زێدان لیستی داواكارییەكانی پێشكەش بە سەرۆكی ریال مەدرید كرد

:: PM:02:19:19/07/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە لیستێك ناوی ئەو یاریزانانەی داوەتە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكەی بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ بەن.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: چەند رۆژێك پێش ئێستا یانەی ریال مەدرید دەستبەداری خامیس رۆدریگیز بوو بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و هەروەها نزیكە ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەر و دانێلۆی بەگریكاریش بفرۆشێ.

بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو یاریزانانەش، زێدان لیستێكی داواكارییەكانی پێشكەش بە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كردووە تا لە رێگەیەوە بۆ وەرزی داهاتوو بتوانن پارێزگاری لە ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بكەن.

زێدان بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دانیڵۆ ناوی دوو یاریزانی لە لیستەكەدا تۆمار كردووە كە ئەوانیش برێتین لە گابریێل سیدیپێ لە یانەی مۆناكۆی فڕەنسی و تۆماس مونیێ لە یانەی پاریس سان جێرمان.

لە لیستەكەی زێدان ناوی چەند ئەستێرەیەكیش هاتووە لەوانە دێڤید ئەلابای بەرگریكاری یانەی بایرن میونشن، كیلیان مباپێی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆ و ئیدین هازاردی ئەستێرەی یانەی چێڵسی.

یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا چەند گرێبەستێكی نوێی ئەنجامداوە كە ئەوانیش برێتین لە دانی سیپایۆس لە یانەی ریال پیتیس، تیۆ هێرناندیز لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، هەروەها خیسۆس ڤاییخۆ و ماركۆس یۆرنتی و بۆرخا مایۆرالیشی گەڕاندووەتەوە.

یانەكە تا ئێستا بەفەرمی 2 یاریزانی فرۆشتووە، خامیس رۆدریگیزی بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی 2 وەرز دایە یانەی بایرن میوشن، پیپی بەرگریكاری پورتوگالیشی بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر چووە ریزی یانەی بێشكتاشی توركی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م