ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ له سلێمانی دوای ئه‌وه‌ی چوار جار هاوسه‌رگیری ده‌كات و پێنج منداڵی ده‌بێت له هاوسه‌ره‌كانی، ئێسته سێ كچی حاشای لێ ده‌كه‌ن، دووان له كچه‌كانیشی هه‌ریه‌ك له‌لایه‌ك ده‌ژین، یه‌كێك له منداڵه‌كانیشی نازانێت باوكی كێیه، ئێسته خۆیشی به‌هۆی بردنی پاره و زێڕ له دوایین هاوسه‌ری، له گرتووخانه‌یه.
ئه‌و ده‌یه‌وێ به "شه‌وبۆ" ناوی بهێنرێت، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه به‌هۆی خه‌ڵه‌تاندنی هاوسه‌ری چواره‌می، له گرتووخانه‌یه. دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیره پیاوێكی ته‌مه‌ن ٨٠ ساڵ ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌كانی، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌گیرێت و راده‌ستی دادگا ده‌كرێت.
شه‌وبۆ چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشه" ده‌گێڕێته‌وه، "ته‌مه‌نم ١٩ ساڵ بوو هاوسه‌رگیرم له‌گه‌ڵ پیاوێكدا كرد، وه‌ك ژن و مێردی ئاسایی خۆشی و ناخۆشی له نێوانماندا هه‌بوو، سێ منداڵمان هه‌بوو ئه‌وكاته‌ی به‌هۆی كاركردنه‌وه كێشه كه‌وته نێوان براكانم و مێرده‌كه‌م، براكانم منیان برده‌وه ماڵه‌وه و ماوه‌ی مانگێك به‌ندیان كردم و ناچاریان كردم له مێرده‌كه‌م جیا ببمه‌وه، دوای جیابوونه‌وه‌م هه‌موو ڕۆژ لێیان ده‌دام و به‌جۆرێك ئازاریان ده‌دام تا منداڵه‌كانم نهگهڕێنمهوه، دواجار من له هه‌رسێ كچه‌كه‌م بێبه‌ری بووم".
شه‌وبۆ به یارمه‌تی دایكی له ماڵ ڕا ده‌كات و ده‌چێته شه‌ڵته‌ری ژنان، له‌وێ ماوه‌ی دوو مانگ ده‌مێنێته‌وه، دواتر هه‌موو ماڵه‌وه‌یان بانگ ده‌كرێن بۆ شه‌ڵته‌ر و به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕ ده‌كرێته‌وه كه چیتر پێوه‌ندییان به‌و كچه‌وه نامێنێت و ئه‌ویش حاشا له هه‌موو خزم و كه‌سه‌كانی ده‌كات.
سابیر، هاوسه‌ری دووه‌می شه‌وبۆ، دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڵته‌ر ده‌رده‌چێت، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا ده‌كات، به‌ڵام دوای چه‌ند مانگێك له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه.
"كاتێك له شه‌ڵته‌ر هاتمه ده‌ره‌وه هیچ كه‌سم نه‌بوو، سابیرم ناسی و لای مه‌لا هاوسه‌رگیریمان كرد، چه‌ند مانگێك به‌یه‌كه‌وه بووین و سابیر جێی هێشتم، ئه‌وكاته‌ی سابیر جێی هێشتم دووگیان بووم، به‌ڵام دڵنیا نیم كه منداڵه‌كه‌م له سابیره یان عه‌لی هاوسه‌ری پێشووم، كاتێك منداڵم بوو هیچ شتێكم نه‌بوو و ١٦ سه‌عات هیچم نه‌خواردبوو، دوای لهدایكبوونهكهشی سێ شه‌و و ڕۆژ هیچم نه‌خوارد و ترسم هه‌بوو منداڵه‌كه‌م له برسان بمرێت"، شه‌وبۆ وای گوت.
وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، به‌هۆی برسێتی و نه‌توانینی به‌خێوكردنی منداڵه‌كه‌ی، به ناچاری بڕیار ده‌دات منداڵه‌كه‌ی له شوێنێكی قه‌ره‌باڵغ فڕێ بدات.
"كچه سێ رۆژییهكهم برده لای مزگه‌وتی سه‌یوان له سلێمانی، هه‌ر خۆم پێوه‌ندیم به ژماره 104ی پۆلیسه‌وه كرد، له دووره‌وه چاودێری منداڵه‌كه‌م ده‌كرد، تا هاتن و بردیان"، شه‌وبۆ وای گوت.
دۆزینه‌وه و هه‌ڵگرتنی منداڵێكی تازه له‌دایكبوو له به‌رده‌م مزگه‌وتی سه‌یوان له سلێمانی، له‌كاتی خۆیدا له چه‌ندان كه‌ناڵی میدیایی بڵاو كرایه‌وه. شه‌وبۆ ده‌ڵێ، "تا هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی منداڵه‌كه له دووره‌وه چاودێریم ده‌كرد، قاژه‌ی جه‌رگم ده‌هات، به‌ڵام چاره‌ی ترم نه‌بوو".
"به‌ختیار" هاوسه‌ری سێیه‌می شه‌وبۆ، ئه‌وكاته‌ی شه‌وبۆ شه‌وان له كافتریایه‌ك كار ده‌كات یه‌كتر ده‌ناسن و هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن. به‌گوته‌ی شه‌وبۆ "ماوه‌ی دوو ساڵ له‌گه‌ڵ به‌ختیار ژیام و كچێكم بوو، زۆر هه‌وڵم دا كچه‌كه‌ی ترم له خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان بێنمه‌وه، به‌ڵام نه‌متوانی، چونكه به‌ختیار گوتی تووشی دادگا و گرتن ده‌بین، به‌تایبه‌ت نه‌مده‌زانی كچی كام له مێردهكانمه، دواتر كێشه دروست بوو به‌ختیاریش جێی هێشتم و له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م دووباره به ته‌نیا مامه‌وه، منیش توانای به‌خێوكردنی كچه‌كه‌مم نه‌ما، له یانه‌یه‌كی شه‌وان له سه‌عات چواری ئێواره تا دووی شه‌و كارم ده‌كرد، كچه‌كه‌م برده لای خێزانێك تا به‌خێوی بكه‌ن و مانگانه پاره‌ی خه‌رجی منداڵه‌كه‌م پێ ده‌دان".
"حاجی عه‌باس" هاوسه‌ری چواره‌می شه‌وبۆ، ته‌مه‌نی ٨٠ ساڵه و زۆر له شه‌وبۆ گه‌وره‌تره، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌داره، شه‌وبۆ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌كات.
"حاجی عه‌باسم له‌ڕێی هاوڕێیه‌كی كوڕمه‌وه ناسی و به‌یه‌كه‌وه پلانمان دانا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكه‌م و پاره‌كانی ببه‌م و پێكه‌وه له‌گه‌ل ئه‌و كوڕه ڕا بكه‌ین، بووین به ژن و پیاو، ته‌نیا دوو شه‌و له‌گه‌ڵیدا مامه‌وه، دواتر ٢٥ مسقاڵ زێڕ و چوار ملیۆن دینارم برد و ڕام كرد، وامزانی پلانه‌كه‌م زۆر به‌باشی سه‌ری گرتووه، به‌ڵام وا نه‌بوو، من و كوڕه هاوڕێكه‌م ده‌مانویست بڕۆینه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كه‌چی گیراین، عه‌باس شكاتی لێ كردبووم. ئێسته بۆ ڕزگاربوونم ده‌بێت له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه ده‌سته‌به‌ری /كه‌فاله‌ت/ بكرێم و هه‌موو ئه‌و پاره و زێڕانه‌ی عه‌باس بده‌مه‌وه"، شه‌وبۆ وای گوت.
سێ كچه‌كه‌ی شه‌وبۆ كه گه‌وره‌ترینیان ته‌مه‌نی ١٣ ساڵه له یه‌كه‌م هاوسه‌رین، حاشایان له دایكیان كردووه. شه‌وبۆ خۆی ده‌ڵێت كه چه‌ندان جار هه‌وڵی داوه بیانبینێت، به‌ڵام كچه‌كانی نایانه‌وێت، ئێسته دووانیان له‌لای عه‌لین و یه‌كێكیشیان دایكی عه‌لی به‌خێوی ده‌كات، كچێكی كه ته‌مه‌نی سێ ساڵه له خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتانه، كچێكی تریشی له ماڵێك به‌خێو ده‌كرێت له هه‌ولێر، شه‌وبۆ خۆیشی له گرتووخانه‌یه و نازانێت چاره‌نووسی به‌كوێ ده‌گات.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان