لە رۆژی لەدایكبوونیدا.. ماڕادۆنا بۆ یەكەمجار چەند وێنەیەك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:40:31/10/2016 ‌

دییگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و جیهان دوێنێ شەموو یادی 56 ساڵەی لەدایكبوونی كردەوە و بۆ یەكەمجاریش چەند وێنەیەكی دەگمەنی منداڵی و لاوێتی بڵاو كردەوە.

ماڕادۆنا لە 30 ئۆكتۆبەری 1960 لە ماڵباتێكی هەژاری شاری بۆینس ئایرسی پایەتەختی ئەرجەنتین لەدایك بووە، ئەو كوڕە گەورەی دایك و باوكی بوو دوای 3 كچ، دوای ئەویش دوو برای تری لەدایك بوون بەناوەكانی هۆگۆ و رائوول.

ماڕادۆنا بۆ یەكەمجار لە تیپی منداڵانی ئەسترێلا رۆخا دەستی بە یاریكردن كردبوو، دواتر بەرپرسانی یانەی ئەرجەنتینۆس جۆنیۆرز هەستیان بە بەهرەكەی كردبوو و بردبوویانە تیپەكەیانەوە.

یەكەم یاریی فەرمی لەگەڵ یانەی ئەرجەنتینۆس لە 20ی ئۆكتۆبەری 1976 بوو كە تەنیا 10 رۆژ مابوو ئاهەنگی 16 ساڵەی لەدایكبوونی بگێڕێ، ئەو كات ژمارەی درێسەكەی 16 بوو، لە یەكەم یارییدا ماڕادۆنا گوتبووی "ئەمڕۆ هەست دەكەم ئاسمانم بەدەستەكانم گرتووە".

ئەوەی ماڕادۆنای تێكشكاند ئاڵودەبوونی بە مادەی هۆشبەرەوە بوو كە وای كرد بەو هۆیەوە لە مۆندیالی 1994 دوور بخرێتەوە، ماڕادۆنا ئەو كات دانی بەوەدانابوو كە دەرمانی ئیڤیدرینی خواردووە بە مەبەستی دابەزینی كێشی، بەڵام نەیزانیوە ئەو دەرمانە قەدەغەكراوە.

ماڕادۆنا لە ئاهەنگی رۆژی لەدایكبوونیدا چەند وێنەیەكی بڵاو كردەوە كە بۆ یەكەمجار بوو هەودارانی بیبینن.





























وشە - ئامانج ئه‌كره‌م