ده‌رمانى چه‌ندان نه‌خۆشى درم و درێژخایه‌ن له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كانى كوردستان نامێنێت، له ناویاندا ده‌رمانى به‌ره‌نگارى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه كه چه‌ندان جۆرى هه‌یه و ده‌بێت مانگانه نه‌خۆش به‌كاری بێنێ، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى بۆ هاووڵاتییان دروست كردووه، به‌ڵام گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "ده‌رمانه‌كه‌یان كڕیوه"، به‌ڵام كارى پشكنینى له كوالێتى كۆنترۆڵ ته‌واو نه‌بووه.
مه‌ریوان عه‌لى له نۆره‌ى وه‌رگرتنى ده‌رمانى به‌ره‌نگارى شێرپه‌نجه له نه‌خۆشخانه‌ى رزگارى له شارى هه‌ولێر وه‌ستاوه و به نیگه‌رانییه‌وه به "وشه" ده‌ڵێ، "دوو هه‌فته‌یه سه‌ردانى نه‌خۆشخانه ده‌كه‌ین و ده‌رمانه‌كه‌مان پێ ناده‌ن، له كاتێكدا ته‌ندروستیى دایكم به‌هۆى به‌كارنه‌هێنانى ده‌رمانه‌وه تێك چووه".
ئه‌وانه‌ى هاوشێوه‌ى دایكى مه‌ریوان نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌یان هه‌یه، ده‌رمانى مانگانه‌یان له رێى كارتێكى تایبه‌ته‌وه له نه‌خۆشخانه‌ى حكوومیدا وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئێسته ده‌رمانه‌كه ده‌ست ناكه‌وێت.
مه‌ریوان ده‌ڵێ، "چه‌ند مانگێك پێش ئێسته به‌هۆى نه‌مانى ده‌رمانه‌وه، ناچار بووین حه‌بى (ئهپسترالأ) له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ده‌سته‌ى به 300 هه‌زار دینار بكڕین".
له به‌رامبه‌ردا د. خاڵس قادر گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به"وشه"ى راگه‌یاند، "ئه‌و بڕه ده‌رمانه‌ى كه له به‌غداوه ده‌گاته كوردستان كه ڕێژه‌كه‌ى 45%ـه به‌شێكى كه‌م له خزمه‌تگوزارى و پێداویستییه‌كانى ته‌ندروستى بۆ سه‌نته‌ر و بنكه و نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كانى كوردستانى پێ دابین ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى ده‌رمانى هه‌ندێ نه‌خۆشى درم و درێژخایه‌ن هه‌یه زۆر كه‌م به ده‌ستمان ده‌گات و ناچارین بیكڕین، به‌ڵام هه‌ندێ جۆرى ده‌رمان هه‌یه به كڕینیش ده‌ستمان ناكه‌وێت".
ئه‌و ده‌ڵێ، "ڕاسته ده‌رمانى به‌ره‌نگارى شێرپه‌نجه له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كاندا كه‌م بووه، به‌ڵام ئێسته وه‌زاره‌ت له كۆمپانیاى تایبه‌ت به هاورده‌ى ده‌رمان له‌سه‌ر داهاتى سندووقى كۆمه‌كى شێرپه‌نجه كڕیویه‌تى و ده‌رمانه‌كه دابین كراوه، هۆى كه‌مى جۆرى ده‌رمانه‌كان ئه‌وه‌یه ئێسته له كۆنتڕۆڵى كوالێتى ده‌رمان پشكنینى بۆ ده‌كرێت و هێشتا پشكنینه‌كه ته‌واو نه‌بووه و پاش پشكنین به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت".
"هه‌وڵمان داوه ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى پێویستیان به ده‌رمانى به‌ره‌نگارى شێرپه‌نجه هه‌یه، بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانانه بگوازینه‌وه كه ده‌رمانه‌كه‌یان ماوه، ئه‌گه‌ر ده‌رمانه‌كه له نه‌خۆشخانه‌ى رزگارى نه‌مێنێت، نه‌خۆشه‌كه ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى نانه‌كه‌لى ده‌كرێت، چونكه له‌وێ كه‌مێك له‌و ده‌رمانه ماوه"، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى واى گوت.
د. عه‌لى هادى به‌رپرسى به‌شى شێرپه‌نجه له نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى له هه‌ولێر، ئاماده نه‌بوو هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه به "وشه" بدات، به پاساوى ئه‌وه‌ى "بابه‌ته‌كه پێوه‌ندى به وه‌زاره‌ته‌وه هه‌یه".
به‌گوێره‌ى ئامارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، زیاتر له پێنج هه‌زار نه‌خۆش له‌ڕێگه‌ى كارتى ته‌ندروستییه‌وه ده‌رمانى نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كاندا وه‌رده‌گرن، جگه له دوو هه‌زار نه‌خۆشى تر كه خه‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستانن، به‌ڵام له ناوخۆى كوردستاندا نیشته‌جێن.
لاى خۆیه‌وه د. گۆران ڕۆژبه‌یانى به‌ڕێوه‌به‌رى كوالیتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێم، بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، "كه‌مى و زۆریى ده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كاندا پێوه‌ندى به ئێمه‌وه نییه، به‌ڵكو كارى سه‌ره‌كیى ئێمه پشكنینى كوالێتى ده‌رمانه له ڕێى لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ و تایبه‌تمه‌نده‌وه پێش ئه‌وه‌ى دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه گشتى و تایبه‌ته‌كاندا".
"ئێمه پشكنین بۆ هه‌موو جۆره ده‌رمانێك ده‌كه‌ین كه وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به نووسراوى فه‌رمى ئاگادارمان بكاته‌وه كاتێك له كۆمپانیاكان ده‌یكڕن یان ئه‌و بڕه ده‌رمانه‌ى له به‌غداوه دێت، جارێكى تر تێستى بۆ ده‌كه‌ینه‌وه ئینجا بۆ نه‌خۆشخانه‌كانى ده‌نێرن"، رۆژبه‌یانى واى گوت.
د. ئارى محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى ڕۆشنبیریى ته‌ندروستى له فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستیى هه‌ولێر، بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه كو ئاگادارى دۆخى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه دا "هه‌ندێك جۆرى ده‌رمانى تایبه‌تمه‌ند به به‌ره‌نگارى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه، زۆر گرانه و یه‌ك پاكه‌تى به سێ تا چوار هه‌زار دۆلاره و ئه‌وه‌ش له تواناى نه‌خۆشدا نییه بیكڕێت".
ئه‌و پسپۆڕه به پێویستى ده‌زانێت، "له كاتى دره‌نگ ده‌ستكه‌وتنى ئه‌و ده‌رمانه، نه‌خۆش ئاگادارى سیسته‌مى خۆراكى خۆى بێت به‌تایبه‌تى له خۆراكه له قوتوونراوه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه كه ماده‌ى حافیزهى تێدایه و هێزى به‌رگرى له‌ش لاواز ده‌كات، نابێت نه‌خۆش له‌و ماوه‌یه‌دا خۆى ماندوو بكات".
"نابێت نه‌خۆش به‌بێ ڕێنوێنیى پزیشكى تایبه‌تمه‌ند په‌نا بۆ خواردنى هیچ جۆره حه‌ب و ده‌رمانێكى تر ببات، چونكه شێرپه‌نجه نه‌خۆشییه‌كى مه‌ترسیداره و زیانى زۆر به نه‌خۆش ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر به هه‌ڕه‌مه‌كى ده‌رمان به‌كار بێنێت"، د. ئارى محه‌مه‌د واى گوت.
وشه/ هه‌ولێر- هێمن ڕه‌فیق