نیویۆرك تایمز: هەڵەكانی ئەمەریكا عێراقی رادەستی ئێران كرد

:: PM:04:41:20/07/2017 ‌

دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس تایبەت دوای کشاندنەوەی هێزی سەربازی هاوپەیمانان لە ساڵی 2011 بە فەرمانی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رۆژ لەدوای رۆژ باڵادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێك بەشێك لە كەناڵەكانی ئاسمانی عێراق هاوسۆزی خۆیان بۆ تاران ناشارنەوە.

دەستپێكی بەرنامەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای 2003 بۆ داگیركردنی عێراق بە كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕەكانی عێراق دەستی پێ كرد كە بەشێكی زۆری بازاڕەكانی عێراق بە خۆراك و كەلوپەلی ئێرانی تەنراوە. هاوكات ئێستە ئاستی ئالوودەبووان بە مادەی هۆشبەر لە پارێزگاكانی بەغدا، بەسڕە، بابل و نەجەف بۆ 5% بەرز بووەتەوە بە قسەی سەرۆكی رێكخراوی سەلامی تایبەتمەند بەكاروباری مافەكانی مرۆڤ.

محەمەد عەلی سەرۆكی رێكخراوەكە دەڵێ بە پلەی یەكەم بەغدا، پاشان بەسڕە، دواتر بابل و نەجەف دێن كە ئاستی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و بەكارهێنانی زیادی كردووە.

هاوكات سەرۆكی رێكخراوی مەدەنیە ئاشكرای دەكات كە ئەوانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن، كۆمەڵێك تۆڕی هاوبەشن و سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانن.

رێكخراوەكە رای دەگەیەنێت كە پۆلیس و هێزەكانی تری ئاسایش ناتوانن لێپێچینەوە لەسەر ئەو مەترسی ئەو پرسە بكەن، چونكە ئەو لایەنەی لە پشتەوەی بازرگانیكردنە بە مادەی هۆشبەر و لە ئێران هاوردەی عێراقی دەكات، هێزەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبین.

دەڵێ بەهۆی زیاد بەكارهێنانییەوە تەنیا لەیەك مانگدا نۆ كەس گیانیان لە دەست داوە، پۆلیسیش ناتوانێت هیچ لێپێچینەوەیەك بكات، چونكە تەنانەت بەشێك لە ئەفسەرانی پۆلیسی گەندەڵیش دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی تێكەڵ كردووە و بوونەتە تۆڕێكی بەهێز.

كۆماری ئیسلامیی ئێران بەوە نەوەستا، بەڵكو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی عێراق كە بەشێكی بچووكە لە پڕۆژەی هیلالی شیعە، جۆراوجۆر بووە، لەڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و رۆشنبیری.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا هۆشداری دەداتە ئەمەریكا لە باڵادەستبوونی ئێران، رای وایە ئەوەی ئێستە روو دەدات، ناگاتە نیوەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراق، بەوەی كە یارمەتی میلیشیا چەكدارییەكانی حەشدی شەعبیش دەدات بە مەبەستی رێخۆشكردن رێگەیەكی وشكانی بۆ گواستنەوەی چەك و هێز بۆ سووریا و لبنان، تەنانەت دەست گەیشتن بەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.

لەلایەنی سەربازی، كۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەن بڕیاری بەهێزە لە بەغدا، تەنانەت بەشێك لە سەركردە سەربازییە دیارەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی دانراون، هاوشانی هەبوونی ژمارەیەكی زۆر هاوپەیمان لەناو پەرلەمانی عێراق كە دەتوانن هاوكاری پڕۆژەكانی ئێران بكەن لە تێپەڕاندنی یاساكان، هەروەك چۆن ساڵی رابردوو یاسای حەشدی شەعبی تێپەڕێندرا.

نیویۆرك تایمز، لەبارەی كێبەركێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عێراق ئاشكرای دەكات كە ئێران براوەی یارییەكە بووە، بەتایبەت لە سێ ساڵی رابردوو كە ئەمەریكا سەرقاڵی لەناوبردنی داعش بووە، كەچی ئێران هەمیشە چاوی لەسەر ئامانجەكانی بووە لە عێراق، ئەمەشی قۆستەوە بۆ دروستكردنی حەشدی شەعبی و زامنكردنی مەمەڕی گواستنەوەی چەك و تفاق لە تارانەوە تا دەریای سپی ناوەڕاست.

عێراق وەك بەشێكی بچووك لە پڕۆژەی فراوانبوونی هیلالی شیعی دادەنرێت كە لەیەك كاتدا گرنگە بۆ گەیاندنی ئێران بە دەریای سپی ناوەڕاست، هاوكات دوورخستنەوەی مەترسییەكان لە عێراق بۆ سەر كۆماری ئیسلامی. ئێران لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ بەهێز كردنی پێگەی خۆی لە عێراق، لبنان، سووریا، یەمەن، ئەفغانستان و ناوچەكە بەگشتی، ئەمەش وا دەكات ململانێی تایفی لە ناوچەكە پەرە بسەنێت.

هەوڵەكانی ئێران لە عێراق، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەرێی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە، بەجۆرێك ئەو هێزە وەك هێزێكی سیاسی خۆی رێك بخات، هاوكات پشتگیرییان دەكات لە كردنەوەی كەناڵی ئاسمانی تایبەت بەخۆیان بۆ پڕوپاگەندەكردن بۆ خۆیان، هەروەها نیشاندانی وێنەی ئێران كە پارێزەری عێراقە و ناشیرینكردنی وێنای ئەمەریكا كە "دەستوەردان دەكات لە كاروباری عێراق".




وشە - فه‌رمان سادق