چەند مەرجێکیان بۆ داندراوە
تاوەری کۆمپانیاکان زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان ناگەیەنن

:: PM:12:19:19/07/2017 ‌


ئەمڕۆ چوارشەم 19ی تەمووز، لە هوتێل رۆتانای هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە هاوكاری دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لە سمینارێكدا كاریگەری تاوەرەكانی پێوەندی تەلەفۆنیان لەسەر تەندروستی و ژینگە خرایە روو.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق نوێترین توێژینەوەی ناوەندەكانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی زیانی تاوەرەکانی پێوەندیی دەخاتەڕوو، جەخت لەوە دەكاتەوە كە دانانی تاوەرەكانی پەیوەندی لەناو شارو شارۆكەكان هیچ مەترسییەكی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست ناكات.

بەرپرسی هۆبەی "مایكرۆوێف" لە دەستەی پێوەندییەكانی عێراق ئامانجی سمینارەكە ئاشكرا دەكات كە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و دڵنیایی پێدانیانە بەوەی دانانی تاوەری كۆمپانیاكانی پەیوەندی هیچ زیانێكی تەندروستی بۆ سەر مرۆڤ نابێت.

سەعدی كازم، بەرپرسی هۆیەی مایكرۆوێف لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەركی دەستەیە زانیاری لەسەر نوێترین توێژینەوەی ناوەندەكانی نێودەوڵەتی بدەن بە هاوڵاتیان و ئەوانیش هەموویان رەتی دەكەنەوە تاوەری تۆڕەكانی پێوەندی كۆمپانیاكان هیچ زیانێكی نابێت بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ بە تایبەت پرسی شێرپەنجە كە لەماوەی رابردوودا دەنگۆی لەسەر هەبوو.

چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، سیمینارێكی دیكە لە شاری سلێمانی بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت، كە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم سپۆنسەری بۆ دەكات.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، شەش رێنمایی بۆ هاووڵاتیان و كۆمپانیاكانی پێوەندی لە بارەی تۆڕی كۆمپانیاكانی پێوەندی لە شار و شارۆكەكان رادەگەیەنێت.

پێنج خاڵی یەكەمی رێنماییەكان پێوەستن بەو بورجانەی كۆمپانیاكان لە گەڕەك و ناوچەكانی ناو شار دایدەمەزرێنن، گرنگترینیان نابێت بەرزی تاوەرەكان لە 15مەتر كەمتر بێت، لە خاڵی شەشەمی رێنماییەکەدا هاتووە، ئاستی زیان گەیاندن لە ئەنجامی تیشكی تاوەرەكانی كۆمپانیاكان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە دژوارترین باردا لە ئەنجامی زۆرترین دەرچوونی تیشكەوە، لە (0.4) میلی وات/سم2 زیاتر نابێت.

تۆفیق شێخانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم دەڵێ، ساڵانێكە بەدەست دانانی تاوەر لە ناوچە و گەڕەكەكان دەناڵێنین بەهۆی رێگری هاووڵاتیان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ترسی هاووڵاتیان دەرئەنجامی بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتانەیە كە دەزگاكانی راگەیاندن لە رابردوودا بڵاویان كردەوە، بۆیە ئێستاش دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی زۆر كاریگەریان دەبێت بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسەی لای هاوڵاتیان.

هەولێر/ فەرمان سادق



وشە - هیدایه‌ت جان