پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ هەشت ساڵە دەستی پێ کردووە و بە ناتەواوی راگیراوە

:: PM:03:26:20/07/2017 ‌

پڕۆژەی ستراتیجی ئاوی ئاكرێ‌ هەشت ساڵە كاری تیادا دەكرێت، وێڕای ئەوەی 60% كارەكانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی راگیراوە و ئەمەیش كۆمەڵێك گرفتی بۆ ئەو شارۆكەیە دروست كردووە.

شەمال عەبدولعەزیز دانیشتووی شارۆكەی ئاكرێ‌ دەڵێ ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی‌ تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی ستراتیجی شارۆكەی ئاكرێ‌ دەكەن، بۆ "وشە" ئاماژە دەدات، لە ساڵی 2009 بڕیاری دروستكردنی پڕۆژەی ستراتیجی ئاكرێ‌ دەرچووە و هەر لەو كاتە دەستی بە كارەكانی كردووە، كەچی تا ئێستە پڕۆژەكە تەواو نەبووە و ئەمە لە كاتێكدایە لەو كاتەدا هیچ تەنگژەیەكی دارایی نەبووە.

زیاتر دەڵێ، ئێستە شارۆكەی ئاكرێ‌ و دەوروبەری لە دەست بێ‌ ئاوی دەناڵێنن و پڕۆژەكانی ئاوی ئەو شارۆكەیەش هەموو كۆنن و هەركامیان گرفتی بۆ دروست بێت چەند رۆژێك ئێمە بێ ئاو دەبین.

ئیدریس هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كە لە نزیكەوە ئاگاداری پڕۆژەی ئاوی ستراتیجی شارۆكەی ئاكرێیە بە "وشە"ی راگەیاند، دەبوو پڕۆژەی ستراتیجی ئاوی ئاكرێ‌ زۆر لەمەوبەر كەوتبایە خزمەت هاووڵاتییان، بەڵام 40%ی كارەكانی تەواو نەبووە و ئێستەیش پڕۆژەكە وەستاوە.  

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەردی بنیادی پڕۆژەی سترتیجی ئاوی ئاكرێ‌ لە ساڵی 2009 دانراوە و لە ساڵی 2011 لەلایەن كومپانیایەكی ئێرانی دەست بە كارەكانی كراوە كە بریتییە لە راكێشانی ئاوی رووباری قەندیل بۆ سەنتەری شارۆكەی ئاكرێ‌ و دەوروبەری، وێڕای ئەوەی پڕۆژەكە 60%ی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە پڕۆژەكە لە ئێستەدا راگیراوە و كاری لێ ناكرێت.

هەركی ئاماژە بەوە دەدات، كۆمپانیا ئێرانییەكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە كە ئەگەر سولفەیەكیان پێ بدرێت، ئەوا دەتوانن جارێكی تر بە شێوەیەكی بەردەوام كار لەسەر پڕۆژەكە بكەن و لە ئێستەیشدا حكوومەت رەزامەندی دەربڕیوە بڕی 12 ملیار دینار پارە بەو كۆمپانیایە بدات بۆ ئەوەی كاركردن لە پڕۆژەكە دەست پێ بكاتەوە.

دووپاتی دەكاتەوە، ئەگەر پەرلەمانتاران و ئەنجوومەنی پارێزگا و كارگێڕیی شارۆكەكە فشارێكی زۆر لەسەر وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی دارایی دروست نەكەن، لەوانەیە ئەو بڕە پارەیە دوا بكەوێت و كۆمپانیاكەیش بەڵێنی داوە بە وەرگرتنی یەك سولفە لە ماوەی 12 مانگی داهاتوو پڕۆژەكە كۆتا پێ دەهێنن.

پڕۆژەی ئاوی ستراتیجی ئاكرێ‌ كە سەرچاوەكەی رووباری قەندیلە، دەتوانێت ئاوی سەنتەری شارۆكەی ئاكرێ‌ و دەوروبەری كە زیاتر لە 80 هەزار كەسە بۆ ماوەی 25 ساڵ بە بەردەوامی دابین بكات.

ئاكرێ‌ / نەوزاد هلۆری:



وشە - هیدایه‌ت جان