گوندی كۆری چەقیوە
لە كۆی پێنج هەزار خانوو سێ هەزار خانوو فرۆشراونەتەوە

:: PM:12:25:20/07/2017 ‌

 


گوندی كۆری كە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان لە هەولێر بڕیاری دروستكردنی درا، خەونی پێنج هەزار خێزانی كرێچی بوو كە ئێستە تەنگژەی دار‌ایی تەنگی پێ هەڵچنیوه و پڕۆژەكەی پەك خستووە. خەڵك جاران واستەی دەكرد تا خانوویەكی بەركەوێت، بەڵام ئێستە واستە دەكەن لێیان وەربگیرێتەوە و ناویان لە لیستی سوودمەندان نەبێت، زۆریان لە پڕۆژەكە نائومێد بوون و بە زیان خانووەكانیان دەفرۆشنەوە و خاوەن نووسینگەیەكیش دەڵێ، "نزیكەی سێ هەزار خانوویان كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە".

چوار ساڵ لەمەوبەر لەناو زیاتر لە ٦٥ هەزار فۆڕمی پڕكراوەدا، تیروپشك بۆ پێنج هەزار خانووی گوندی كۆری لە پارێزگای هەولێر كرا. ئەو خانووانە كە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان بوو، خۆشبەخت ئەو كەسە بوو ناوی لە لیستی دەرچووان بوو. پڕۆژەكە دەبوو لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو ببێت، بەڵام ئێستە پاش چوار ساڵ تەنیا هەزار لە خانووەكان بەرێژەی 95% تەواو بوون، خاوەنی خانووەكان كە حەوت هەزار دۆلار پێشەكییان داوە، نە گرێبەستیان هەیە و نەدەزانن خانووەكەیان لە كوێی پڕۆژەكەدا هەڵكەوتووە.

گوندی كۆری دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و لەسەر ڕێی مەسیف هەڵكەوتووە، بەشانوباڵی هەڵدەدرا كە حكوومەت وەك هاوكاری خەڵكی كەمدەرامەت، شوێنێكی باشی بۆ ئەو پڕۆژەیە هەڵبژاردووە و زەوی ئەو ناوچانە لە كڕین نەهاتوون. كەچی ئەو شوێنە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت خێری نەدایەوە و بە دوو هەزار دۆلار زیان، دەست لە خەونی بوون بە خاوەنی خانوو بەردەدەن.

محەمەد ماوەیەكە خانووەكەی بۆ فرۆشتن داناوە و دەڵێ، "تا ئێستە تەنیا كاغەزی حەوت هەزار دۆلارەكەم لایە و گرێبەستیان لەگەڵ نەكردووین، كە پێویست بوو لە نێوان ئێمەی كڕیار و خاوەن پڕۆژە گرێبەست هەبێت و ماوەی تەواوبوون و سزای پابەند نەبوونی تێدا بێت كە ئەوە خەڵكی نائومێد كردووە و زۆربەیان فرۆشتوویانە".

كەریمیش خانوو‌ی لە گوندی كۆری بۆ دەرچووە و ئێستە لە نووسینگەی خانووبەرە بۆ فرۆشتنی داناوە ‌و دەڵێ، "پێمان گوترا دوای دوو ساڵ خانووەكانتان ڕادەست دەكرێت، كەچی لەدوای ئەوەوە هەر دەگوترێ هەزار خانوو تەواو بووە و دابەش دەكرێت و هیچیش دیار نییە". ئەو كە لە پڕۆژەكە نائومێد بووە، دەیەوێت حەوت هەزار دۆلارەكەی دەست بكەوێتەوە.

كاروانیش بەهۆی تەنگژەی دارایی و بێ پارەیی خانووەكەی دەفرۆشێت و دەڵێ، "پێویستم بە پارەیە".

جیا لەوە كەسانێك هەن ئامادەن هەر بڕێك لەو پارەیان دەست بكەوێتەوە كە بۆ پێشەكییەكەی داویانە و لەو تەنگژە دارایییەدا كەلێنێكیان بۆ بگرێت. ئەیووب خانووەكەی بە كەمتر لە دوو هەزار دۆلار بۆ فرۆشتن داناوە و دەڵێ، "پڕۆژەكە كاری تێدا ناكرێت و دیاریش نییە كەی تەواو دەبێت".

ئەو پڕۆژەیە بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوونه لە هەولێر‌ و نابێت خانووەكانی گوندی كۆری كڕین و فرۆشتنیان پێوە بكرێت و بەناو ناكرێت، بەڵام ئەوانە وەكالە و كۆمپیالە لا دادنووس لە نێوان كڕیار و فرۆشیار دەكەن و بەو ڕێیەوە زۆرێك لە كرێنشینان خانووەكانیان فرۆشتووە و ئێستەیش لە نووسینگەكانی فرۆشتنی خانووبەرە ژمارەیەكی زۆر بۆ فرۆشتن هەن.

حەكیم حوسێن حەمەد لە كۆمپانیای بۆچوون بۆ بازرگانی گشتی و كڕین و فرۆشتنی زەوی و كۆمەڵەی نیشتەجێبوون ڕای دەگەیەنێ، ژمارەیەكی زۆری خانووی كۆرییان لەلایە بۆ فرۆشتن و نرخەكانیشیان تەنیا پێنج هەزار دۆلارە.

حەكیم هۆی بەزیان فرۆشتنی خانووەكان بۆ دواكەوتنی پڕۆژەكە و تەنگژەی دارایی دەگەڕێنێتەوە، كە پێشتر لە سەرەتای تیروپشكەكان و بوونی ژمارەیەكی كەمی خانووەكان بۆ فرۆشتن و بەر لە تەنگژەی دارایی، نرخیان سی هەزار دۆلار بووە. ئەو دەڵێ، "ڕۆژانە خەڵك دێن و خانووەكانیان بۆ فرۆشتن دەنووسن".

كەمێك ئەولاتر و نزیك پڕۆژەكە، نووسینگەی حاجی حوسێنە. زانا حاجی حوسێن میرانی خاوەنی، ئاماژە بە قۆناغی پێش‌ شەڕی داعش دەدات كە ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ خانوو تەنیا لە نووسینگەكەیان كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە و دەڵێ، "لەو پێنج هەزار خانووەی گوندی كۆری، نزیكەی سێ هەزار خانوویان فرۆشراون". زانا‌ دابەزینی نرخ بۆ ژمارەی زۆریان لە نووسینگەكان و نائومێدی خەڵكی بە پڕۆژەكە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ، "ئەو خانووانە هی ئەو نرخە نین".

كەسانێك كە خانوویان بۆ دەرچووە بۆ ڕەتكردنەوەی خانووەكانیان سەردانی پارێزگایان كردووە و داوایان كردووە ناویان له لیستی‌ سوودمەندان دەربهێندرێن.

تاهیر عەبدوڵا جێگری پارێزگای هەولێر ئەوە ناشارێتەوە و ڕای دەگەیەنێ، كەسانێك لەبەر دواكەوتنی پڕۆژەكە داوایان كردووە خانووەكان بگەڕێننەوە و پارەكەیان پێ بدرێتەوە. جێگری پارێزگار كە ئەوە بە شتێكی ئاسایی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ، "وەبەرهێن ناتوانێ پارەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە و لە پڕۆژەكەی خەرج كردووە، بەڵام ئەگەر كەسێكی تر بیەوێت ناوەكەی لەجێی ئەو دادەنرێت".

لەبارەی دواكەوتن و تەواوبوونی پڕۆژەكە، تاهیر عەبدوڵا بە بێزارییەوە ڕای دەگەیەنێ، "هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ نییە لەسەر پڕۆژەی خانووی كۆرییەكان". پێشتر ئەو بەرپرسەی پارێزگا بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو تەنگەژەی دارایی كاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوون و كاركردن لە پڕۆژەكە هەبووە و بەهۆیەوە دواكەوتووە. ئەوكات بۆ بەردەوامی پڕۆژەكە باسی لە دوو ئەگەر كرد. "ڕەنگە ئەو پێنج هەزار خێزانە جیا لەو قیستەی لەگەڵ وەرگرتنی كلیل ماوە، پێویست بكات پێشەكییەكی تریش بدەن. خۆ ئەگەری دووەمیش بەناوكردنی پڕۆژەكەیە تا وەبەرهێن بتوانێت لە ڕەهنی دابنێت و قەرزی پێ وەربگرێت و ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە".

لەو پڕۆژەیە وەبەرهێن تەنیا حەوت هەزار دۆلاری لەو پێنج هەزار خێزانە وەرگرتووە و هەركاتێكیش خانووەكان ڕادەست كران، دەبێت خاوەنی خانووەكە ١٢ هەزار و ٧٥٠ دۆلار بدات.

ئێستە ٩٥%ـی هەزار خانوو تەواو بووە و خۆ ئەگەر هەروەك پێشتر پارێزگای هەولێر ڕای گەیاندبوو ئەو هەزار خانووە ڕادەست بكرێت، ئەوا وەبەرهێن سەرمایەكی دێتە دەست.

لەناو پڕۆژەكەش نوێنەری پارێزگا ئەندازیار عەزام یاسین حەمەڕەش دەڵێ، "لە هەوڵدان ئەو هەزار خانووەیە كە ٩٥% یان تەواو بووە و تەنیا وردەكاری ناوەوەیان ماوە و تەواو دەكرێن؛ كار دەكەن بۆ دابەشكردنیان و ئەگەر ئەوانە دابەش نەكەن، ئەوا پڕۆژەكە بەیەكجار دەوەستێت".

گوندی كۆری كە بە هاوكاری سندوقی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەكرێت كە نیوەی پارەی خانووەكە، واتا نزیكەی دوو دەفتەر خاوەن خانوو بیدات و نیوەكەی تریش لە سندووقی نیشتەجێبوون ڕابكێشرێت و بەماوەی 10 ساڵ حكوومەت بە قیست لە خاوەن خانووەكانی وەربگرێتەوە. ئێستەش كە تەنگەژەی دارایی پارەی لەو سندووقە نەهێشتووە، دروستكردنی خانووەكان وەستاوە. ئەو پڕۆژەیە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێ دراوە و سامان عارەب بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ڕای دەگەیەنێ، پڕۆژەكە وەستاوە و وەبەرهێن داوا دەكات ئەگەر سندووقی نیشتەجێبوون نەبێت پڕۆژەكەی پێ تەواو ناكرێت. كە بەبڕوای سامان چاوەڕێ ناكرێت لەو تەنگژە درایییەدا پارەی بۆ دابین بكرێت.

گوندی كۆری كە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان دروست كرا و چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكرا تا ڕادەیەك كێشەی نیشتەجێبوونی‌ شاری هەولێر كەم بكاتەوە، بەڵام بە فرۆشتنەوەی خانووەكان، پێ ناچێت ژمارەی كرێنشینانی ئەو شارە كەم بكاتەوە.

 







وشە - تایبه‌ت