نیمار دوایین بڕیاری بە یاریزانانی بەرشەلۆنە گوتووە

:: PM:12:01:20/07/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاویان كردەوە، نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی كۆتایی بە چارەنووسی هێناوە و دوایین هەڵوێستی خۆی بە هاوڕێكانی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی گوتووە.

رۆژنامەی (گلۆبۆ سپۆڕت)ی بەڕازیلی بڵاوی كردەوە: نیمار بڕیاری كۆتایی داوە و یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە دەكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە سەرۆكایەتی یانەی پاریس سان جێرمان رەزامەندییان پێشانداوە ئەو پارەیە بدەنە یانەی بەرشەلۆنە كە وەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نیمار دیاری كردووە كە 222 ملیۆن یۆرۆیە.

هەروەها یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی نەیتوانیوە ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ هێنانی نیمار خەرج بكات دوای ئەوەی لەم هاوینەدا 100 ملیۆن یۆرۆی لە هێنانی 2 یاریزان ئەوانیش لۆكاكۆ و لیندۆلف خەرج كردبوو.

جێی باسە نیمار لە هاوینی 2013 بە گرێبەستێك لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لە ماوەی ئەو 4 وەرزەشدا 10 ناسناوی گەورەی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا و سەرەتای ئەمساڵیش گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ساڵی 2021 ئیمزا كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م