گۆڤاری فۆرێن پۆلسی ئەمەریكی بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی "كوردەكانی عێراق دەیانەوێ ئەمەریكا ببێ بە پارێزەری جیابوونەوەیان لە عێراق" بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باس لە سەردانی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان بۆ ئەمەریكا و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا دەكات. فەلاح مستەفا لە لێدوانیدا بۆ ئەو گۆڤارە دەڵێ، ئێستە كاتی ئەوەیە دۆستایەتی و متمانەی نێوان كوردستان و ئەمەریكا برەوی زیاتری پێ بدەین و كوردستان سەربەخۆ بێ، هاوكات گۆڤارەكە ئاماژە بەوە دەكات كە كوردستان دەیەوێ ئەمەریكا وەك پارێزەر بەشداری لە دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات.
گۆڤاری "فۆرێن پۆلسی" نووسیویەتی، كوردەكانی عێراق لەم هەفتەیە دەست بە هەڵمەتێك لە واشنتن دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمەریكا لە هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەر لەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەر ئەنجام بدەن، بەڵام بەغدا بەرهەڵستی جیابوونەوەیان دەكات و ئەمەریكاش بە فەرمی پابەندە بە سیاسەتی عێراقی یەكگرتوو، بۆیە كێبەركێكە گەرم دەبێ.
فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانی بۆ واشنتن بە "فۆرێن پۆلسی" ڕاگەیاندووە، ئەو پەیامەی كە ئێمە دەمانەوێ بە هاوتا ئەمەریكییەكانمان ڕابگەیەنین، ئەوەیە كە كوردستانی سەربەخۆ چارەسەرە نەك كێشە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ و بەهێز ببینێ، چونكە پێگە و كارتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە نێوەندگیر لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پرۆسەی دانوستاندنەكاندا.
گۆڤارەكە نووسیویەتی، كوردەكانی عێراق لە ساڵانی نەوەت و لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە لە ناوچەكانی باكوری عێراق خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و دوور بوون لە دەسەڵاتی حكوومەتی مەركەزی بەغدا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە كۆمەڵكوژ كران و سەدان هەزار لە كوردستان كوژران و بەرەو ناوچە سنوورییەكان لە 1991 لە دەست ڕژێمی بەعس ڕایان كرد.
ئاماژەی داوە، دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق و متمانەپێدانی لە 2005، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناوبانگێكی نێودەوڵەتی زۆری پەیدا كرد و ڕۆڵی پێشمەرگەیش لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان سەنگی كوردستانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر كرد، زۆرینەی ڕەهای كوردەكان بەتەواوی سوورن لەسەر ئەو باوەڕە كە بەغدا هیچ كات ڕێز لە مافەكانیان ناگرێ، ئەوانەیش كە لە دەستووری عێراق دیاری كراون، كوردستان 17% بودجەی عێراقی بۆ دیاری كراوە، بەڵام لە 2014 سەرۆك وەزیرانی ئەوكات نووری مالیكی تەواوی بودجە و پارەی لە كوردستان بڕی، بەم هۆیەوەش تەنگژەی دارایی هەرێمەكەی گرتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی ئاشكرای كرد كە ڕیفراندۆم لە 25 ئەیلوول/سێپتێمبەر ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان دەنگ بۆ داهاتووی خۆیان بدەن كە ئایا سەربەخۆیییان دەوێ یان نا، ئەمە یەكەم جار نییە بارزانی باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكات، بەڵام ئەم جارەیان بە تەواوی هەنگاوەكان دەستی پێ كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە لە 2005 راپرسییەكی نافەرمی لە كوردستان ئەنجام درا و زۆرینەی ڕەهای خەڵكەكەی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
فەلاح مستەفا زیاتر بۆ گۆڤارەكە دواوە و دەڵێ، هەر كەسێك لەگەڵ بەغدا دابنیشێ، هەست بەوە دەكات كە ئەوان دەیانەوێ هەموو دەسەڵات قۆرخ بكەن و بەسەر هەموو شتێك زاڵ بن، نایانەوێ كوردەكان وەك هاوبەشێكی ڕاستەقینە لە عێراق بن، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەكات.
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لە ئەمەریكایە بۆ گۆڤارەكە دەڵێ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە كوردەكان باشترین هاوڕێ و هاوپەیمانی ئەمەریكان، لە بنیاتنانی دیموكراتیی و شەڕی دژە تیرۆر و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و ڕێزگرتن لە مافی كەمایەتییەكان. گۆڤارەكە دەڵێ، فەلاح مستەفا لەو ڕۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دێریك هارڤی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ستیوارت جۆنز و برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەندامانی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆ بووەتەوە. فەلاح مستەفا دەڵێ، ئەو هاوبەشی و پێوەندییە پڕ متمانەیە كە ماوەی چەند ساڵێكە بنیاتی دەنێین و بەهای هاوبەشمان هەیە و ئەو پێوەندییە بەردەوام دەبێ لەگەڵ كوردستانی سەربەخۆدا و گەلی كوردستانیش هیواخوازە ئەمەریكا لەتەكی بوەستێت و بەردەوام بێ لەسەر بەها و بنەماكانی هاوڕێیەتی و دۆستایەتی كە هەردوولا بنیاتمان ناوە.
هاوكات ڕەندە سەلیم بەڕێوەبەری دەسپێشخەری دایەلۆگ لە پەیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڤارەكەی گوتووە، ئەمەریكییەكان نایانەوێ سەرچاوەیەكی تری فشار دروست بكەن، بۆیە دوای ڕیفراندۆم ڕەنگە گفتوگۆ و دانوستاندنی چڕ لە نێوان كوردستان و عێراق دەست پێ بكات، جگەلەوە كوردەكان دەیانەوێ دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دانوستاندنی دووقۆڵییەوە بۆ سێقۆڵی بگۆڕن و ئەمەریكاش بەشداری سەرەكی بێ و وەك پارێزەری سەربەخۆیی كوردستان لە دانوستاندنەكاندا بێ.
سەرچاوە/فۆرێن پۆلسی.
باز
http://foreignpolicy.com/2017/07/18/iraqi-kurds-want-america-as-their-divorce-lawyer-kurdistan-referendum-independence/