گۆڕان ریكلام بۆ بازرگانە چاوچنۆكەكان دەكات
نهێنی بڵاوكردنەوەی دەنگۆی داخستنی سنوورەكان ئاشكرا دەبێت

:: PM:12:14:19/07/2017 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان هەڵمەتێكی ترساندنی خەڵكی دەست پێ‌ كردووە و دەنگۆی ئەوەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاو كردووەتەوە گوایە ڕیفراندۆم بكرێت، سنوورەكان دادەخرێن و هەموو شتێك نامێنێت و گران دەبێت، ئەوەش وای لە بەشێك لە خەڵكی كردووە گەنم و شمەكی تر پاشەكەوت بكەن. بەڵام قازانجی گەورە ئەو بازرگانانە دەیكەن كە شتومەكی زۆریان كۆگە كردووە و "كاتی بەسەرچوون"یان نزیك بووەتەوە و ئەو دەنگۆیە بۆی كردن بە پارەی كاش. لە كاتێكدا هیچ وڵاتێك نەیوتووە سنوور دادەخەین و كوردستان فڕۆكەخانە و سنووری بەدیلی هەیە.

دیاریكردنی وادەی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا و بەشدارنەبوونی گۆڕان لە كۆبوونەوەی دیاریكردنی وادەكەدا، ئەو حزبەی وا لێ‌ كرد بكەوێتە دژایەتی ڕیفراندۆم و وا لە خەڵك بگەیەنێت، ڕیفراندۆم مەترسی بۆ سەر ژیان و گوزەرانیان دروست دەكات و ئەوەش وای لێ‌ كردوون گەنم و شمەك پاشەكەوت بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە كوردستان پێویستی ساڵانەی بە گەنم 300 هەزار تۆنە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی هەموو ساڵێكی زیاتر لە ملیۆنێك تۆنە. 
عەبدوڵا عوسمان هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی و تەمەنی 43 ساڵە و لەناو بازاڕی سلێمانی دووكانی فرۆشتنی وشكەی هەیە، ئەو بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، ماوەیەكە خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە كڕینی گەنم و خۆراكی وشكە كردووە و پاشەكەوتی دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێی ڕێكخستنەكانییەوە ئەو ترسەی لەناو خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانیدا بڵاو كردووەتەوە و گوامنی ئەوە دەكرێ بە رێككەوتن لەگەڵ ژمارەیەك بازرگان ئەو دەنگۆیە تەشەنە پێ بدەن.
بڵاوكردنەوەی دەنگۆی كەمبوونەوەی پێداویستی خۆراك لە كاتێكدا هیچ وڵاتێك رای نەگەیاندووە سنوور لەسەر دەوڵەتی كوردستان دادەخات، جیا لەوەی گوتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا مانگی رابردوو بە فەرمی گوتی "سنوور داناخەین لەسەر هەرێمی كوردستان".
جەوهەر بەكر مامۆستا و تەمەن 38 ساڵ، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، "برادەرانی گۆڕان بەردەوام ئەوەمان پێ‌ دەڵێن كە مەترسی لەسەر هەرێم دروست دەبێت، ئێمەش بۆ ئەوەی بەرگری لە تەنگژە و گرانی بكەین هەندێ‌ خۆراك پاشەكەوت دەكەین".
بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەستاوەتەوە و پاساوەكەی لە ئێستەدا ئەوەیە كە دەڵێن جارێ‌ وادەی ڕیفراندۆم نەهاتووە و لە كۆمیتەی ئامادەكاری ڕیفراندۆمیشدا نوێنەریان نییە، بەڵام بە گوتەی بارزانی و سەركردایەتی كورد، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دواخستنی بۆ نییە.
محەمەد عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، گۆڕان دژی ڕیفراندۆم نییە، بەڵام پێی وایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئێستە كە بارودۆخی ناوخۆ شێواوە و سیاسەتی نێودەوڵەتی لەگەڵ نییە، گونجاو نییە.
لەبارەی بڵاوكردنەوەی دەنگۆی نەمان و قاتوقڕی دوای ڕیفراندۆم لەلایەن گۆڕانەوە، عەلی گوتی، "گۆڕان پێویستی بە ئەنجامدانی ئەو كارانە نییە، ئەوان موهاتەراتن و زۆر دەگوترێن، بەڵام ئەمڕۆ خەڵك هۆشیارە و بە ئاشكرا مەترسییەكانی بەردەم خۆی دەبینێت".
بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆیە لەلایەن گۆڕانەوە، نرخی كەلوپەل و خواردەمەنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرز كردووەتەوە و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەكرێت. ئەوەش بووەتە خێر بۆ گیرفانی ئەو بازرگانانەی لەڕێگەی ساغكردنەوەی كاڵای بەسەرچووەوە نەخۆشی مەترسیدار لەناو كوردستان بڵاو دەكەنەوە.
سیروان مەحموود سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، هەموو تۆنێك گەنم 100 هەزار دیناری چووەتە سەر، بەهۆی ئەوەی خەڵك كەوتووەتە پاشەكەوتكردنی خواردەمەنی.
لەلایەكی ترەوە بڵاوكردنەوەی ئەو ترسە لەلایەن گۆڕانەوە بۆ بەرژەوەندی بازرگانانی چاوچنۆك كەوتووەتەوە كە شتومەكی زۆری كۆگەكراویان هەیە و لەم وەرزی هاوینەدا ماوەیان بەسەر دەچێ، بەڵام ئەو دۆنگەیە بووە بە رزگاركەریان و پارەیەكی زەبەلاح قازانج دەكەن. بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی گۆڕان ئەوە پشتڕاست ناكاتەوە كە ئایا ئەو دەنگۆیە بە تەنسیق لەگەڵ بازرگانەكان دروست كراوە یاخۆ بۆ ترساندنی خەڵك و دوژمنایەتی دەوڵەتی كوردستانە.
گۆڕان كە لە هەموو پرسەكاندا دژی ئاراستەی كوردستان هەنگاو دەنێ، لەپێناو بەرژەوەندی خۆی ئارامی خەڵكی یەكسان كردووەتەوە بە سفر. بەڵام كوردستان ئێستە جیا لە سنووری توركیا و ئێران، فڕۆكەخانە و سنووری هەزار كیلۆمەتری لەگەڵ عێراق و سەدان كیلۆمەتری لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان هەیە. هەرچەندە توركیا و ئێران لە هیچ سەردمێكدا بازاڕی كوردستان لەدەستی خۆیان نادەن. ئەمە بە گوتەی شارەزایانی ئابووری.

سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - تایبه‌ت