د. رێواز فایەق ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكی "وشە"دا، دووپات لەوە دەكاتەوە دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان، كارەكانی لیژنەكەیان پەك خستووە و بەو هۆیەوە لیژنەكەیان لە ساڵی رابردووەوە تەنیا دوو كۆبوونەوەی كردووە. ئاشكرای دەكات پێك نەهێنانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داهاتەكانی نەوت، بەهۆی رێك نەكەوتنی حزبە سیاسییەكان بووە لەسەر پۆستەكانی دەستەكە.
ئەدای لیژنەی پیشەسازی و وزە، لە سەرەتای خولی چوارەمی پەرلەمانەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لیژنەی پیشەسازی و وزە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كاری جۆری/نەوعی كردووە لە بەدامەزراوەیی كردنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، لە رێگەی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا و ئامادەكردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژە یاساكان و هەروەها رۆڵبینین لەناو پەرلەمان بۆ روونكردنەوەی رۆڵی دامەزراوەكان لە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت. لەگەڵ ئەوەش چاودێریكردنی چالاكییەكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستاندا. بەڵام لە دروستبوونی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە، چیتر لیژنەی پیشەسازی و وزە رۆڵی نەما، مەگەر ئەندامەكانی بەشێوەی تاكەكەسی رۆڵیان هەبووبێت.
لە بەدامەزراوەیی كردنی كەرتی نەوتدا ئەو لیژنەیە چی كرد؟
پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە سندووقی داهاتەكانی نەوت و چوار كۆمپانیا نیشتمانییەكەی بواری نەوت و ئامادەكردنی راپۆرت بۆ بەركاركردنەوەی دوو یاسای عێراقی تا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن، لە كارەكانی لیژنەكەدا بوون. سندووقی داهاتەكانی نەوت یاسای بۆ دەركرا، بەڵام ئەوانی تر بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانەوە یاسایان بۆ دەرنەكرا. ئەوەی لەم خولەدا كاری لیژنەكە لە خولەكانی پێشوو جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە كاری جۆری كردووە بۆ بەدامەزراوەیی كردنی كەرتەكە بەگشتی.
یاسای سندووقی داهاتەكانی نەوت پەسەند كرا، بەڵام دەستەی كارگێڕی دیاری نەكرا، بۆچی؟
بەگوێرەی یاسای سندووقی داهاتەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، پێویستە ناوی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە لە ئەنجوومەنی وەزیران كاندید بكرێن و دواتر لەناو پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆكاری سیاسی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كاندید نەكران.
هۆكاری سیاسی چۆن؟
لەبەرئەوەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان رێك نەكەوتن لەسەر ئەو كەسانەی كە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە كاندیدیان دەكات، هەریەك لە حزبە سیاسییەكان دەیەوێت پۆستێكی لە دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داهاتەكانی نەوت و گازدا هەبێت، بەڵام كە رێككەوتن لەسەر ئەوە نەكراوە، ئەنجوومەنی وەزیران ناوی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
مانای ئەوەیە كە پێش پەكخستنی پەرلەمان، هۆكار هەبووە بۆ دیاری نەكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە؟
بەڵێ، ئەگەر حزبە سیاسییەكان رێككەوتنیان لەسەر ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە هەبووایە، كات لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیراندا هەبوو بۆ رەوانەكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پەرلەمان بەمەستی دەنگدان لەسەر كاندیدەكان و پەسندكردنیان، ئەوكاتە پەرلەمانی كوردستان كارا بوو، كێشەیەك لەو رووەوە لە ئارادا نەبوو. ئێمە چەندان جار پرسیارمان لە هۆكاری نەناردنی ناوی كاندیدەكان كرد، هەواڵ و زانیاری ئەوەمان وەرگرتەوە كە هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر ناوی كاندیدەكان رێك نەكەوتوون.
بۆچی لیژنەی پیشەسازی و وزە فشاری لەسەر لایەنە سیاسییەكان دروست نەكرد؟
ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوای روونكردنەوەی هۆكاری رەوانە نەكردنی ناوی كاندیدەكانمان لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی وەڵامی نەدایەوە. تەنیا توانیومانە بە رێگەی پێوەندی تاكەكەسی زانیاریی وەربگرین، دواجار ئەندامانی لیژنەكەش ئەندامی حزبن، ئەندامی لیژنەكە هەیە شەڕ لەسەر ئەوە دەكات كاندیدێك یان زیاد لە كاندیدێكی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەكە لە حزبەكەی خۆی بێت.
لەماوەی پەكخستنی پەرلەمانەوە، لیژنەی پیشەسازی و وزە لە راپۆرتەكانی چاودێری كاری پەرلەماندا، یەكێك لە لیژنە هەرە لاوازەكانە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە، بۆچی؟
زیاتر لە ساڵێكە ئێمە لە لیژنەی پیشەسازی و وزە تەنیا دوو كۆبوونەوەمان كردووە و كۆبوونەوەیەكیش رێژەی یاسایی تەواو نەبووە. بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشت بۆ سازكردنی كۆبوونەوە لە دەسەڵاتی سەرۆكی لیژنەیە، دەبێت ئەو پرسیارە لە سەرۆكی لیژنە بكرێت، ئەو بانگهێشتی ئەندامانی لیژنەكەی نەكردووە بۆ كۆبوونەوە. بەشبەحاڵی خۆم جارێك بە نووسراوی فەرمی داوام لە سەرۆكایەتی لیژنە كردووە، بە رەچاوكردنی ئەوەی دۆخی نەوت لە كوردستاندا پێویستی زۆری بە كۆبوونەوەی لیژنەكەمان هەیە، لەو روانگەیەوە داوای كۆبوونەوەم كردووە، دوای ئەوە یەك كۆبوونەوە كرا و ئیتر هیچ كۆبوونەوەیەكی تر نەكرایەوە. قسەم لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان كردووە كە بەرپرسی راستەوخۆیە لە سەرپەرشتیكردنی كاری لیژنەكانی پەرلەماندا و باسی ئەوەم كردووە ئەو لیژنەیە كاری خۆی ناكات و داوام كردووە رۆڵی خۆی ببینێت، هەروەها بە راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی لیژنە و جێگرەكەی دانیشتووم كە بۆچی كۆبوونەوە ناكەن، بەڵام هیچ ئەنجامێك نەبووە. ئەوە راستە كە یەكێك لە خراپترین لیژنەكانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا لیژنەی پیشەسازی و وزەیە، خراپییەكەش لەوكاتەوە دەست پێ دەكات كە كێشە سیاسییەكان دروست بوون، لەكاتێكدا پێش دروستبوونی كێشە سیاسییەكان لیژنەكە كارا بوو.
بۆچی لەگەڵ كێشە سیاسییەكاندا كاری لیژنەكە پەكی كەوت؟
هۆكارەكە ئەوەیە كە سەرۆكایەتی لیژنەكە بوونەتە لایەنێك لەو كێشە سیاسییانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
بەڵام سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەنجامنەدانی كۆبوونەوە پێوەندی بە تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی لیژنەوە هەیە، ئەوە راستە؟
پێشتر ئاماژەم بەوە كرد یەكجار سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی كۆبوونەوەی كردووە كە رێژەی یاسایی ئەندامان تەواو نەبووە، پێنج ئەندام ئامادە بووین، بەڵام دوای ئەوە لە ساڵی رابردووەوە هیچ بانگهێشتێك بۆ كۆبوونەوە نەكراوە. پێویست دەكات سەرۆكایەتی لیژنە، بانگهێشتی ئەندامان بكات بۆ كۆبوونەوە، ئەگەر رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، ئەوكات سەرۆك و بڕیاردەری لیژنە، دەتوانن كۆنووسێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بنووسن كە رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە تەواو نەبووە و بەو هۆیەوە كۆبوونەوە نەكراوە، بەڵام ئەوەیان نەكردووە، ئەندامان بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكراون تا بزانین رێژەی یاسایی تەواو دەبێت یان نا.
لەو ماوەیەدا كە كۆبوونەوە نەكراوە، ئەگەر كۆبوونەوە بكرابایە، ئەنجامەكەی چ دەبوو؟
لیژنەكەی ئێمە پێوەندی راستەوخۆی بە دۆسیەی نەوت و گازەوە هەیە كە زۆرترین كێشەی لەسەر هەیە، كەواتە بەگشتی پێویست دەكات زۆرترین كۆبوونەوە و چالاكیمان لەو رووەوە هەبێت. ئەگەر لەو ماوەیەدا كۆبوونەوە بكرابایە، بەدڵنیایییەوە دەتوانرا كاریگەریی و متمانەیەكی زیاتر لە ئاستی راگەیاندن و رای گشتی دروست بكرێت، هەروەك رەنگە بتوانرابایە فشار لەسەر هەندێك شت دابنرێت.
لیژنەی پیشەسازی و وزە 11 ئەندامی هەیە، كۆبوونەوە ناكەن، بەڵام بەردەوام زۆرینەی ئەندامەكانی لە شاشەی تیڤییەكان دەبینرێن، ئەگەر قسەیەكتان هەیە و دەتوانن شتێك بكەن،بۆ كۆبوونەوە ناكەن؟
دەركەوتنی ئەندامانی لیژنەكە لە میدیاكاندا ئاماژەیە بەوەی كە ئەوان چاودێری دۆسیەكە دەكەن و گرنگی پێ دەدەن و بایەخێكیان بۆ دۆسیەكە هەیە، هەروەك بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوە ناكرێت، بە ناچاری دەبێت لە شاشەی تیڤییەكانەوە پەیامی خۆت بگەیەنیت، كە لە راستیدا ئەوە كاری پەرلەمانی نییە، كاری راستەقینەی پەرلەمان لەناو لیژنەكاندا دەكرێت نەك لەسەر شاشەی تیڤییەكاندا، بەڵام لە حالەتێكدا ئەگەر سەرۆكایەتی لیژنەكە بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكات، بۆ نمونە من ناچارم وەك ئەندامێكی لیژنەكە، پەنا بۆ میدیاكان ببەم و لەو رێگەیەوە هەڵوێستی خۆم روون بكەمەوە، لەكاتێكدا كە بەشێوەیەكی ئاسایی پەرلەمانتاران دەتوانن لە ناو لیژنەكاندا كارەكانی پەرلەمانی رایی بكەن.
ئایا هۆكاری ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و وزە تەنیا سیاسییە؟
نەخێر، بەڵكو جۆرێك لە حەساسیەت لە نێوان سەرۆكی لیژنە و وەزیری سامانە سروشتییەكاندا دروست بووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بە هەناسەیەكی كورتەوە مامەڵە دەكات و بەرگەی ئەوە ناگرێت رەخنەی لێ بگیرێت، هاوكات لیژنەی پیشەسازی و وزە لە سەرەتای كارەكانیدا، فشاری زۆری لەسەر ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز دروست كردبوو، ئەوە وای كرد لە سەرەتادا ئەوان بەدەنگ لیژنەكەوە بێن، بەڵام دواتر وای لێهات كە بانگهێشتیشمان بۆ وەزیری سامانە سروشتییەكان دەنارد، وەڵامی نەدەدایەوە، رەنگە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە پشتگیری كرابێت، ئەگەرنا ئەو ناتوانێت بایەخ بە بانگهێشتی پەرلەمان نەدات، كاتێكیش كێشە سیاسییەكان زەق بوونەوە، دابڕانێكی تەواو لە نێوان ئێمە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا دروست بوو.
دابڕانەكە وەك لیژنە روویدا یان ئەندامان بەگشتی؟
دابڕانێك لە كاری ئۆرگانی لە نێوان لیژنە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا روویدا، بە پێچەوانەوە وەك ئەندامانی لیژنەكە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێوەندی هەیە، من وەك خۆم پێوەندیم لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ماوە بۆ بەدواداچوونی هەندێك لە دۆسیەكان، مەرج نییە ئەو پێوەندییە لەگەڵ وەزیر بێت، بەڵام لەگەڵ جێگری وەزیر و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان پێوەندی باشمان هەیە.