سه‌نته‌ری بۆچوونه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا به‌راوردێك له نێوان ئێسته‌ی عێراق و داهاتووی كوردستان ده‌كات ئه‌گه‌ر بێت و ببێته وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ كه ئایا كامیان شكستخواردوو ده‌بن، ئایا ئه‌وه ڕاسته كه ده‌گوترێ وڵاته سه‌ربه‌خۆكه‌ی كوردستان سه‌ركه‌وتوو نابێت.
رهیچهڵ ئه‌ڤراهام ئاماده‌كاری ڕاپۆرته‌كه نووسویه‌تی، بابه‌تێك له هه‌واڵه‌كان بڵاو كرابووههوه، باسی له‌وه ده‌كرد ده‌وڵه‌تی كوردستان وڵاتێكی شكستخواردوو ده‌بێت، كێشه‌كانی ئاو و سنوور و میلیشیاكان ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له كاتێكدا من نامه‌وێ ئه‌و كێشانه بچووك بكه‌مه‌وه كه كورده‌كان له كاتی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، به‌ڵام بوونی ئه‌و به‌ربه‌ستانه مانای ئه‌وه نییه كوردستان ده‌وڵه‌تیكی شكستخواردهوو ده‌بێت، ژیان له‌ژیر ده‌سه‌ڵاتی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژیان له‌ژێر حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانیدا، ده‌یسه‌لمینێت كامیان ده‌وڵه‌تی شكست خواردوون.
سه‌نته‌ری "فۆڕینه پۆلیسی"، ساڵی 1918 دامه‌زراوه، واته نزیكی سه‌د ساڵه توێژینه‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كات و له‌لایه‌ن بڕیارده‌رانی ئه‌مه‌ریكاوه جێگه‌ی بایه‌خه، ئه‌وانه‌ی له‌و سه‌نته‌ره ده‌نووسن و توێژینه‌وه ده‌كه‌ن، كه‌سانی ڕۆژنامه‌نووسی به ئه‌زموون، پسپۆڕانی ئه‌كادیمیی، كه‌سایه‌تیی سه‌رمایه‌دار، دامه‌زراوه‌ی فیكری و بیرمه‌ندی گه‌وره‌ن و هه‌میشه چاودێریی گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژ ده‌كه‌ن.
قۆناغی مالیكی
ئه‌ڤراهام نووسیویه‌تی، له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی مالیكی‌دا، سوننه‌كان ئه‌شكه‌نجه ده‌دران، ده‌ستدریژییان ده‌كرایه سه‌ر، سووكایه‌تییان پێ ده‌كرا، به‌هۆی جیاوازیی مه‌زه‌وییه‌وه له‌ناو ده‌بران. ڕیژه‌ی سوننه له به‌غدا له نیوان ساڵانی 2003-2007 له %45 بۆ %25 كه‌می كردوو له ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ش دا، به‌عسییه‌كان ده‌ستیان به كرده‌وه‌ی خوێناوی كرد، وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل و رفاندن و چه‌ندان كرده‌وه‌ی تری تیرۆرستی. هه‌ر ئه‌وه‌بوو په‌لی هاوێشت بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و به‌و هۆیه‌وه هه‌زان هاووڵاتیی بێ تاوانی عێراقی كوژران. ئه‌مانه وای كرد، ئه‌مه‌ریكا جموجۆڵی خۆی به شێویه‌كی ئاگاهییانه ده‌ست پێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سوننه‌كان لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان له قاعیده بكه‌ن نه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته‌ش هیچ ده‌سكه‌وتێكی بۆ سوننه‌كان نه‌بوو، مالكی په‌یمانه‌كه‌ی نه‌برده سه‌ر و سوننه‌كانی تووشی بێكاریی و نه‌هامه‌تیی زیاتر كرد هانی دان بۆ توندووتیژی، له ده‌ره‌نجامدا سوپای عێراق بوو به سوپایه‌كی شیعه و یه‌كێتیی عێراقی به ته‌واوی له‌ناو برد.
دوای ئه‌وه‌ی ئۆباما بووه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و بڕیاری دا هێزه‌كانی له عیراق بكشێنیته‌وه، مالیكی ده‌ستی به كه‌مپه‌ینێكی سیسته‌ماتیك كرد بۆ له‌ناوبردنی كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت و جێگرتنه‌وه‌ی به حزبه‌كه‌ی خۆی و كه‌سانی پرۆڤێشناڵی له‌سه‌ر كار لابرد و لایه‌نگرانی خۆی له جێگه دانان، هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵی گه‌یشته لووتكه، وه‌ك له راپۆرتێكی "نیۆرك تایمز"دا هاتووه، له سه‌رده‌می مالیكی‌دا 220 ملیار دۆلار كه بودجه‌ی شه‌ش هه‌زار پرۆژه بووه، دیار نه‌ماوه و تا ئێسته هیچ كام له‌و پرۆژانه جێبه‌جی نه‌كراون، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 70 ملیار دۆلار له خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت ده‌رهێنراوه و تا ئیسته نهگهرێنراوهتهوه. رهیچهڵ ئه‌ڤراهام وای نووسیوه.
تووڕه‌یی خه‌ڵك و هه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكا
نووسه‌ره‌كه‌ی سه‌نته‌ری فۆڕینه پۆلیسی هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، له ساڵی 2010، خه‌ڵكی عێراق له گه‌نده‌ڵییه‌كانی مالیكی بیزار بوون، ئه‌مه‌ش وای كرد، هه‌ڵبژاردنه‌كانی دۆراند و شكستی هێنا له‌وه‌ی جارێكی تر ببێته كه‌سێكی مۆدێرنی پرۆ-رۆژئاوایی كه له وڵاته‌كه‌یدا هه‌موو نه‌ته‌وه و مه‌زه‌وه جیاوازه‌كان پێكه‌وه بژین.
وێڕای ئه‌و شكسته‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان دووچاری مالیكی هات، به‌ڵام ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا پشگیرییان كرد له ده‌سه‌ڵات بمێنیته‌وه، ئه‌وه‌ش شكاندنی ده‌ستووری عێراقی بوو، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كان قوڵتر ببنه‌وه، ئیران له‌به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی چه‌ند وه‌زاره‌ت و شوێنیكی هه‌ستیار پشتی مالیكی گرت و یه‌كه‌م كاریشی دوای ئه‌وه دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك بوو بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژموونی رۆژئاوا له ناوچه‌كه و توانیان ئه‌مه‌ریكا له عێراق دووربخه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ریكاش كشایه‌وه و تا ساڵی 2014 خراپترین ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه برد و چه‌ندان ده‌ره‌نجامی خراپی لێ كه‌وته‌وه.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێ، مالیكی دوای ده‌سگیركردنی تارق هاشمی سوننهكاتی توڕهتركرد و هاشمی ناچار بوو وڵات جێ بهێڵێت و دواتر بڕیاری له سیداره‌دانی به بێ ئاماده‌بوونی خۆی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، ئه‌مه‌ش وای كردووه تا ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بژی.
هاشمی تاكه قوربانی سه‌رده‌می مالیكی نه‌بوو، مالكی هێزه ئه‌منیه‌كانی خۆی بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌یاره‌كانی به‌كار ده‌هێنا، سه‌دان هه‌زار سوننی تووشی ئه‌شكه‌نجه كرد و له زینداندان چه‌ندان ساڵه بێ دادگا هێشتوونێتییهوه. به‌پێی راپۆرتێكی "هیومان رایتس وۆچ" سوننه‌كان ته‌نانه‌ت قهتڵوعامیش كراون.
پشگیریكردنی مالیكی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی ههڵبژاردنهكانیشی دۆڕاند بووه هۆكاری گه‌شه‌كردنی داعش له عێراق، چونكه سوننه‌كان هیوایان له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق له‌ده‌ست دابوو، ئه‌وه‌ش عێراقی به‌ره و توندووتیژی برد. به‌هۆی مالكییه‌وه عێراق به‌راستی وڵاتیكی شكست خواردووه وه هه‌روه ده‌مێنیته‌وه سه‌ره‌رای ئه‌وه داعش له مووسڵ ده‌ركراوه به‌هۆی ئه‌و شوره مه‌زهه‌بی و كهندهڵیهی مالكی كردی و تا ئیستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
داعش كێ بوون؟
ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بریتی بوون له تێكهه‌ڵكێشێك له هه‌ندێك جیابووه‌وه له ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیده و ڕێكخراوه‌كانی عێراق كه له فه‌لووجه و چه‌ند شوێنێكی تر هه‌بوون، له‌گه‌ڵ پاشماوه‌كانی ئهنساڕولئسلام كه تا داعش نه‌هاتبوو، به‌شێكیان له ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی جێی خۆیان كردبووه‌وه، جگه له‌مانه، به‌شێكیان بریتی بوون له گرووپی ئهلنهقشهبهندی كه له سه‌ربازه كۆنه‌كانی به‌عس پێكهاتبوون و له‌لایه‌ن عیززه‌ت دووری سه‌ركردایه‌تی ده‌كران، هه‌موو ئه‌مانه به هاوكاریی سوپاسالاره گه‌وره‌كانی ڕژێمی سه‌ددام كه له ئوردن جێیان بووبووه، له‌گه‌ڵ به‌شێك له ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی سووریا، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شامیان پێك هێنا. ئه‌مانه وێڕای تۆكمه‌یی پلانه سه‌ربازییه‌كانی خۆیان به‌هۆی جه‌نه‌ڕاڵه سه‌ربازییه‌كانی به‌عس، هاوكارییه‌كی ژێربه‌ژێریی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كران، توركیایان بۆ كرابوو به پردی په‌ڕینه‌وه و له قه‌ته‌ره‌وه ئۆتۆمبێلیان بۆ ده‌چوو، له عێراقیش مالیكی پارێزگاری له گه‌یشتنی پاره و چه‌كه‌كانی بۆ ده‌كردن. له 10ی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2014 به فه‌رمانی نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێووشی عێراق 100 هه‌زار چه‌كداری سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی كه له شاری مووسڵ نیشته‌جێ ببوون شاره‌كه‌یان ڕاده‌ستی داعش كرد و ته‌واوی چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازییه‌كانیشیان بۆ به‌جێ هێشتن.
ئه‌م ڕێكخراوه، دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی سنووری خاكی كوردستان ببڕن كه چاوه‌ڕێیان ده‌كرد وه‌ك عێراق، پێشمه‌رگه خاكیان بۆ چۆڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تاوه به‌شێكیان ده‌ستكه‌وت، سه‌ره‌تای شكسته‌كانیان ده‌ستی پێ كرد، تا له 17ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2016 هه‌ڵمه‌تی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه یه‌كه‌م گوله‌ی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه له میحوه‌ری خازر ته‌قێنرا.
كورد له ئه‌زموونی حوكمڕانیی خۆیدا چۆن بوو؟
رهیچهڵ ئه‌ڤراهام له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا، نووسیویه‌تی، له‌به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان له‌و كاته‌ی مالیكی عێراقی وێران ده‌كرد خه‌ریكی گه‌شه‌كردن بوو. نیچیرڤان بارزانی ئه‌و كه‌سه‌یه كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانی بۆ توركیا ده‌ست پێ كرد و وای كرد پێوه‌ندیی نێوان توركیا و كوردستان دروست بێت، كاتێك سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان گوتی، "نه‌وتی كوردستان هه‌نارده ده‌كه‌م و له ریگه‌ی توركیاشه‌وه ده‌یكه‌م" خه‌ڵك ئه‌وه‌ی به خه‌ونیش نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌مرۆ كوردستان هه‌نارده‌یه‌كی سه‌ره‌كی نه‌وته له رێگه‌ی توركیاوه و نێچیرڤان بارزانی پێوه‌ندییه‌كی باشی ئابووری له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه، ئه‌و توانی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌رێمكی كوردستان و توركیا بگه‌یه‌نێته هه‌شت ملیار دۆلار، له كاتێكدا ئه‌و توركیایه پێشتر به دوژمنی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرا به‌ڵام گۆڕی بۆ هاوبه‌شی بازرگانی.
ئه‌وه‌ی وای كرد بگه‌ن به‌م قۆناغه ئه‌وه بوو، بارزانی به ڕوونی به توركیای گوت نابنه هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌وان و له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردندا رای گه‌یاند، ئامانجیان ته‌نیا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته له هه‌رێمی كوردستان و ناگاته سنووره‌كانی توركیا، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیی هێوركردنه‌وه‌ی توركیای دا.
كوردستان له ڕووی پیشه‌سازیی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئه‌وه‌نده سه‌ركه‌وتوو بووه كه چه‌ندان كۆمپانیای مه‌زنی وه‌ك "ئیكسۆن مۆبیل" و "شیفرۆن" پییان باشه له هه‌رێمی ئارامی كوردستان كار بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مانای ئه‌وه‌ش بێت كه ئه‌وان نه‌توانن له عیراق وه بهرهێنان بكه‌ن، ئه راستتیهی كه نێچیرڤان بارزانی توانیوویه‌تی گرینتی بدات كه كوردستان هه‌ر به ئارامی ده‌مێنیته‌وه و دوور ده‌بێت له شه‌ڕی مه‌زه‌وی یارمه‌تی قه‌ناعه‌تپێكردنی وه‌به‌رهێنه‌ره بیاینهكانی داوه بێنه كوردستان به توركه‌كانیشه‌وه. هه‌روه‌ك هه‌موانی تر، توركه‌كانیش پێویستیان به نه‌وته، ئه‌وانیش پێیان باشه له هه‌ریمی وه‌ربگرن نه‌وه‌ك له ناوچه‌یه‌كی نا ئارام كه شه‌ڕی ناوخۆی تێدا بێت.
هه‌رێمێكی له‌باره بۆ سه‌ربه‌خۆیی
هه‌ر له‌و ڕاپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌دا هاتووه، پرۆژه‌كانی گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشبردنی نێچیرڤان بارزانی هه‌موو هه‌رێمه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد و یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت كه كورده‌كان هیوایانه دوای ریفراندۆم دایبمه‌زرێنن. هه‌روه‌ها نێچیرڤانی هه‌وڵی داوه گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵێت له حكوومه‌ته‌كه و پاره‌ی به فیڕۆدراو بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت به یارمه‌تیی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكا ریفۆرمی له وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه ده‌ست پێ كردووه و ده‌یه‌ویت هێزێكی یه‌كگرتووی به‌هێز بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌ته نوێیه‌كه دابمه‌زرێنیت.
به بنیادنانی هاوپه‌یمانێتی و گۆڕینی دوژمنه‌كان بۆ هاوبه‌شی بازرگانی، گرێنتی سه‌لامه‌تی بۆ هه‌مووان، پارێزگاریكردن له كه‌مینه‌كان، خۆبه‌دوورخستن له شه‌ڕی مه‌زه‌وی، پێشخستنی ههریمهكه، یه‌كخستنی هیزه‌كانی پیشمه‌رگه و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی، بارزانی توانایی سه‌ركرده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی پیشان داوه، ئه‌و كوالێتییانهی پیشانی ده‌دات، ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه و قه‌یرانه‌كاندا بكات. ئه‌و ئه‌گه‌ر خواست و لێكدانهوانهوه و به‌هره‌یه‌ی هه‌بێت، هیچ هۆكارێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، تا ئه‌گه‌ر رووبه‌رووی زۆر رێگری گه‌وره‌ش بێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یه‌ویت سه‌ربه‌خۆیی كوردستان شكست پێ بێنیت، توركیاش دوودڵه له ریفراندۆم، كێشه‌ی سنووره‌كان، ئاو له‌گه‌ڵ بوونی میلیشیا و چه‌ندان گرفتی تر كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و حكوومه‌ته ده‌بێته‌وه.
رهیچهڵ ئه‌ڤراهام له كۆتای ڕاپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، پێم وایه ده‌بێت هانی كورده‌كان بده‌ین، ئیسرائیلی دووه‌م له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست بنیاد بنێن كه رێز له مافی مرۆڤ، كه‌مینه و مافی ژنان و هاوره‌گه‌زبازه‌كان ده‌گرێت، ئێمه نابێت له پێشوه‌خته لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته سه‌ركه‌توو نابێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی رێگریی راسته‌قینه ده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه/
foreign policy