سەرووی نۆ ملیار تۆن پاشماوەی پلاستیك هەیە

:: PM:01:09:20/07/2017 ‌

بۆ یەكەم جار دەركەوتووە بڕی ئەو مادە پلاستیكییەی مرۆڤ لە سروشت بڵاوی كردووەتەوە، سەرووی نۆ ملیار و ١٠٠ ملیۆن تۆنە و توێژەران پێشبینی دەكەن قەبارەی ئەو زبڵە تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ١٢ ملیار تۆن.

توێژینەوەكەی زانكۆی كالیفۆڕنیا ئاماژە بەوە دەكات ئەو قەبارە زبڵەی ئاماژەیان پێ كردووە، لە ساڵی ١٩٥٠ەوە حیساب كراوە.

كێشی ئەو زبڵە ٩٠ هەزار هێندەی كێشی تاوەری ئیفڵە یان هاوتایە لەگەڵ ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن فیل. ئەو پاشماوە پلاستیكییە لە ژێر زەوی حەشار دراون یان لە دەوری شارەكان فڕێ دراون.

پلاستیك یەكێك لەو مادانەیە كە سەدان ساڵیش لە سروشتدا بمێنێتەوە لەناو ناچێت و كاریگەریی خراپی بۆ سەر ژینگە هەیە، خراپترین بەرهەمی پلاستیكی جۆرێك پۆلی ئێتیلنە كە بۆ دروستكردنی پاتری سوودی لێ وەردەگیرێت.

قەبارەی پرۆسەی ریسایكلین و دووبارە سوود وەرگرتن لە پلاستیك، لە ئەوروپا رێژەكەی ٣٠%، لە چین ٢٥% و لە ئەمەریكاش ٩%ە.

سەرچاوە/مییهرنیوز



وشە - سلێمان تاشان