یەكێتی لە كوردستان داوای یەكڕیزی دەكات و شاندی حزبیشی ڕەوانەی دەرەوە كرد

:: PM:02:44:19/07/2017 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر كاتێك شاندەكانی كوردستان دەچنە وڵاتانی دەرەوە، داوا دەكات شاندەكان نیشتمانی بن و دوور بن لە شاندی حزبی، بەڵام ئێستە شاندێكی لە تارانە و جیا لەوەی نوێنەری لە كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم هەیە، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باس لە ڕیفراندۆم دەكەن. ئەندامێكی كۆمیتەی ڕیفراندۆم ئەمە بە باش نازانێ و دەڵێ "شاندی حزبی سەنگ و پێگەی ئەوتۆی نابێ". شارەزایەك سەری سڕماوە لەوەی "یەكێتی باسی كۆدەنگی نیشتمانی و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات، بەڵام خۆی بە شاندی حزبی سەردانی وڵاتان دەكات".

شاندێكی حزبی بۆ پرسێكی نیشتمانی
لە ماوەی ڕابردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی سەردانی ئێرانی كرد، بەدوایدا، شاندێكی باڵای یەكێتی گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران. وەك ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژەی بۆ كرد، شاندەكە باسی ڕیفراندۆم و پرسی گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەكان لەلایەن ئێرانەوە لەسەر كوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی تاران تاوتوێ دەكەن.
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە ساڵی 2012 بۆ چارەسەری گرفتەكان و ڕێگری لە دەستوەردانی حزب لە كاروبارەكانی حكوومەت پڕۆژەیەكی ڕاگەیاند، یەكێك لە خاڵەكانی نەهێشتنی پێوەندییە حزبییەكان بوو لەگەڵ وڵاتان و بەستنەوەی پێوەندییەكانی دەرەوە بوو بە حكوومەت، بەڵام یەكێتی ئێستە تەواو دژی هەڵوێستەكانی مام وەستاونەتەوە و بە شاندی حزبی چوونەتە ئێران و باسی گرنگترین پرسی نیشتمانی كوردستان دەكەن كە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیییە و ئێران بە فەرمی رای گەیاندووە كە دژیەتی.
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە پارتی شاندێكی وای ڕەوانەی وڵاتێك بكردایە، بەرپرسانی یەكێتی و میدیاكان دەیانكرد بە هەڵا، یەكێتی لەو كارەدا هەڵەی كرد و ئەو ڕەخنانەی پێشتر لە پارتیمان دەگرت، دەركەوت ئێستە یەكێتی خۆی جێبەجێی دەكات، پارتی و حزبەكانی تریش پابەندن بە كۆمیتەی ڕیفراندۆم كە نوێنەرایەتی پێكهاتە و ئاین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان دەكات.
هەروەها گوتی، هۆی چوونی ئەو شاندە حزبییە بە فشاری ئێرانە، تاران دەیەوێ لەگەڵ حزبەكان مامەڵە بكات بۆ ئەوەی بتوانێ كەلێن بۆ كۆسپ خستنە بەردەم ڕیفراندۆم دروست بكات، بۆیە باڵوێزی تاران كە سەردانی كوردستانی كرد، لەگەڵ حزبەكان كۆ بووەوە نەك كۆمیتەی ڕیفراندۆم.

كۆمیتەی ڕیفراندۆم: كارێكی باش نییە
یەكێك لە ئامانجەكانی پێكهێنانی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوەیە لە دانوستاندن و شاندەكان نوێنەری نەتەوە و ئاین و پێكهاتە و حزبەكانی كوردستان بەشدار بن و شاندی حزبی لە دانوستاندن و سەردانی وڵاتان دوور بخرێنەوە. محەمەد ئیلخانی نوێنەری توركمانەكان لە كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، مادام كۆمیتەی ڕیفراندۆم دانراوە، پێویستە شاندەكان لە تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان پێك بێن و بەم شێوەیە سەركەوتنی زیاتر بەدەست دێ، چونكە وڵاتان كە حزبێك بچێ داوایەك بكات، وەك داوای حزبێك سەیری دەكەن نەك هی هەرێمێك، هەر حزبێك دەتوانێ بە پێوەندییەكانی خزمەت بە پرۆسەكە بكات، با بێت كەسێكی خۆی بكاتە سەرپەرشتی شاندی هاوبەش و بچێتە ئەو وڵاتەی پێوەندی لەگەڵی باشە.

سیاسەتی بانێك و دوو هەوا 
شارەزایان هاوڕان لەسەر دژیەكی و دووفاقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سیاسەتكردندا، ئەوان لەلایەك داوا دەكەن ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە و پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كۆدەنگی نیشتمانی دروست بكرێ، لەلایەكی تریشەوە بە شاندی حزبی دەچنە تاران و باسی ڕیفراندۆم دەكەن، ئەمەش پێڕەوكردنی سیاسەتی بانێك و دوو هەوای لەناو خەڵك لێ كەوتووەتەوە.
د. ساڵح عومەر پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین، بۆ "وشە" گوتی، لایەنەكان بە یەكێتیشەوە لە كۆبوونەوەی حەوتی حوزەیران دووپاتیان كردەوە پرۆسەكە نیشتمانییە و دەبێ هەمووان بەشدار بن لە هەنگاوەكانی، بەڵام ئێستە ڕۆیشتنی یەكێتی بۆ تاران و گفتوگۆ لەسەر ڕیفراندۆم، نیشانی دەدا كە یەكێتی دەیەوێ لە ڕوانگەیەكی حزبییەوە سەیری پرسەكە بكات، دژی ئەو دروشمانەش كار دەكات كە دەڵێ دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كۆدەنگی نیشتمانی دروست بكرێ، بەڵام خۆی تەنیا دەچێتە تاران گفتوگۆ دەكات. 
"ئەم دوو پرسە دەری دەخات كە دژیەكی و بەرهەڵستی یەكجار زۆر لە هەڵوێستەكانی یەكێتی بەرامبەر سیاسەتەكانی خۆی هەیە" پسپۆڕەكە وای گوت.

جێی باسه‌ ئێواره‌ی دوێنێ شانده‌ حزبییه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ تاران گه‌ڕایه‌وه‌ باشووری كوردستان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د