لەبەرامبەریشدا یانە چینییەكە تا ئێستا رەتی دەكاتەوە دەستبەرداری پاولینیۆ بێت بە كەمتر لەو پارەیەی كە لە گرێبەستەكەی نێوانیاندا ئیمزا كراوە.

مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی پاولینیۆ لەگەڵ یانە چینییەكە برێتییە لە 40 ملیۆن یۆرۆی تەواو، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە رەتی دەكاتەوە بەو پارەیە ئەو یاریزانە بكڕێ.

لای خۆشییەوە یاریزانەكە دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی گوانگزهۆ بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ بكەن تا لە رێگەیەوە بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە هەوڵ دەدات لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ پاولینیۆ ئیمزا بكات تا لە وەرزی داهاتوودا كێشەكانی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەی چارەسەر بكات دوای ئەوەی بێ هیوا بوو لە هێنانی ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی ئیتاڵی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە لە چەند رۆژی رابردوودا توانیبوویان ئەو یاریزانە تەمەن 28 ساڵییە رازی بكەن بە مووچەی ساڵانەی 5 ملیۆن یۆرۆ روو لە یانەكەیان بكات لە كاتێكدا مووچەی لە یانە چینییەكە برێتییە لە 9.5 ملیۆن یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م