دوای ئەوەی لە ڕۆژی 30ی حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو كەشتی نەوتهەڵگری نیڤرلاند كە نەوتی كوردستانی بار كردبوو و بەرەو كەنەدا بەڕێ كەوت، لە مانگە دەستكردەكان ون بوو و دواتر لە كەنەدا دادگا ڕەتی كردەوە نەوتەكەی لێ وەربگیرێ، بەڵام ئێستە گەڕاوەتەوە و لە دەریای ناوەڕاست و لە نزیك دوورگەی ماڵتا دەركەوتووەتەوە و پێشبینی دەكرێ مامەڵەی كەشتییەكەش سەركەوتوو بووبێ و نەوتی كوردستان كە لەسەر كەشتییەكە بوو، سەرجەمی فرۆشرابێت.
بەگوێرەی داتاكانی "تۆمسۆن ڕۆیتەرز" كە بە وردی چاودێری كەشتییەكەی كردووە، دوێنێ هەینی كەشتی نەوتگوێزەرەوەی نیڤرلاند لە كەناراوەكانی ماڵتا بینراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێ لە 30 حوزەیران/یۆنیۆوە كەشتییەكە لە ڕادار و مانگە دەستكردەكان ون بوو و كەس نەیدەزانی بەرەوی كوێ دەڕوات.
كۆمپانیای ڤیتۆل ئەو كەشتییەی بە كرێ گرت و نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی كوردستانی لە بەندەری جەیهانەوە كڕیوە و بەو كەشتییە بەرەو كەنەدای بەڕێ كردووە، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو كەشتییەكە لە كەناراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كەنەدا دەركەوت، بەڵام دادگای كەنەدا ڕێگری لە داگرتنی بارە نەوتەكە كرد.
دادگای فیدراڵی كەنەدا بڕیاری خۆپارێزی وڵاتەكەی بەرامبەر ئەو كەشتییە پڕ نەوتە دەركرد، ئەمەش لەسەر داوایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵام وا دەردەكەوێ ئەو بڕە زۆرەی نەوت كە لەسەر كەشتییەكە بوو نەماوە و فرۆشراوە، كەشتییەكە بە بەتاڵی بەرەو ئیتاڵیا دەگەڕێتەوە.