داعش بە 173 چەكدار هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات

:: AM:09:21:22/07/2017 ‌

پۆلیسی نێودەوڵەتی "ئینتەرپول" لیستی ناوی 173 تیرۆریستی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی ڕاگەیاند و دووپاتی لەوە كردەوە، كە ئەو كەسانە مەشق و ڕاهێنانیان پێ كراوە تا كردەی تیرۆریستی لە ئەوروپا ئەنجام بدەن، لە تۆڵەی ئەو شكستانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی هاتووە.

پۆلیسی "ئینتەرپول" بڵاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا  لە عێراق و سووریا دەستیان كەوتووە، ئەمانە یارمەتیدەرێكی باش بوو بۆ دیاریكردنی ناوی دەیان گومانبار و كەسی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە پلان دادەڕێژن كردە و هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام بدەن.

ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، وڵاتانی ئەوروپا لەو باوەڕەدان كە دوای شكستە زۆرەكانی داعش لە عێراق و سووریا، چەكداران و سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە وەك تۆڵەیەك پەنا بۆ كردەی تیرۆریستی لە وڵاتانی ئەوروپا دەبەن، هەرچەندە هیچ یەك لەو لیستە 173 كەسییە تا ئێستە دەرنەكەوتووە كە هاتوونەتە نێو یەكێتیی ئەوروپا و ناوچەی شینگن، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لێ نیشتووە و بەردەوامن لە بەرزكردنەوەی ئاستی ڕێوشوێنە تەناهییەكان.

لە 2014 دوای ئەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر ڕووبەڕێكی یەكجار فرەوانی خاكی عێراق و سووریا گرت، كردە توندوتیژی و تیرۆریستییەكانیش لە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت لە فڕەنسا و بەلجیكا و بەریتانیا ڕووی لە زیادبوون كردووە، ئەمەش وڵاتانی ئەوروپای خستووەتە مەترسییەكی گەورەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د