هەفتەی داهاتوو شاندی كۆمیته‌ی ڕیفراندۆم دەچێتە بەغدا

:: AM:08:49:20/07/2017 ‌

ئەندامێكی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە، كۆمیتەكە بەردەوام دەبێ لە ناردنی شاند بۆ وڵاتان بە ئامانجی دانوستاندن لەگەڵ تەواوی لایەنەكان، هەفتەی داهاتووش شاندی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

خەلیل ئیبراهیم ئەندامی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم ئاشكرای كرد، كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری داوە شاندێك بنێرێتە بەغدا و ئامادەكارییەكان لە ڕووی تەكنیكییەوە بۆ پێشوازی و بەرنامەی شاندەكە دیاری كراوە، لە هەفتەی داهاتوو شاندەكە دەگەنە بەغدا و لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش گفتوگۆ دەكەن تا چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم بنێرنە كوردستان.

هەروەها گوتی، شاندی كوردستان سەردانی زۆرێك لە وڵاتانی دنیا دەكات، لە ناویاندا هەریەك لە وڵاتی ئەمەریكا و ڕووسیاش هەن. لەسەر ناوخۆیی كوردستانیش خەلیل ئیبراهیم گوتی، نەرمی لە نێوان لایەنەكان هەیە و پێشبینی دەكرێ دوای هەندێ پرسی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نێوان ئەو حزبە و پارتی دیموكراتی كوردستان دانوستاندن و كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدرێت.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د