گۆڵپارێزەكەی ئارسناڵ بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یۆڤانتۆس ئیمزا كرد

:: AM:09:59:20/07/2017 ‌

یانەی یۆڤانتۆسی پاڵەوانی ئیتاڵیا ئاشكرای كرد بەفەرمی گرێبەستیان لەگەڵ چیزینی گۆڵپارێزی پۆڵەندی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ئیمزا كردووە.

ماڵپەڕی یانەی یۆڤانتۆس بڵاوی كردەوە كە بەهای گرێبەستەكەیان لەگەڵ چیزینی 12 ملیۆن یۆرۆ بووە لەگەڵ 3 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت لە ماوەی 4 ساڵی داهاتوودا.

چیزینی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی راگەیاندنی گرێبەستەكەدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: دڵخۆشم پەیوەندیم بە یانەی یۆڤانتۆسەوە كردووە كە خەونی هەموو یاریزانێكە، هەروەها راستەوخۆ قسەم لەگەڵ بوفۆن كردووە كە یەكێكە لە باشترین گۆڵپارێزەكانی جیهان.

زیاتر گوتی: كاتێك یانەی یۆڤانتۆس داوای كردم بێ دوودڵی رازی بووم و ئامادەشم بۆ ركابەرییەكان و پێشموایە یۆڤانتۆس باشترین وێستگەی ژیانی وەرزشیم دەبێت.

چیزینی شارەزاییەكی تەواوی لە خولی پلە یەكی ئیتاڵیا هەیە و لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا بەشێوەی خواستن لە ریزی یانەی رۆما یاریی كردبوو.

جێی باسە جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی گەورەی یانەی یۆڤانتۆس ئاشكرای كردبوو كە دوای مۆندیالی 2018ی رووسیا بەیەكجاری واز لە یاریكردن دێنێ، ئەمە وای لە بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس كردووە لە ئێستاوە بیر لە جێگرەوەی بكەنەوە و گرێبەست لەگەڵ چیزینی ئیمزا بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م