شکۆفە بە یەک سیمکارت زیاد لە 100 کوڕی خەڵەتاندووە

:: PM:05:16:20/07/2017 ‌

کچێکی تەمەن 25ساڵ لە دەڤەری ڕاپەڕین، لەڕێگەی سیمکارتێکێکی بێخاوەن"علوج"ەوە لەگەڵ زیاتر لە 100کوڕدا قسە دەکات وکارتی مۆ بایل و پارەیان لێ وەردەگرێت، لەگەڵ هەریەک لە کوڕەکانیشدا بەناوێکی جیاواز قسەدەکات، وەک خۆی باسی دەکات، بژێوی ژیانی بۆ ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەم کارەیە، بەڵام ئێستا لەڕێگەی یەکێک لە کوڕەکانەوە ناونیشانی زانراوە و هەڕەشەی لێدەکرێت.

شکۆفە ئەو کچەیە کە ماوەی دووساڵە لەڕێگەی سیمکارتی ساختە و هەرجارە بە ناو و دانیشتوی شوێنێکی جیاوازەوە قسە لەگەڵ کوڕاندا دەکات و پارە و کارتی مۆبایلی و کەلوپەلی گران و بە بەهایان پێ دەکڕێت. ئەو کە ئێستا ژیانی لە ژێر هەڕەشەدایە بەهۆیی یەکێک لەو کوڕانەی قسەی لەگەڵدا کردوە و وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، نزیکەی 10 هەزار دۆلاری بە کارت و مۆبالکڕین و پارە بۆ ناردن لێوەر گرتووە، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە لەو کارە و دەڵێت خویەکە و ناتوانێت تەرکی بدات.

شکۆفە باسی چۆنیەتی دەستپێکردن بەم کارە بۆ 'وشە' دەکات و دەڵێ، کاتێک پەیمانگام تەواو کرد ساڵێک بەدوای کاردا گەڕام و دەستم نەکەوت، لەگەڵ کوڕێکدا پێوەندیم هەبووئەویش خیانەتی لێکردم و لەگەڵ نزیکترین هاوڕێمدا هاوسەرگیرییان کرد، بۆیە منیش بڕیارمدا بەشێوەیەکی زۆرخراپ مامەڵە لەگەڵ کوڕدا بکەم، بیرۆکەی کڕینی سیمکارتی بێ خاوەنم بۆهات، ئیدی دەستم بە پێوەندیکردن کرد.

شکۆفە بەدزی ماڵەوەیان ئەو کارە دەکات، هەرچەندە سەرەتا گومانی ئەوەی لێ دەکرێت پێوەندی لەگەڵ کەسێکدا هەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەتا خۆی کارتی کڕیوە، تەنانەت ملوانکەی ئاڵتونی بۆ کارتی مۆبایلەکەی فرۆشتوە، بەڵام دواتر لەگەڵ ژمارەیەک کوری زیاتردا قسەی کردوە و ئیدی لەبەرامبەر هەندێک جۆری قسەدا کارتی زۆریشی وەرگرتووە.

دوای ئەوەی شکۆفە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کوڕدا قسەدەکات،ئیدی بیر لەوەدەکاتەوە تۆڵە لە هاوڕێکەی و خۆشەویستەکەیشی بکاتەوە، تاوەکو ناخۆشی نەخاتە نێوانیان وازیان لی نەهێنێت و ئاوا باسی تۆڵە سەندنەوەکەی دەکات، ئەوەندە قسەم لەگەڵ کورڕدا کردبوو، زۆر بە باشی فێری ئەوە بووم دەنگی خۆم بگۆڕم و هەمیش ئەو قسانە بکەم کە پیاوان زۆریان حەز لێیە، بۆیە بە ئاسانی توانیم بیخەڵەتێنم بێ ئەوەی بمناسێتەوە.

زیاتر دەڵێ، ماوەی چەند مانگێک قسەم لەگەڵیدا کرد و ناچارم دەکرد شەوان قسە لەگەڵ مندا بکات و پێم دەگوت من خۆشتر دەتوانم لە ژنەکەت ئاسودەت بکەم، ئەویش زۆر بە ئاسانی ڕازی دەبوو، بەردەوام بووم تا ئەوکاتەی ژنەکەی پێی زانی و ناخۆشی کەوتە نێوانیان و ژنەکەی تۆرا، ئیدی ئەو سیمکارتەم شکاند و سیمکارتێکی دیکەم بەکار هێنا.

شکۆفە جەخت لەوە دەکاتەوە لەگەل هیچ کوڕێکدا قسەی نەکردووە کە سودێکی گەورەی ماددی لێ نەدیبێت، ئەو دەڵێ خەڵەتاندنی پیاوان لە زۆر کاری دیکە ئاسانترە، چونکە بەچەند قەسەیەک زۆر بە ئاسانی دەخەڵەتێن، بەتایبەت کوڕی دەوڵەمەندەکان، یاخود پیاوە ناسراوەکان جا هەرپێگەیەکی هەبێت لە کۆمەڵگە بە ئاسانترین شێوە لە لایەن کچێکەوە دەخەڵەتێنرێت، تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆن و قسەکردنیشەوە داوای شتی وەها دەکەن کە هیچکەس پێشبینیان ناکات.

ئەو کچە نازانێت ژمارەی ئەو پیاوانەی تا ئێستە قسەی لەگەڵدا کردوون چەندە، دەڵێ هێندە زۆرن خۆشی ناوی هەموویانی بۆ لەبەر نەکراوە، هەر بۆیە لە مۆبایلەکیدا ناوی کوڕەکە و نازناوی خۆشی کە لەلای ئەو کوڕە چییە بەیەکەوە نووسیوە بۆ ئەوەی لێی تێکەڵ نەبێت.

شکۆفە،جگە لە کارتی مۆبایل، پارەشی لەو کەسانە وەرگرتووە، ئاماژە بەوە دەدا، چەند جار پارە و ئاڵتون و مۆبایل و تەنانەت جلیشی لە و کەسانە وەرگرتووە بێ ئەوەی بیبینن، چونکە هەمیشە ناونیشانی هەڵەی پێداوە و کەسێکی ناردوە شتەکانی بۆ بهێنێت دواتریش سیمکارتەکەی شکاندووە و سیمکارتێکی دیکەی بەکار هێناوە.

چەند مانگێکە یەکێک لەو کوڕانەی شکۆفە قسەی لەگەل کردووە و بڕێکی زۆریش پارەی لێ وەرگرتووە، ناونیشان و ناوی ڕاستەقینەی شکۆفەی زانیوە و ئێستا هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکات کە لەلای خێزانەکەی ئاشکرای دەکات و ئابڕووی خۆی وخێزانەکەشی دەبات، شکۆفەش ترسی زۆری لە ئاشکرابوونی هەیە لە لای ماڵەوەیان ، بەڵام وەک خۆی باس دەکات، ناتوانێ واز لەو کارە بهێنێت و ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک هەڵخەڵەتاندنی پیاوان هێندە ئاسان بێت و تەنیا لە ڕێگەی تەلەفۆن کردنەوە ئەو پارە زۆرەی دەست بکەوێت ئیتر بۆ دەستبەرداری بێت.

شکۆفە، باوکی لە ژیاندا نەماوە و نایشارێتەوە کە دایکی ئاگاداری ئەو کارەیە کە دەیکات و دەڵێ، کاتێک پارەی زۆری دەست کەوت، ئیدی ناچار بوو بە دایکی بڵێت، ئێستا خاوەنی ئۆتۆمۆبێلە و دەڵێ هەرکارێکی دیکەی بکردایە نەیدەتوانی بەو ئاسانییە پارەیەکی ئەوتۆی دەست بکەوێت، شکۆفە ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەو کارەی کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر دروست کردووە، چونکە هەم هیچ بڕوای بە ئافرەتبوونی خۆی نەماوە و لەگەڵ هەمواندا وەک یەک قسە دەکات، هەمیش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پیاوان زوو دەخەڵەتێن و جێگەی بڕوا نین.


هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان


وشە - هیدایه‌ت جان