فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بناری قەندیلیان بۆردومان كرد

:: PM:02:49:20/07/2017 ‌

دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا بەمەبەستی لێدانی بنکە و بارەگاکانی پەكەكە بە چڕی بۆردومانی گوندەکانی شارەدێی وەرتێ و بناری قەندیلیان لە سنووری رەواندز كرد و قایمقامی شارۆكەكەش رای دەگەیەنێت، بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی تەمووز، كوێستان ئەحمەد قائیمقامی شارۆكەی رەواندز بە " وشە "ی راگەیاند" فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بە مەبەستی بۆردومان كردنی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە ، سەعات 12:30 ئەمڕۆ 2017 دەستییان بە بۆردومان كردنی گوندەكانی بۆكریسكان، زارگەلی، چیای گەرمگە و دەورووبەری گوندی بۆ كریسكان لە سنووری رواندز كردوە و بۆردومانەكە بۆ ماوەی یەك سەعات بەردەوامی هەبوو.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆردومانەكە خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی هاووڵاتییانی سڤیلی بە دوواوە نەبووە و زیانی گەریلاكانی پەكەكە نەزانراوە، بێگومان زیانی زۆر بەر ژینگەی دەڤەرەكەش كەوتووە .

"هەر بەهۆی بۆردومانەكە، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لای هاووڵاتییان و ئەو خەلكە دروست بووە كە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیاوگژ روو لە چیا و كوێستانەكانی سنووری شارەدێی وەرتێ دەكەن و بەمەش زیان بە ئابووری خەلك دەگەینێت" قایمقامی رەواندز وای گوت.

تا ئێستە بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە چەندین هاووڵاتی سڤیل لە گوندەكانی بۆكریسكان و زار گەلی لە بناری قەندیل زەرەرمەندی گییانی و ماڵی بوونە.

رواندز / موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان