نهێنییەكانی رۆیشتنی نیمار لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا بوو

:: AM:09:39:20/07/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بۆ وەرزی دابێ هەر لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەمێنێتەوە، بەڵام ساڵی داهاتوو ریزی یانەكە جێدێڵێ و روو لە خولی نایابی ئینگلیزی دەكات.

رۆژنامەی (دەیلی ستار) ئاشكرای كرد: نیمار بەشێوەیەكی نهێنی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی رێككەوتووە و ئەو یاریزانە لە هاوینی 2018 پەیوەندی بە یانەكەیەوە دەكات.

جەختیشی كردەوە كە نیمار ئەم هاوینە ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێناهێڵێ و چاوەڕێی وەرزی داهاتوو دەكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا مۆرینۆ ئەم رێككەوتنەی نیماری بەدڵ بووە، چونكە یانەكەی لەم هاوینەدا زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەنی لە هێنانی یاریزانانی نوێ خەرج كردووە و چیتر ناتوانێ پارەی زیاتر خەرج بكات بەتایبەت پارەی كڕینی نیمار كە 222 ملیۆن یۆرۆیە.

لای خۆشییەوە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار و بۆ ئەمەش هاونیشتمانەكەی دانی ئەلڤێس بەكاردێنێ تا لەگەڵیدا لە رێككەوتن نزیك ببێتەوە.

نیمار /25 ساڵ/ نیازی هەیە ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵێ بۆ ئەوەی زیاتر لە بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕین نزیك ببێتەوە كە پێیوایە بەهۆی لیۆنێل میسی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە مەحاڵە.

جێی باسە نیمار لە هاوینی 2013 بە گرێبەستێك لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لە ماوەی ئەو 4 وەرزەشدا 10 ناسناوی گەورەی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا و سەرەتای ئەمساڵیش گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ساڵی 2021 ئیمزا كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م