مۆراتا بووە یاریزانی چێڵسی

:: AM:09:50:20/07/2017 ‌

یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئاشكرای كرد، بەفەرمی رێككەوتوون لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی سەبارەت بە گواستنەوەی ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەر بە بەهای 75 ملیۆن پاوەن.

رۆژنامەكان ئاشكرایان كردبوو كە ئەو هێرشبەرە تەمەن 24 ساڵییە هیواخوازە لەم هاوینەدا ریزی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێ بۆ ئەوەی لە یانەیەكی تر هەلی زیاتری یاریكردنی پێ بدرێ.

ئاماژەیان بەوەشدابوو كە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ مۆراتا نزیك ببووەوە، بەڵام دواجار یانەی چێڵسی توانی ئیمزای ئەو هێرشبەرە لاوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەست بێنێ.

لای خۆشییەوە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ مۆراتا دابوو، بەڵام بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە رووی خۆی بەرەو رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبەری بەلجیكی و یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی وەرگێڕا بوو.

چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەی 2 رۆژی داهاتوودا یانەی چێڵسی بەفەرمی گرێبەستكردن لەگەڵ مۆراتا رابگەیەنێ و بەمەش رێگە بۆ دییگۆ كۆستای هێرشبەری ئیسپانی خۆش دەبێ تا لەم هاوینەدا ریزی یانەكەی جێبێڵێ و پەیوەندی بە یانەیەكی ترەوە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م