جەبار بێستانسووری: چەندان مارم بە تیشكی چاو كوشتووە

:: PM:02:27:21/07/2017 ‌

جەبار قادر تەمەن 45 ساڵ، دانیشتووی گوندی بێستانسوورە لە دەڤەری شارەزوور. بە گوتەی خۆی و شایەتحاڵەكانی بەهۆی تیشكی چاوەكانی و ئەو هێزەی هەیەتی، دەتوانێت مار بكوژێت و ئۆتۆمبێل بە ددان ڕابكێشێت و چارەسەری نەخۆشییەكانی شەكرە و بڕبڕە و بەردی گورچیلە بكات. ئەو لە دیدارێكی "وشە"دا باس لە تواناكانی خۆی دەكات.


چۆن ئاشنای ئەم كارە بوویت و هەستت كرد ئەم جۆرە بەهرانەت تێدایە؟
هەر لە تەمەنی 12ساڵییەوە لە خەودا ڕێنوێنیی كراوم و خەوم بە پێغەمبەری ئیسلامەوە بینی كە من خەڵك بە قورئان چارەسەر بكەم، هەروەها تیشكی چاوم بە هێز بوو و ئیتر لەو كاتەوە دەستم داوەتە ئەم كارە و بە هەزاران نەخۆشم بە یارمەتی خوا چارەسەر كردووە، چونكە یارمەتی خوا نەبێت من ناتوانم هیچ كارێك بكەم.

دەڵێن بە تیشكی چاو مارت كوشتووە؟
من ماری زۆرم بە تیشكی چاو كوشتووە بە تایبەت ڕەشمار و بۆرەمار و، لەوە دەچێت سەدان مارم بە بەرچاوی خەڵكەوە كوشتبێت و هەزاران شاهیدم هەیە و بۆ ناوبانگیش كار ناكەم.

ئەو نەخۆشییانە كامانەن كە تۆ چارەسەریان دەكەیت؟
سوپاسی خوا دەكەم خەڵكێكی زۆر بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و بڕەبڕە و بەردی گورچیلە سەردانیان كردووم، بە یارمەتی خوا و قورئانەكەی و پاشان تیشكی چاوەكەم، توانیومە چارەسەریان بكەم و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك خۆی ئیمانی لاوازە، گاڵتەی یەم شتانە دێت كە قورئان شیفای تێدایە.

هەوڵت نەداوە بەهۆی ئەو هێز و توانایەی لە جەستە و دەستدا هەیە بەشداری پاڵەوانێتی  زۆربازی بكەیت؟
زۆر كەس و لایەن پێیان گوتووم، بەڵام من حەزم لە خۆ دەرخستن نییە و وێنەكانم بەڵگەن چەندان ئۆتۆمبێلم بە ددان راِكیشاوە و 80 كیلۆم بە ددانم بەرز كردووەتەوە. زۆرجار خەڵك دێنە سەردانم دەڵێن دەفتەرێك دۆلارم سەرف كردووە بۆ نەخۆشییەكەم سوودی نەبووە، ئێمە بە قورئان و ڕەشكە و زەیتوون و نان و شتی تر، ئاهێكی بە بەردا دەكەین و خوای گەورە یارمەتی من و ئەو كەسەش دەدات.

وشە/ سلێمانی- ڕێباز حەسەن





وشە - تایبه‌ت