نرخی كەر چوار هێندە گران بووە

:: PM:04:02:20/07/2017 ‌

یەكێك لە گەورەترین ئەو تەنگژانەی بەرۆكی 300 ملیۆن جووتیاری چینی گرتووە، كەمبوونەوەی ژمارەی كەر و گرانبوونی نرخەكەیەتی كە چوار هێندە گران بووە. داواكاری زۆر لەسەر جۆرە دەرمانێك كە لە پێستی كەر دروست دەكرێت، هۆكاری ئەو تەنگژەیەیە.

دەرمانەكە بە "ئێی جی یائو" ناسراوە و بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی "ئێی جی یائو"، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ئاستی داخوازی لەسەر كڕینی دەرمانەكە دوو هێندە زیادی كردووە.

مایوفا یەكێك لەو جووتیارانەیە كە لە ناوچەیەكی چڕی چیاكانی باكوری چین خەریكی كشتوكاڵە و بەهۆی بەرز و نزمی زەوییەكان، تەنیا دەتوانێت كەر بۆ مەبەستی جیاوازی وەك كێڵان و گواستنەوە، سوود وەربگرێت.

مایوفا تەمەنی ٨٠ ساڵە و دەیەوێت وەك باپیرانی بژیت، ئەو هەر لە منداڵییەوە لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەری بەكار هێناوە و دەزانێت كەر چ رۆڵێكی گرنگی لە كشتوكاڵی چیندا گێڕاوە. دوایین كەری ئەو جووتیارە لە ساڵی ٢٠١٤ مرد و نەیتوانی كەرێكی تر بكڕێتەوە و لە جێی دابنێت. ئەو دەڵێت "كەرەكانمان بە دەستی خۆمان تەواو كرد و هەموومان كوشتن."

سەردەمێك تەنیا دەوڵەمەندەكان دەیانتوانی دەرمانەكە بكڕن، چونكە لە یەك كەر سەرووی نیو كیلۆگرام دەرمانەكە بەرهەم دەهێنرێت.

٣٠ ساڵ لەمەوبەر چین خاوەنی ١١ ملیۆن كەر بوو و سەرەڕای ئەوەی كە گرنگیی زۆر بە بە خێوكردنی كەر دراوە، ئێستە ئامارەكە بووەتە سێ تا پێنج ملیۆن كەر.

ئالێكس مایەرز لە دامەزراوەی خێرخوازی پاراستنی ئاژەڵەكان پێی وایە نابێت بازرگانیكردن بە دەرمانی "ئێی جی یائو" بە رەوتی ئێستەی بەردەوام بێت.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بوتسوانا دوایین وڵات بوو كە هەناردەكردنی پێستی كەری قەدەغە كرد، دوای ئەوەی راپۆرتێكی جیهانیی لەسەر بازرگانیكردن بە پێستی كەر و لەناوبردنی كەر بڵاو كرایەوە.

بەرهەمهێنەرانی دەرمانی "ئێی جی یائو" كە لە رۆژهەڵاتی چین چالاكییان هەیە رەتی دەكەنەوە ئەوان هۆكار بن لە كەمبوونەوەی ژمارەی كەرەكان و دەڵێن، تەنانەت رۆڵێكی سەردەمیانەیان بە كەر بەخشیوە.

لیوگوان جیان جێگری سەرۆكی گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەكە گوتی، ئەو دەرمانە یەكێكە لەو سێ دەرمانە نایابەی دنیا كە ئێستە بەرهەم دەهێنرێت.

ئەمڕۆ ئەو دەرمانە قاوەییە بۆن ناخۆشە لە بازاڕ بۆ مەبەستی چارەسەركردنی بیركۆڵی، كێشەی منداڵ نەبوون و كێشەی هەناسە سوودی لێ وەردەگیرێت و گرانبوونی نرخەكەی كاریگەریی لەسەر ئەوە نەبووە خەڵك واز لە كڕینی بهێنن. حەبێك لەو دەرمانە كە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرهەم هاتووە، نرخی هەر گرامێكی ٤٧ دۆلارە كە لە نرخی زێڕیش گرانترە.

زۆرێك لە جووتیارانی چین پێویستییەكی زۆریان بە توانای كەر هەیە بۆ ئەوەی پەرە بە كشتوكاڵیان بدەن و بە هۆی ئەوەی كە نرخی كەر چوار هێندە گران بووە، جووتیاران توانای كڕینی كەریان نییە.

دامەزراوەكە لێكدانەوەی ئابووری بۆ كەر كردووە و گوتوویەتی، كەر یەك جار دەكوژرێتەوە و پێستەكەی سوودی لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر بەمەبەستی كشتوكاڵی سوودی لێ وەربگیرێت، ئەوا قازانجەكەی زۆر زیاترە و داواش دەكات چیتر بەم شێوەیە رێگە نەدرێت ژمارەی كەرەكان كەم ببێتەوە.

پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر كەر لە لایەن میسرییەكان و دانیشتووانی میزۆپۆتامیا بۆ مەبەستی خزمەتی كشتوكاڵی بەكار هێنراوە و زیاتریش بەمەبەستی گواستنەوەی بار بەكار هاتووە.

لە پێوەندی نێوان كەری نێر و ماین، هێستر دروست بووە كە لە كەر بەهێزترە. دەگوترێت شیری كەریش سوودمەندە و ئەوانەی نەخۆشیی سیلیان هەیە یان كێشەی مەعیدەیان هەیە ، شیری كەر بۆیان باشە.

لە رۆژهەڵاتی ئاسیا جگە لە پێستەكەی، سوود لە گۆشتەكەشی وەردەگیرێت و یەكێكە لە خۆراكە سەرەكییەكانیان، ئامرازی نێرینەی كەر لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ خۆشكردنی چێشت سوودی وەردەگیرێت و و تەنانەت باوەڕیان بەوە هەیە خواردنی توانای سێكسی پیاو بەرز دەكاتەوە.

كەر لە كوردستانیش بێبایەخ نەبووە و رۆڵی هەبووە لە كشتوكاڵ و گواستنەوەی بار و تەنانەت حزبیشی بەناو كراوە.

لە توركیا شیرەكەی بە نرخێكی گران دەفرۆشرێت و هەر لیترێكی ٣٠ دۆلار دەكات. خەڵكێك لە توركیا دەستیان كردووە بە بەخێوكردنی كەر و شیرەكەشی هەناردەی بازاڕەكان دەكەن. كەر رۆژانە نزیكەی لیترێك شیری هەیە و ئەگەر جاشكۆڵەی هەبێت، ئەوا نیو لیتر شیر دەدات و خاوەن كێڵگەش شیرەكە لە چوارچێوەی یاسا و رێساكان لە بازاڕ ساغ دەكاتەوە. شیری كەر بۆ كۆمەڵێك نەخۆشی بەسوودە و لە توركیا رۆژ بەرۆژ داواكاری لەسەر شیری كەر بەرز دەبێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان