بەرپرسێكی گۆڕان له‌ پشت سووتاندنی یاریگه‌ی پێنجوێن بووه‌

:: PM:01:16:19/07/2017 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئاگر لە یاریگەی گەورەی تۆپی پێی شارۆكەی پێنجوێن كەوتەوە و زیانێكی زۆری مادیی بەركەوت، ئێستەش دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە بەرپرسێكی باڵای گۆڕان لە پێنجوێن لە پشت سووتاندنی یاریگەكەی پێنجوێنە.

سامان سابیر ئەفسەری بنكەی پۆلیسی پێنجوێن بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتە ئاگر لە بەشی سەرەوەی یاریگەی گشتیی پێنجوێن كەوتەوە و تیمەكانی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە بە پەلە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێ، دوای ئەوەی لەگەڵ ئاسایشی پێنجوێن دەستمان بە لیكۆڵینەوە كرد و توانیمان دوو تۆمەتبار بناسینەوە كە دەستیان هەبووە لە ئاگربەردان لە یاریگەی گشتیی پێنجوێن.

هەروەها گوتی، دوای ئەوەی تۆمەتبارەكان یەكلا بوونەوە، بە فەرمانی دادوەر هەردوو تۆمەتبارەكە كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیران و لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵ ئەنجام درا، ئەوان دانیان بە تاوانەكەیان ناوە و هۆكاری ئەم كارەیان بۆ هاندانیان لەلایەن بەرپرسێكی باڵای حزبێكی كوردستان لە پێنجوێن دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە بە "وشە" دراون، ئەو بەرپرسە حزبییەی كە لە پشت سووتاندنی یاریگەی گشتیی پێنجوێن بووە، بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانە و هانی ئەو دوو كەسەی داوە تا ئەو كارە ئەنجام بدەن، هەردوو گەنجەكەش كە ئاگرەكەیان كردووەتەوە خەڵكی پێنجوێنن.

لە بەرامبەردا سامان سابیری ئەفسەری پۆلیس ئامادە نەبوو ڕاستییەكە ئاشكرا بكات و گوتی، ئەو دوو كەسە لە لێكۆڵینەوەكاندا گوتوویانە كە دوای ئەوەی ئاگرەكەیان كردووەتەوە، نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی بكەن، بۆیە هەڵاتوون، ئێستەش بە فەرمانی دادوەر گیراون و لە گرتووخانە هێڵراونەتەوە.

شارۆكەی پێنجوێن لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و چەند یاریگەیەكی كەم لە نێو شارۆكەكە هەیە و وەرزشوانان و گەنجانی شارۆكەكە یاریی تێدا ئەنجام دەدەن، بە سووتاندنی یاریگەكە زیانی مادی زۆری لێ كەوتەوە و گەنجانیش لێی نائومێد بوون، چونكە یاریگەكە بە شوێنێكی ئارام و پڕ لە ئاسایش نابینن.

پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنی.





وشە - باز ئه‌حمه‌د