قایمقامی شنگال: ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندیی خەڵكی شنگالە

:: PM:12:32:20/07/2017 ‌

قایمقامی شنگال ئاشكرای دەكات، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگالە، هەروەها ئەو ئێزیدییانەی تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە، زیاتر لە سێ هەزار كەسن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تەمووز، مەحما خەلیل قایمقامی شنگال لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردن و رزگاركردنی خەڵكی ئێمەیە، بۆ بەرژەوەندی دایك و خوشكەكانمانە و تا ئێستە سێ‌ هەزار 71 كچ و ژن و پیاوی ئێزیدی لە دوای ئازادكردنەوەی شنگال رزگار كراون.

قایمقامی شنگال دەڵێت، ئێمە لە هەوڵی ڕزگاركردنیان بەردەوامین سێ‌ هەزار 356 كەسیش چارەنووسیان نادیارە، دەبێت خەڵكی شنگال بزانێت كاتێك رزگار كراون بە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو كەس و لایەنانە بووە كە هاوكاری پرۆسەكەیان كردووە، هەركەس هاوكاریی كردبێت، سوپاسیان دەكەین.

لەبارەی پڕسی ڕیفراندۆم لە سنوورەكەیان مەحما گوتی، ئێزدییەكان بەڵێنیان داوە پشتیوانی ریفراندۆم بكەن، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشت و پەنایان بووە، سنووری شنگالیش دەنگدانی لێ دەكرێت بۆ ڕیفراندۆم.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ـە چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و ژمارەیەكی زۆری ئێزیدییان كوشت و بەدیل گرت، دواتر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانییان شنگال و سنوورەكان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، لە ئێستەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە دۆزینەوەی چارەنووسی ئێزیدییەكان.



وشە - رامیار جەواد